بابەتی نوسەران
ویستی گۆڕانکاری، پێویستی بە بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییە!!
م.یاسین زه‌نگه‌نه‌

ویستی گۆڕانکاری، پێویستی بە بەڕێوەبردنی گۆڕانکارییە!! 

 یاسین احمد زەنگەنە

پرسی گۆڕانکاری یەکێکە لە کێشە سەرەکیەکانی جیھانی ئەمڕۆ، جیھانی پێشکەوتنە خێراکان، جیھانێک کاروانەکەی راناوەستێ و ئەوەی خۆی سازو ئامادە نەکردبێت فریاناکەوێت و بەجێ دەمێنێت. ئێمەش بەشێکین لەم کاروانە و پێویستە جێ پەنجەو کاریگەریی خۆمانی لەسەر دروست بکەین، بەشێوەیەک گونجاو بێت لەگەڵ تایبەتمەندی بیروباوەڕو مێژو و کلتورماندا و، بتوانین تایبەتمەندی خۆمان بپارێزین و لەکاروانی پێشکەوتن و نوێگەری دوانەکەوین و، بەگیانێکی ئەرێنی کارلێک بکەین لەنێوان کارتێکردن و کارلێکراو. پێویستەخۆسازدان بۆ گۆڕانکاری گشتگیر بێت و ھەموو پێداویستیەکانی مرۆڤ بگرێتەوە و، سەرجەم بوارەکانی ژیان بەڕەھەندە جیاوازەکانیەوە لەخۆبگرێت.

بێگومان وەک رێبازو پرنسیپ، گۆراِنکاری بەمرۆڤ دەکرێت و بۆ مرۆڤ دەکرێت و بۆ ئەوەش کە مرۆڤ کارلێکی لەگەڵدا دەکات، ھەربۆیە مرۆڤ چەقی سەرەکی و لەھەمان کاتدا میکانیزمی سەرەکییە لەپرۆسەی گۆڕانکاریدا، تا دەگاتە بەدیھێنانی ئامانج و مەبەستە مرۆڤایەتیەکانی .

لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە پێویستیمان بە دەست و بردو ویستێکی ھوشیارانەو نییەتێکی راستگۆیانەی گۆڕانکاری ھەیە، ھاوکات لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی ھاوسەنگدا، چونکە ویستی گۆڕانکاری بەڕێوەبردنی ناخ و جەوھەری مرۆڤە بەھەموو تایبەتمەندییەکانیەوە، جاپێویستە مامەڵەیەکی دانایانەو ھەڵسوکەوتێکی ھاوسەنگ و میانەیی لەگەڵدا بکرێت.

بێگومان گۆڕانکاری زۆر گرنگەو پێویستیەکە وەکو پێداویستی ژیان، دەبێت بکرێتە دیاردەیەکی بەردەوام لەھەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەمەو لەگەلڕ پێداویستی گۆڕانکاریدا پێویستیمان بەزانین و پیادەکردنی میکانیزمی جێبەجێ کردنی گۆڕانکاری ھەیە، کە خۆی لە زانستی بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری دا دەبینێتەوە. 

بڵابوونەوەی بیرکردنەوەی نەرێنی و گویێ نەدان و لاوازی بەڕێوەبردن و نەبوونی رێکخسن و رێککاری و رێزنەگرتنی یاساو رێنمایی، ھەموو ئەمانە دەرھاویشتەی ژینگەیەکی نالەباری دواکەوتوون، گۆڕانکاری رەت دەکەنەوەو دژایەتی دەکەن و کۆسپن لەبەردەم گۆڕانکارییەکاندا و، رازین بەدۆگمایی و دواکەوتن و پاساوی جۆراوجۆری بۆدەھێننەوە، ناشێت ئەم دیاردەیە بەھەند وەرنەگیرێت و لەپلان و بەڕێوەبردنی گۆڕانکاریدا حیسابی بۆنەکرێت.

ئەمڕۆ لەسەردەمی گۆڕانکاری و کارایی و ھەنگاوناندا دەژین، کە بەسەردەمی گۆڕانکارییە ناوازەکانی بواری تەکنۆلۆژیاو داھێنانەکان و شۆڕشی پەیوەندی و زانست و زانیارییەکان دەناسرێتەوە، ھەموو ئەمانە دەبنە مایەی روبەڕوبونەوەیەکی توندو بەھێز بۆ (بڕیار بەدەست). لەسۆنگەی ئەم راستیانەوە دەڵیین زانستی گۆڕانکاری رۆڵی تایبەتی ھەیە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری و جڵەوگیرکردنی، بۆ بەدیھێنانی خواست و ئامانجە مرۆڤایەتیەکان بەگشتی، ئەمانەش ناکرێت فەرامۆش بکرێن و پشت گویێ بخرێن، چونکە گۆڕانکاری سیماو مەشخەڵانی سەردەمە، ھاوشان بوون لەگەڵیدا کارێکی خوازراوەو رەنگدانەوەی راستی گەشەپێدانی شارستانی مرۆڤایەتییە.

ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان لەسەرئاستی حکومەت، حیزبەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، میدیاکان، پێویستی بەگۆڕانکاری ریشەیی ھەیە، بەپێی نەخشەرێگاو پلان و بەرنامەیەکی تۆکمە، لەو نێوەندەشدا رەوت و بزاڤی ئیسلامیش پێویستە پێداچوونەوەیەکی زانستیانەو بابەتیانەو لۆژیکانە لەسیستەمی بەڕێوەبردنیدا پەیڕەو بکات. تا لەئاستی سەردەم و قۆناغەکەدا بێت و، لە کاروانی ژیان دوانەکەوێت، ھەروەھا پەیڕەو پرۆگرام، کارنامەی دام ودەزکاکان،  پەیکەری رێکخراوەیی...ھتد، بەپێی سیستەمی بەڕێوەبردنی ھاوچەرخ دابڕێژێت، بەرەچاوکردنی واقعی نێوخۆیی و کۆمەڵایەتی و قەبارەو بارستایی خۆی، بۆ ئەم مەبەستەش سوود لەکەسانی تەکنۆکرات و پسپۆڕ و شارەزا وەربگیرێت. ھەموو ئەمانە سەرەتا ویست و ئیرادەی گۆڕانکاری دەوێت و، ئینجا بەڕێوەبردنی گۆڕانکاری بەپێی پرنسیپە کارپێکراوەکان، فەرامۆشکردن و دواکەتنی ئەم پرسە جگە لە دواکەوتن و دۆگمایی و خولانەوە بەدەوری بازنەیەکی بەتاڵدا ھیچی تری لێ فەراھەم نایەت.


0 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/20/2018 3:02:14 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.