پەروەردە و پێگەیاندن
كاراكردنی په‌یوه‌ندی نێوان خێزان و قوتابخانه‌ پێداویستییه‌كی هه‌نووكه‌ییه‌ !!! ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

 

ئه‌مڕۆ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربوون له‌فه‌زایه‌كی كراوه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت ئه‌مه‌ ده‌خوازێت   په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی باش و كارا له‌نێوان خێزان  قوتابخانه‌دا درووست بكرێت، تا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربوون له‌ترازان بپارێزرێت وئامانجه‌كانی بپێكێت.

 په‌یوه‌ندی نێوان خێزان و قوتابخانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌واوكاری و پرۆسه‌یه‌كی گرنگ و پێویسته‌، قوتابی به‌شێوه‌یه‌كی درووست وهاوسه‌نگ گه‌شه‌ناكات و فێرنابێت ته‌نها له‌میانه‌ی ئه‌م هه‌ماهه‌مگی و ته‌واوكارییه‌وه‌ نه‌بێت.

 ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌ردوولادا نه‌بێت یان لاوازبێت ره‌نگه‌  ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌ بینای كردووه‌ خێزان بیڕوخێنێت، یان  ئه‌وه‌ی خێزان بینای په‌روه‌رده‌یی له‌سه‌ر كردووه‌ قوتابخانه‌ هه‌ڵی وه‌شێنێته‌وه‌، باجه‌كه‌شی قوتابی ده‌یدات. له‌بارودۆخێكی وادا قوتابی تووشی شڵه‌ژان و بێ متمانه‌یی ده‌بێت و هه‌ڵسووكه‌وته‌كانی دووفاقی و دژیه‌ك ده‌بێت، سه‌ره‌نجام  قوتابی متمانه‌ی به‌قوتابخانه‌و ماڵ له‌ده‌ست ده‌دات و روو له‌ده‌روازه‌كانی تر ده‌كات و وه‌ك هاوڕێكان و سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندن، له‌وانه‌وه‌ ئه‌زموون و ئاكاروهه‌ڵسووكه‌وته‌كانی وه‌رده‌گرێت ئه‌مه‌ش مایه‌ی نیگه‌رانی و مه‌ترسییه‌، چونكه‌ ئه‌م سه‌رچاوانه‌ له‌ژێر كۆنتڕۆڵدا نین و چاك و خراپ له‌خۆ ده‌گرن و قوتابی ‌توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ جیاكردنه‌وه‌ له‌نێوانیاندا بكات.

هه‌ركات په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان خێزان و قوتابخانه‌دا نه‌بێت، ئه‌وا كه‌مته‌رخه‌می له‌ئه‌ستۆی هه‌ردووكیاندایه‌، چونكه‌ ماڵ و قوتابخانه‌ پێكه‌وه‌ به‌رپرسیارێتی هاوبه‌ش له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربووندا هه‌ڵده‌گرن و كارلێك و كاریگه‌ری له‌نێوانیاندا راستی و واقیعێكی حاشا هه‌ڵنه‌گره‌، بێگومان پڕكردنه‌وه‌ی كه‌لێنه‌كان وبه‌دیهێنانی ته‌واوكاری له‌نێوان خێزان و قوتابخانه‌دا خواستێكی گرنگه‌ له‌سه‌ربایه‌خی ته‌واوكاری رۆڵی هه‌ریه‌كه‌یان له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌وه‌ فێربووندا.  

هه‌ندێك له‌پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده‌و فێربوون له‌ وڵاتی ژاپۆن جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌یه‌كێك له‌رۆڵه‌كانی مامۆستا بریتییه‌ له‌درووستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خێزانی قوتابییه‌كانیدا، ده‌كرێت ساڵانه‌ به‌لای كه‌مه‌وه‌ دووجار سه‌ردانی ماڵی ئه‌و قوتابییانه‌ بكات كه‌سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات بۆ درووستكردنی په‌یوه‌ندی و ئاگابوون له‌ژینگه‌ی خێزانی قوتابی،  ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باشه‌ بۆ مامامۆستا تا له‌كه‌سایه‌تی قوتابییه‌كانی تێبگات و توانای ئاراسته‌و رێنماییكردنیانی هه‌بێت و چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌لێنانه‌ بكات كه‌له‌ نێوان قوتابخانه‌و كه‌سووكاری قوتابیدا هه‌یه‌.

