خوانی روح
پاڕانەوە
پـــاڕانــــەوە

زۆر جار خەم بە سوجدەیەک کۆچ دەکات،دڵخۆشیش بە نزایەک دێت.
پشت بەستن بە خودا ئارامی بە دڵ و دەروون دەبەخشێت، لە ژیانی ڕۆژانەماندا زۆر شت دەبینین کە خەمی لێ دەخۆین، مرۆڤی وا دەبینین بۆ سوپاسێ دەبێ بە کۆیلە، بۆ نانێ قورئان دەسووتێنێ، هەموو خەمەکانی ڕۆژانەت لە
سوجدەیەك دابنێ، بپاڕێوە بە دوعاکردن قەدەرت دەگۆڕێ، دوعاکردن عیبادەتە، کێ ناڵێ خودا حەز بکات گوێی لە دەنگت بێ، خودایە تۆ بەندەت زۆرە، بەڵام ئێمە هەر تۆمان هەیە، نزاکردن دڵی مرۆڤ پاک دەکاتەوە، تۆ داوا بکە، خودا لە حەوت
نەبەقەی ئاسمان دێتە حزوورت، ئیتر دڵتەنگی لە چی؟ دڵ پێویستی بە عەشقە، عەشقێکی خودایی، خەفەت مەخۆ
مەبەزێ، بێ ورە مەبە
تێبگە لە ژیان، هەموو شتێ مەودای خۆی هەیە هەتا مەودای خۆی تەواو نەبێت تەواو نابێ! لەبەر ئەوە پەلەت چییە؟ سەقەتی ئینسان لەوەدایە زۆر پەلەیەتی پشت بە خودا ببەستە ئەو شتانەی بە تۆ ناکرێت، بیسپێرە بە ئەو،لە سەردەمێکاین یەکتری دەکوژین دەڵێین خەتای خودایە وای نووسیوە، شەڕ دەکەین دەست درێژ دەکەین بۆ خودا ،بەڵام یەك تۆز ئاشتی درووست بکەین دەڵێین خۆمانین..
هەزارەها باڵەخانە چووەتە ئاسمان، قورئانێکی تیادا نییە، لە دوای هەموو ئەو تاوانانەش دێین و نزا دەکەین، تۆش قەبووڵی دەکەی گەر خێری تیابێت بۆمان.
خودا " خودی عیشقە "
ئەگەرنا بەخشین لە دوای هەزار هەڵەو گوناه، کوا سیفەتی مەعشوق بووە؟ 
مەولانا دەفەرمووێت:
سوجدەی سەرم بۆ خودا نەبێ،
سەری ناپاکیم بۆ چییە،
دڵێک خودای گەورەی تیا نەبێ،
جەستەی بێ ڕۆحم بۆ چییە.

لەگەڵ خودا بە خودا هەمیشە لەگەڵتە.کەسی نزاکەر دەزانێت زاتێک هەیە کە دەنگی دەبیستێ، چارەی گرفتی دەکات، میهرەبانە بۆی، ئەو توانای بەسەر هەموو شتێکدا هەیە، نزاکەر دەبێ لە چۆڵترین بیابانی دنیاشدا ئەو بەتەنها جێی ناهێڵیت هەمیشە چاودێری دەکات، بەندەش کاتێک لە حزووری بوونی زاتێکی ئاوا بیر لە خۆی دەکاتەوە هەست بە ئارامی دەکات .. فێر بە پشت بە خودا ببەستەو بپاڕێوە.

لەیلا فەریق کەمەر
‎ گۆڤاری بڕیار
‎ 

1077 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/24/2021 12:37:47 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.