بابەتی نوسەران
بەس بۆ خوێندنەوە نەبێ!!! (ئەوەی ناخوێنێتەوە حاڵی باشتر نیە لە نەخوێندەوارێک)

بەس بۆ خوێندنەوە نەبێ!!!

(ئەوەی ناخوێنێتەوە حاڵی باشتر نیە لە نەخوێندەوارێک)

کاتمان ھەیە بۆ بۆ سەریکردنی دراما و تۆپانی، سەفەر و پیاسەی زۆر، قەسەی ھەلیت و پەلیت و بێ مانا، کاتمان ھەیە بۆ بۆ چوونە ناوژیان و کاری تایبەتی خەڵکی بەبێ ی ئەوەی پرسمان پێی کرا بێ ی، کاتمان ھەیە بۆ گلەیی بەردەوام و بێزارکردنی دەوروبەرەکەمان بە قسەی زۆر و ڕوانینی گشتبین و ڕەشبینانە، کاتمان ھەیە بۆ زۆر خواردن و نووستن و تێرکردنی گەدە و چاو و زمانمان لەسەر حیسابی عەقڵ و ناخمان، بەڵام بۆ خوێندنەوە نا!! بەداخەوە کۆمەڵگای ئێمە بەدەر لەوەی خوێندنەوە لای گرینگیی ئەوتۆی نیە، وەلێ ھەندێجار گوێت لەقسەی وا دەبێ لەلایەن ھەندێ کەسەوە کە بەرامبەر بە کتێب و خوێندنەوە دەیکەن، مرۆڤ نازانی پێبکەنێ یان بگرێ لەنموونەی ئەم جۆرە قسانە (خوێندنەوە چییە؟! خوێندنەوە چە سوودێکی ھەیە؟! خوێندنەوە خۆ مەعاشت ناداتێ!! ئاخر کەس بەخوێندنەوە ھیچی بە ھیچ کردووە؟!). ئێمەی کورد تا ئەو شوێنەی بیانۆمان ھەیە بە ئارەزووی خۆمان دەدوێن، کاتێ بیانۆکانیشمان بڕا ئەو کات بۆ خۆ رزگارکردن لە بابەتەکە، نەشارەزایانە بە بێ بەھا و کەم نرخی وەێفی دەکەین.

کاتێ پرسیاری ئەوە لە بابایەکی خوێندەوار یان قوتابیەکی زانکۆ دەکەی کە بۆچی ناخوێنێتەوە، ھەندێ وەڵامت دەست دەکەوێت، بۆخۆشیان زانن ئەوان کاتیان نیە بۆ خوێندنەوە یان ئارەزوو، ھەڵبەت دەبێ سەرەتا بزانین خوێندنەوە ئارەزوو نییە، بەڵکو پێویستیەکی ژیانە. ئەگەر بیانۆ نەبوونی کات بێت چارەسەرەکەی ئاسانە، لایەنی کەم با ھەوڵدەین رۆژانە تەنھا (١٠) خولەک بخوێنینەوە، بەڵام ئایا (١٠) خولەک خوێندنەوە ھیچ شتێک لەژیانت دەگۆڕێ؟! بەدڵنیایەوە بەڵێ، چونکە لە (١٠) خولەکدا دەتوانین رۆژانە زیاتر لە (١٠) لاپەڕە بخوێنینەوە، کە ساڵانە دەکاتە ٣٦٥٠ لاپەڕە، لەھەر بوارێک تۆ حەزی پێ دەکەی دەتوانی شارەزایەکی باش بەدەست بێنی، دەی خۆ ئەگەر رۆژانە (٢٠) خولەک بخوێنینەوە لەساڵێکدا دەکاتە (٤٨٠٠) خولەک! تۆ دەزانی ٤٨٠٠ خولەک لە ساڵێکدا دەکاتە ٨٠ سەعات!!.  

ئەگەر لامان وابێ خوێندنەوە کەڵکێکی ئەوتۆی نیە و بێ سوودە، ئەو وتەیەی برایان تریسی بەسە کە دەڵێ: خوێندنەوە تەنھا بیرکردنەوەمان فراوان ناکات، بەڵکو شتانێکتان فێردەکات کە مەحاڵە بەھەر رێگایەکی تر فێربیت. خوێنەری بەرێز ئەگەر خوێندنەوە بۆ گەلانی تر پێویستیەک بێت، ئەوا بۆ ئێمە خوێندنەوە ئەرکێکە لەسەرمان دەبێ بخوێنینەوە، دەزانی بۆچی؟! چونکە ئێمەی موسڵمان پێمان دەڵێن (أمة إقرأ) ئایا شوێنکەتوانی ئایینی ئیسلام بەگشتی و بەتایبەت جیھانی عەرەبی و ئێمەی کوردی موسڵمان بەتایبەتتر ت پڕ بەمانای ئەم نازناوانە خوێندومانەتەوە؟! بەپێ ی (ڕاپۆرتی کۆنگرەی یەکێتی بڵاوکراوەکانی عەرەب) بە ھەر "٣٢٠٠" تاکی عەرەب ساڵاَنە (١) کتێب دەخوێنەوە، لەبەرامبەردا ھەر تاکێکی ئیسرائیلی ساڵانە (٤٠) کتێب دەخوێنێتەوە،  کەواتە ناچارین بڵێن (أمة إقرأ، لا تقرأ)!!، بۆیە گەر دەتەوێت چیتر بەشێک نەبێ لەو کەسانەی ناخوێنەوە و دوبارە بەکردار ببیەوە بەشێک لە (ڕمە إقرڕ)، ھەر ئەمرۆ بڕیار بدە بخوێنیەوە نەک کاتێکی تر یان بەیانی، چونکە خوێندنەوە بیرکردنەوەکان دەگۆڕێ، دیارە کاتێ بیرکردنەوەکانت گۆڕا سەرلەبەری ژیانت دەگۆڕێ.

ن: ھەڵگورد مسعود 

گروپی ھاوڕێیانی کتێب


1805 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/17/2018 3:30:34 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.