خوانی روح
پێویستە چۆن بین کاتێک خودای گەورە لەگەڵمان دەدوێت..

پێویستە چۆن بین کاتێک خودای گەورە لەگەڵمان دەدوێت..

(عبلة الكحلاوي) بانگخواز و مامۆستای بابەتی(الفقه) لەکۆلێژی (خوێندنی ئیسلامی و عەرەبی ـ کچان) لەزانکۆی (ئەزهەر)، بابەتێکی بڵاوکردۆتەوە، تیایدا (15) ئامۆژگاری قورئان خوێنان دەکات، لەکاتی خوێندنی قورئاندا:

كەحلاوي دەڵێت: پانزە ئامۆژگاریت بۆ پێشنیار دەکەم، کە ئەمانەن:

۱. کاتی زیادەی ڕۆژانەی خۆت مەدە بە قورئان، بەڵکوکاتێکی تایبەتی بۆتەرخان بکە، هیچ کەسێک و هیچ کارێک نەتوانێ ئەوکاتەت لێ بستێنێت.

۲. پێش قورئان خوێندن، دەستنوێژت تازەبکەوە، پاشان ڕووبکە قیبلە، بە (اعوذبالله...) پاشان(بسم اللە...) دەستپێبکە، ئینجافەزڵ وگەورەیی قورئان خوێندنیش بێنەبەرچاوی خۆت.

۳. با دەنگت مامناوەندبێت، نە ئەوەندە بەرز ماندو و هەراسانبی، نەئەوەندەش هێواش بێتاقەتبی و خەوت بێ.
با خێراییەکەشت مامناوەندبێت، نەزۆر خێرا و نە ئەوەندەش هێواش.

٤. قورئان، (هەیبەت و ویقار) سام و ڕێزی هەیە، هەرکەسێکیش قورئان لە دڵیدا گەورەوبەڕێزبێت، خوای میهرەبان پلەوپایەی لەناو خەڵکدا گەورەدەکات، کەواتەقورئانخوێندنەکەت بەقسەکردن لەگەڵ فڵان و فیساردا مەبڕه.

٥. پێشینەچاکەکانمان، ئەگەر دەستیان کردبایە بەخوێندنی سورەتێک، نەیاندەپچڕاند، تاکو ئەوسورەتەیان تەواو نەکردبایە، ئەوەش ئەدەبێکی جوانە لەگەڵ خوادا.
لەکاتێکدا هەندێ کەس ئایەتێکیش دەپچڕێنێ بۆقسەکردن !

٦. ئەگەر دەستتکرد بەقورئانخوێندن، ئاوڕ بۆلای کەس مەدەوە، ئەگەر کەسێکیش ویستی قسەت لەگەڵدابکات، بەدەست ئاماژەی بۆبکە و داوای لێبوردنی لێبکە، کەناتوانی قسەبکەی، چونکە لەگەڵ خوادا دەدوێی، ئەوەش ڕێزو گەورەییەبۆ قورئان دایدەنێی. 

۷. ئەگەر ناچاربووی قورئانخوێندنەکەت بپچڕێنی بۆ قسەکردن لەگەڵ کەسێک، دەستبەجێ وەڵامی مەدەوە، بەڵکو با چاوەڕوانبێ تاکودەگەیەکۆتایی ئایەت، یان شوێنێکی گونجاو بۆ وەستان.

٨. پێویستە لەکاتی قورئانخوێندندا زمانیشت لەگەڵی بجوڵێنی، نەوەک تەنیا بەچاو بیخوێنیەوە، چونکە خوێندنەوە بەچاو بەقورئانخوێندن دانانرێت و پاداشتی لەسەر وەرناگری.
 
۹. لەنیشانەی ڕێزنەگرتنت لە قورئانی پیرۆز، ئەوەیە تۆ چەند ئایەتێکی کەم بخوێنی و بگەڕێیەوە سەر فیسبوک و تۆڕەکانی دیکەی پەیوەندیکردن، پاشان بگەڕێیەوە سەرقورئانخوێندن.

۱۰. ئامۆژگاریت دەکەم بۆقورئانخوێندن بچیتە مزگەوتێک دوور لەماڵی خۆت، کەس نەتناسێت.
 (کچانیش) بچنە ژوورێکی دی، کە شوێنی دانیشتنی گشتی ئەندامانی خێزان نەبێ، بۆئەوەی تەنها بی لەگەڵ قورئانی پیرۆزدا و چێژی شیرینی وبیرکردنەوەلەئایەتەکانی بچێژی.

۱۱. خاڵێکی زۆرگرنگ: خراپترین هاوڕێ لەکاتی قورئانخوێدنتدا، موبایلەکەتە !
بۆیە ئامۆژگاریت دەکەم لەماڵەوە، یان لەناو سەیارە، یان لەشوێنێکی دوور لەخۆت بەجێی بهێڵە و خۆت تەنها بڕۆ قورئان بخوێنە، بۆئەوەی شەیتان نەتپچڕێنێت لەقورئانخوێندنەکەت.

۱۲. لەکاتی قورئانخوێندندا، بەسەر ئەو ئایەتانەدا دەڕۆی کەباسی سۆزو میهرەبانی خودا و باسی هەڕەشەکانی خودا دەکەن... جا تۆ لەسەر هەندێکیان بوەستە و دەستەکانت بەرزکەوە و لەخوای میهرەبان بپاڕێوە، چونکە کاریگەری زۆرە بۆسەردڵی باوەڕدار. 

۱۳. ئەگەر تۆ هێواشی لەخوێندنەوە، یان بەباشی نایزانی بیخوێنیەوە، ئەوە باش بزانە کەپاداشتی تۆ، چەندقاتە، دووجاریش پاداشتت هەیە، بۆیە ئامۆژگاریت دەکەم کە لەناو موبایلەکەتدا، قورئانی بەدەنگ دابەزێنە و بەردەوام گوێی لێبگرە.
 
۱٤. دەستهەڵگرتن و کۆتایی هێنان بەقورئانخوێندن لەکۆتایی سورەتەکان، تەواوترو باشترە لە کۆتایی پێهێنان لەکۆتایی جوزئەکان.
ـ عومەری کوڕی خەتتاب، خوا لێی ڕازی بێت، ئەگەر دەستی بەخوێندنی سورەتێک کردبایە، نەدەوەستا تاکو سورەتەکەی تەواو نەکردبایە.

۱٥. با کۆتایی جوزئەکان سەرقاڵت نەکەن لەبیرکردنەوە لەئایەتەکان.
ئەوەی یارمەتیدەرە بۆ بیرکردنەوە لەئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، دووجار و سێ جار و دەجار دووبارەکردنەوەی ئایەتەکانە، تاکو دڵت نەرم دەبێت !

و: حەسەن مەحمود قادر

1057 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/16/2021 1:30:12 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.