بابەتی نوسەران
ڕەشبینی چی یە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی کامانەن !!!
ڕەشبینی چی یە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی کامانەن !!!


بەناوی خودای بێهاوتا ...

ڕەشبینی هەستێکی نەرێنی یە کە لەناخی مرۆڤدا سەرهەڵدەدات یاخود پەیدا دەبێت و ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر کۆی بیروبۆچوون و ڕەفتار و هەنگاوە جۆراوجۆرەکانی لە ژیاندا وە تاوەکو ئاستی ئەم هەستە زیاتر بێت بێگومان جێکەوتەی خراپ و مەترسیدارتر لەسەر خودی مرۆڤەکە دادەنێت ، بوونی ئەم حاڵەتەش لە مرۆڤدا هۆکار  گەلێکی دیاری کراوی هەیە ، لێرەدا بەکورتی ئاماژە بەهەندێکیان دەکەین ئەوانیش :

۱ـ دوور کەوتنەوەی مرۆڤ لە فیترەت : بنەڕەت و فیترەتی مرۆڤ بریتی یە لە بوونی باوەڕێکی پتەو بەخودا، بەوەی کە تەواوی کاروبارەکانی لەدەستی ئەو زاتە خاوەن دەسەڵاتەدایە و زیان و سودەکانیش هەربەدەستی ئەوە، بەڵام کاتێک مرۆڤ ئەم ڕاستی یە لەبیردەکات و لەم بنەما واقعی یە دوور دەکەوێتەوە ئیدی بێهیوای و ترس لە ئێستا و داهاتوو وە نیگەرانی بۆ لەستدانی هەموو شتەکان وەک مۆتەکەیەک یەخەی دەگرن و ڕەشبینی سەراپا هەستەکانی داگیر دەکات .
چارەسەریش بریتی یە لە بەخۆدا چوونەوە و گەڕانەوە بۆ لای خودا و پابەند بوون بە فەرمانەکانی چونکە ئەمە تاکە ڕێگا و نهێنی خۆ قوتارکردنە لە گرێ ی دەرون و گۆڕینی ڕەشبینی بۆ هیوا .

۲ـ کورت بینی و ژیان لە نێو خەیاڵدا : یەکێک لە گرفتە سەرەکی یەکان لە ژیانی مرۆڤدا بریتی یە لە کورت بینی بۆ ڕوداوەکان بەوەی کە مرۆڤ لەگەڵ هەر ڕوداوێکدا پێ ی وابێت ئیدی هەمووشت کۆتایی هاتووە و هەست و خەیاڵەکانی ببەستێتەوە بەو دۆخە دیاری کراوە، ئەمەش پەلکێشی دەکات بۆ نائارامی و بێهیوایی و ڕەشبینی بەرامبەر هەموو شتێک .
چارەسەریش بریتی یە لەوەی مرۆڤ هەمیشە هەوڵ بدات کەسێکی بەئاگا و هاوسەنگ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت هەر دۆخ و ڕوداوێک لەژیانیدا هاتەکایەوە تەواوی وێنەکان لێک بداتەوە و کاریگەریە ئەرێنی و نەرێنی یەکان بینێت، ئەمەش وادەکات زاڵ بێت بەسەر هەموو ڕوداوەکان و بۆ هەمیشە هەستی نائارامی و ڕەشبینی وەلا بنێت .
ڕەشبینی چی یە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی کامانەن !!!

۳ـ نەبوونی متمانە بە خود : متمانە بە خود هێزێک دەبەخشێتە مرۆڤ کە دەتوانێت ڕووبەڕوی سەرجەم تەحەدا ناوەکی و دەرەکی یە جۆربەجۆرەکان ببێتەوە ، هەروەک کلیلێکە زۆر دەرگای داخراو لەبەردەمماندا ئاوەڵا دەکات، بە پێچەوانەشە وە نەمانی متمانە لای مرۆڤ بەواتای بەرهەمهێنانی ڕەشبینی کە ئەمەش هۆکارە بۆ گرفتاربوون بە دەیان کێشەی دەرونی و دارایی و کۆمەڵایەتی هتد...
‏‎چارەسەریش سەرەتا بریتی یە لە بەراوردکاری مرۆڤ لەنێوان ئەم دوو وێنەیەی کە ئاماژەمان پێدا و دواتر دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە متمانە بەخۆبوون تەنها هۆکارێکە بۆ ڕزگار بوون لە هەستی نەرێنی ڕەشبینی و هەنگاونان بەرەو بەختەوەری ڕاستەقینە، کەواتە جارێکی دیکە متمانە بەخۆت ببەخشەوە بۆ ئەوەی گۆشەگیری بۆ جوڵەی بەرهەمدار و دڕدۆنگی بۆ دڵنیایی و چێژ  بگۆڕیت .

٤ـ هاوەڵی کردنی بەدبینان : هاوڕێ لەشانۆی ژیاندا ئەو مرۆڤە یە کە دەتوانێت ڕێڕەوی ژیانت بگۆڕێت بەهەردوو ئاڕاستەی ئەرێنی و نەرێنیدا ، باشترین مامۆستا و پێشەوای مرۆڤایەتیش محمد ( صل الله علیە وسلم ) لەبەر کاریگەری هاوڕێیان لەسەر یەکتری دەفەرموێت ( مرۆڤ لەسەر دینی هاوڕێکەیەتی) کە لێرەدا وشەی دین دەکرێت کۆکراوەی سەرجەم بیروباوەڕ و دونیا بینی بێت کە ڕەنگە لەهەر ساتێکدا مرۆڤ بۆلای خۆی کەمەند کێشبکات لەلایەن هاوڕێکەیەوە ،بۆیە هەرگیز ڕۆڵی هاوڕێکانت لەژیانی تایبەتیتدا بەکەم مەزانە .
‏‎چارەسەر : بۆ ئەوەی دوور بیت لە هەستی نامۆ و نەرێنی هەرگیز هاوەڵی مرۆڤانێک مەکە کە لەژیاندا ڕەشبینن و بڵاوکردنەوەی بەدبینی بۆتە پیشەیان، بەڵکو هاوەڵداری مرۆڤانێک بکە کە بەچەشنی بۆن فرۆشان هەمیشە لە ڕەنگ و بۆیان مرۆڤ بەهرەمەند دەبێت .

‏‎بەهیوای کامەرانی بۆ هەمووان .

نوسینی دیار بکر

626 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 1:37:33 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.