بابەتی نوسەران
باوکم چی بۆ جێھێشتم؟

باوکم چی بۆ جێھێشتم؟

د.رێدار محەمەد ئەمین         پسپۆڕی نەخۆشیە دەروونیەکان

زۆرێک لە منداڵان بەمجۆرە گلەیی لە باوانیان دەکەن، مەبەست لەو گلەییەی ئەوان ئەوەیە، کە باوکیان ھیچ سەروەت و سامانێکی بۆ جێنەھیشتوون تا لەبەری بحەسێنەوە! وەک ئەوە وایە تاکە ئەرکی باوک ئەوەبووە بە درێژایی تەمەنی تەنھاسامان بۆ کورەکەی کۆ بکاتەوە !لای ئەوانیش سامان بریتیە لە ماڵ و پارەو پول، تا کوڕەکەی ھیچی تر خۆی ماندوو نەکات! لە راستیدا ئەرکی ھەر باوکێکە کوڕەکەی بکاتە خاوەن سامان، بەڵام چ سامانێک؟ ئەحمەد ئەمین، گەورە نووسەری میسری لە پەخشانێکدا بەم شێوەیە ئامۆژگاری کوڕەکەی دەکات (گرنگترین ئەزموونی ژیانم ئەوەبوو کە وتنی راستی و پابەندبوون پێی، وبەدوا کەوتنی دادوەری و کار کردن پێی، ھەندێک خاسیەت دەدەن بە مرۆڤ کە بەھاکەی لەبن نایە، لە پێناو گەیشتن بەمە ھەندێک ئازارم چەشت، ھەندێک کەسم لێ تووڕەبوون، ھەندێک بەرژەوەندیشم لە کیس چوو، بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا سوودم لەم ھەڵویستەم زیاتر بوو لە زیانەکانم، بە ھۆی ئەمەوە ویژدانم ئاسوودە بوو، ھەروەھا متمانەی خەڵکم بەدەستھێنا لەوەی دەیکەم و دەیڵێم، ھەروەھا خەڵکی زەنی باشیان پێبردم ئەگەرچی ھۆکارکەشیان نەزانی، لە ڕووی مادیەوەش من زیاتر سوودموند بووم لە کەسانیتر، لەوانەی کە پابەند ھەقبێژی نەبوون و راستگۆ و دادپەروەر نەبوون، من لەگەڵ زۆرێک لە چین و توێژەکان ژیاوم، ھاوڕێیەتی کەسانێکم کردووە لە ھەوڵی ئەوەبوونە سەروو خۆیان ئاسوودە بکەن نەک ویژدانیان، ئەوە بڵین کە خەڵکی پێی سەرسامە نەک خۆیان باوەڕیان پێیەتی، لە پێناو سامان و پلە و پایەدا زوڵم بکەن ، لەگەڵ ئەمانە ھەمووی ئەوانە زۆریان دۆڕاندو کەمیان بردەوە، ئەوانە چاکەکاریان دۆڕاندو ویژدانیان لە دەستدا، ئەوانە ھەندێک دەستکەوتی کاتیان بردەوە و، بۆ ھەتایەش خۆیان دۆڕان، ئەگەر تۆش بە وردی حسێبی ئەوە بکەیت من چیم بردەوەو چیم دۆڕاند، ئەوانە چیان بەدەستھێنا و من چیم لە کیس چوو، ئەوا دەبینی من زۆر بەختیار تر وخۆشگوزەرانترم لەوان، ئەگەر تۆش دەتەوێت ئەزموونی من دووبارە بکەیتەوە،پابەندی ھەقبێژی، راستگۆیی، دادەپەروەری ، ئەگەر ئەنجامەکەیان ھەر چۆنێک بێت) لێرەدا ئەحمەد ئەمین تەواوی سەرمایەی خۆی لە راستگۆیی وھەقبێژی و دادپەروەری بۆ کوڕەکەی جێدەھێلێت، ئەو سەرمایەی کە ھەمیشە لەبن نایەت و رۆژ لە دوای رۆژ برەوتر دەبێت، لە بەرامبەر ئەویشدا کوڕەکەی سەرمایەیەکی دەستدەکەوێت بەرھەم و رەنجی باوکیەتی و، نەوە دوای نەوە دەگوازرێتەوە، کەچی ھیچ کام لە منداڵان لە بەھای ئەم سەرمایە نازانن، پێیانوایە ئەگەر پارەوپولیان ھەبێت، ھەموو شتێکی تریان بۆ دەستەبەر دەبێت، ئەوان درک بەو راستیە ناکەن، کەوا گۆڕستانەکان پڕن لە پیاوی دەوڵەمەندو، کەسیش ئێستا یادیان ناکەن، لە بەرامبەر ئەوانیشدا مێژوو پڕە لە پیاوانی وەک ئەحمەد ئەمین و، ھەمیشە سامانێکی لەبن نەھاتوون بۆخۆیان و کەسانیتریش، ئەو منداڵەی پێی وایە دابینکرنی دوارۆِژ بە پارەوپولە، کە گەورە بوو ھەمان ھەڵە دووبارە دەکاتەوە! بۆیە تەنھا منداڵان نین ئەم تێڕوانینە ھەڵەیان ھەیە، بەڵکو ھەندێک لە باوکانیش ئاوا لە ژیان دەڕوانن، ئەو باوکانەش دوو جۆرن، یەکەمیان ئەوانەن کە خۆیان لە خێزانێکی پڕ دەرامەتن و، ھەموو پێوەرەکانیان بە سامانە، جۆری دووەمیشیان ئەوانەن کەخۆیان بە ھۆی نەداری ناخۆشی ژیانیان زۆر دیوەو، ئامادە نین منداڵەکانیشیان وەک ئەوان لە نەھامەتی ژیان بژین.