به‌ڵام مه‌خابن كه‌سه‌رنج ده‌ده‌ین به‌شداری دایكان و باوكان له‌چالاكییه‌كانی قوتابخانه‌و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ قوتابخانه‌دا لاوازه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان كاربكه‌ن له‌سه‌ر به‌هێزكردن و تۆكمه‌كردنی  رۆشنبیری ته‌واوكاری له‌نێوان قوتابخانه‌و ماڵداو بخرێته‌ نێو پلانی په‌روه‌رده‌ییه‌وه‌، به‌ هه‌مووهۆكاره‌كانی راگه‌یاندنیش ریكلامی پێویستی بۆ بكرێت.  

 

ئامانجه‌كانی هاوكاری نێوان ماڵ و قوتابخانه‌:

1- كاركردن له‌سه‌ر داڕشتنی سیسته‌مێكی په‌روه‌رده‌یی یه‌كگرتوو بۆمامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ خوێنكاراندا به‌شێوه‌یه‌ك دژیه‌كی روو نه‌دات له‌نێوان ئه‌وه‌ی قوتابخانه‌ ئه‌نجامی ده‌دات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ماڵه‌وه‌ پێی هه‌ڵده‌ستن.

2- هاوكاری له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌ی قوتابیان به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی كارده‌كاته‌ سه‌ر پێكهاته‌ی كه‌سایه‌تی قوتابی.

3- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ئه‌داو به‌دیهێنانی ده‌ستكه‌وتی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌یی.

4- ئه‌نجامدانی راوێژو گۆڕینه‌وه‌ی بیروڕا له‌هه‌ندێ كارووباری په‌روه‌رده و فێربووندا كه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستی فێربوونی قوتابی.

5- به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هوشیاری په‌روه‌رده‌یی لای خێزان و یارمه‌تیدانی له‌سه‌ر تێگه‌یشتنی لایه‌نی ده‌روونی قوتابی و خواسته‌كانی گه‌شه‌كردنی.

6- پاراستنی قوتابییان له‌لادان له‌رێگای په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام له‌نێوان ماڵ و قوتابیدا.

 

هۆكاره‌كانی كه‌مته‌رخه‌می خێزانه‌كان له‌بینینی رۆڵی په‌روه‌رده‌ییدا؟

 

به‌شێك له‌خێزانه‌كان كه‌مته‌رخه‌من له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردنی منداڵه‌كانیاندا هۆكاره‌كانی ئه‌م كه‌مته‌رخه‌مییه‌ش زۆرن لێره‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێكیان ده‌ده‌ین:

1- نزمی ئاستی زانستی هه‌ندێك له‌خێزانه‌كان و لاوازی ئاستی هوشیاری په‌روه‌رده‌یی و بێ ئاگابوون له‌ رۆڵی راسته‌قینه‌ی خێزان له‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێركردندا.

2- كێشه‌ ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه‌كانی خێزان، وا ده‌كات خێزان شه‌كه‌ت و شێواو بێت و نه‌توانێت رۆڵی باش له‌په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیدا ببینێت.

3- سه‌رقاڵی دایك و باوك به‌هۆی وه‌زیفه‌و ئیش و كاره‌وه‌ ناتوانن چاودێری منداڵه‌كانیان بكه‌ن له‌ماڵ و قوتابخانه‌دا.

4- رۆڵی نه‌رێنی و خراپی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وپێگه‌و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

5- هه‌ندێك له‌خانه‌واده‌كان به‌رپرسیارێتی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كانیان ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی قوتابخانه‌.

6-  هه‌ندێك له‌خێزانه‌كان ده‌سه‌ڵاتی كۆنتڕۆلكردنی كۆمه‌ڵایه‌تییان لاوازه‌، ناتوانن ئاراسته‌ی درووستی منداڵه‌كانیان بكه‌ن.

7- هه‌ندێك له‌دایكان و باوكان واده‌زانن منداڵه‌كانیان نارده‌ قوتابخانه‌و پێداویستیه‌ مادییه‌كانی خوێندنیان بۆ دابین كردن ئیتر ئه‌ركی ئه‌وان ته‌واو بووه‌.

 

8- بڕوایان وایه‌ قوتابخانه‌ ناتونێت په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ خێزانه‌كاندا درووست بكات و كۆبوونه‌وه‌كان رۆتینی و كات كوشتنه‌.

9- لاوازی ئاستی زانستی و رۆشنبیری هه‌ندێك له‌دایكان و باوكان و كه‌ده‌بێته‌ هۆی لاوازی هوشیاری په‌روه‌رده‌ییان.

 

 

كۆبوونه‌وه‌ی دایكان و باوكان:

 

ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ ئه‌گه‌ر به‌پلان و به‌رنامه‌ رێژی درووست و به‌شێوه‌ی وه‌رزی ئه‌نجام بدرێت كارێكی پیرۆزو خوازراوه‌ و خزمه‌ت به‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌و فێربوون ده‌كات.

به‌ڵام مه‌خابن هه‌ندێكجار قوتابخانه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی یاسایی سه‌رشانی له‌كۆڵ خۆی ده‌كاته‌وه‌و به‌شێوه‌یه‌كی رۆتینی ئه‌نجامی ده‌دات بێ ئاماده‌سازی ته‌واو. ئه‌مه‌و هه‌ندێكجار به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنیش له‌لایه‌ن دایكان و باوكان و خانه‌واده‌ی قوتابییانه‌وه‌ نه‌رێنییه‌ و له‌ئاستی خواست و داواكاریدا نییه‌ ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئاستی هوشیاری و به‌كه‌م زانینی ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه یان خۆدزینه‌وه‌ له‌كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك و هاوكاری بۆ پرۆژه‌و پێداویستییه‌كانی قوتابخانه.

‌‌

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو كه‌لێن و كه‌موكورتییه‌كان ئه‌گه‌ر وردبینه‌وه‌ له‌ئامانجه‌كانی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌ ده‌بینین گفتوگۆو بیروڕای باشی تێدا تاوتوێ ده‌كرێت ئه‌ندازه‌یه‌كی باش  له‌هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ماڵ و قوتابخانه‌دا ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، لێره‌دا ئاماژه‌ به‌هه‌ندێك له‌و ئامانجانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ده‌كرێت له‌میانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌وه‌ به‌ده‌ست بێت:

 

 

1- درووستكردنی په‌یوه‌ندی باش و پته‌و له‌نێوان كه‌س و كاری قوتابیان و ئیداره‌ی قوتابخانه‌و مامۆستایاندا بۆ به‌دیهێنانی هاوكاری له‌سه‌ر پێگه‌یاندنی قوتابییه‌كان تا هاوڵاتی چاك و باش بن له‌كۆمه‌ڵگادا.

2- باسكردنی پێداویستییه‌كانی قوتابیان و كێشه‌و گرفته‌كانیان، هه‌وڵ بدرێت به‌هاوبه‌شی پێداویستییه‌كانیان بۆ ده‌سته‌به‌ر بكرێت و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان بكرێت.

3- چاودێر كردنی قوتابییانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و پێشنیازكردنی به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ په‌ره‌پێدانی تواناكانیان به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و كۆمه‌ڵایه‌تییان.

4- دیراسه‌كردنی خواست و داخوازییه‌كان و هاوكاری كردن بۆچاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه‌ی كه‌كار ده‌كاته‌ سه‌ر ئاست وئه‌دای قوتابییان.

5- هاوبه‌شیكردنی قوتابخانه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ره‌وشتییه‌ ناپه‌سه‌ندانه‌ی كه‌زیان به‌كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نن.

6- رێنمایی و ئاراسته‌ كردنی قوتابییان بۆ پاراستنی بینای قوتابخانه‌ و شوێنه‌ گشتییه‌كان و چاودێری كردنیان.  

 

بۆ ئاماده‌كردنی ئه‌م بابه‌ته‌ سوود له‌م سه‌رچاوانه‌ وه‌رگیراوه‌:

1- ایمان عارف العتیببي، ثقافة التكامل بين الأسرة والمدرسة، له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌  https://alghad.com

2- العلاقة بين المدرسة والأسرة ومشاكل الطلبة، أدهم عدنان طبيل، له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌:

https://pulpit.alwatanvoice.com/articles/2007/11/16/111078.html

34 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/21/2024 4:23:55 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.