لە راستیدا بیرکردنەوەی ھەردوو گروپ زۆر ھەڵەیە، باوکی یەکەم کە ھەر لە بنەرەتەوە پارەداربوونە، بەڵام ھەمیشە کەمو کوڕی زۆریان ھەبووە، چونکە پارە ھەموو گرفتێکی چارەسەر نەکردووە، بەڵکو زۆرجار کێشەی سەرەکیش بووە، بۆیە باوک ھەمیشە بەدوای ئەوەوە بووە کێشەی منداڵەکانی چارەسەر بکات، ئەو کێشانەی کە ھۆکاری سەرەکیان دەست واڵاکردنی منداڵەکانیان بووە، لە بەکارھێنانی زیادە لە ڕادەی پارەو پولی باوکیان، بەڵام لە ھەمان کاتیشدا ھەر بە پارە چارەسەرکراون! ئەو بەشەی دووەمە کە ئەمجۆرە باوک و ئەمجۆرە منداڵانە درکی پێدەکەن و، پێیانوایە پارە تەنھا چارەسەرە نەک گرفت، بۆیە زادەی بیرکردنەوەیان لەم سنوورە تێپەڕی نەکردووە، سوڕانەوەی کێشەکان بە دەوری چەقی سامان، ژیانی لای ئەمجۆرە کەسانە تەسک کردۆتەوە، ئەگەر ھەر بەیەکجاری بێمانای نەکردبێت! بۆیە ھیچ کام لە منداڵانە لە واتا پیرۆزیەکەی ژیان تێناگەن، ئەوان پێیانوایە ھەموو پەیامی مرۆڤ دابینکردنی خۆشگوزاریەکانیەتی، شتێکی سروشتیشە کاتێک دەمرن ھیچ بەرھەمێک جێناھێڵن و، زوو لە یاد دەکرێن!

گرووپی دووەم لە باوکان ئەو مرۆڤە رەنجدەرو ماندووانەن، ئەوانەی کە رۆژگاری تاڵ وسەختیان تێپەڕاندووە، تا گەیشتوونەتە ئەم خووشگوزرەانیەی ئەمڕۆ، ئەوانەی پێیانوایە بە خۆشگوزەرانی منداڵەکانیان قەرەبووی ژیانە بەشخوراوەکەی خۆیان دەکەنەوە! ئەوانەی پێیانوایە ئەگەر سامانەکەیان نەخەنە بەردەستی منداڵەکانیان، ئەوا ھەمان مێژووی مەینەتی ئەوان دووبارە دەبێتەوە! ئەم گرووپەش ھەر لە نائاگاییەوە منداڵەکانیان بەرەو ھەڵدێرێکی سەخت دەبەن، منداڵەکانیان فێری ژیانێک دەکەن، کە خۆیان لە سەرەتا باوەڕیان پێی نەبووە، بۆیە ھیچ لەم ھەڵسووکەوتەی منداڵەکانیان تێناگەن، ئەوان پێیان سەیرە کە ھەموو خۆشگوزەرانیەکیان بۆ منداڵەکانیان دابینکردووە، کەچی منداڵەکانیان ئەو کەسانە نین کە ئەوان دەیانەوێت! ئەوان کاتێک سامانی زۆر دەخەنە بەردەستی منداڵ و، شەو و رۆژ لەسەر یەک دادەنێن لە پێناو دابینکردنی دوارۆژی مادی منداڵەکانیان، ئەوا ئەو پەیامەیان فێردەکەن، کە ئامانجی سەرەکی ژیان کۆکردنەوەی سەرمایەیە بۆ منداڵ و، ئەویش بۆ منداڵی خۆی و دەبێت ئەم پەیامە پیرۆزە بەردەوام بێت!،کەچی لە ھەمان کاتدا دەیانەوێت منداڵەکانیان لە بەھا بەرزەکانی ژیان تێبگەن وکەسی رۆشنبیر و بەرھەمھێن وخاوەن پەیام بن! ئەوان بە سەرسووڕمانەوە دەڵێن(منداڵەکەم لە چی کەمە ئەوە نیە ھەموو شتێکم بۆ دابینکردووە لە پارە،مۆبایل، ژوور، ئینتەرنێت، ئۆتۆمبیل)!بەبێ ئەوەی بزانین دابینکردنی ئەمانە، ھیچ مانایەک بۆ ژیان ناھێڵێتەوە، جگە لە دابینکردن و ھەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئەمانە، ھیچ شتێک نامێنێتەوە منداڵەکانیان ھەوڵی بۆ بدەن.بۆیە ئەوەی دەیەوێت منداڵەکەی بە پەروەردەییەکی درووست گۆش بکات،دەبێت لە خۆیەوە دەستپێبکات! خۆی لە مانا راستەقینەکەی ژیان بگات، بزانێت ئامانجی ئەو چیە لە ژیان، ئینجا بێت بە ئامۆژگاری ئەوانەش فێری مناڵەکانی بکات.

1302 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/21/2018 8:46:45 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.