بابەتی نوسەران
بۆ رزگار بوون لە تەمەڵی ​...... پلان و بەرنامە داڕشتن ​

 

 بۆ رزگار بوون لە تەمەڵی ...... پلان و بەرنامە داڕشتن

ئا : عەلی ئیبراھیم حەسەن 

(( ئالێن لاکین ))  ( بەرنامە داڕشتن ، ھێنانی داھاتووە بۆ ئێستا ، بۆ ئەوەی بتوانین ھەر ئێستا کارێکی بۆ بکەین ) 
ھەروەھا ئالێکس مەکێنزی دەڵێت ( کارکردن بەبێ پلان و بەرنامە , ھۆکاری تەواوی شکستەکانە ) .
زیرەکی و بەتوانایی ھەر کەسێک خۆی لەوەدا دەبینێتەوە , تا چەند کارەکانی بە پێی بەرنامە و پلان ئەنجام دەدات ، ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە لە بەرامبەر ھەر دەقیقەیەک کە بۆ بەرنامە دانان بە خەرجی دەدەی ، بە ئەندازەی (١٠) دە دەقیقە  کارکردن , کاتت بۆ دەگەڕێتەوە .
ھەمیشە لە بەرنامەی رۆژانەتدا، لیستی ئەو کارانەی کە دەتەوێت ئەنجامی بدەی شەوی پێشوو ئامادەیان بکە ، کاتێک کارەکان لەسەر کاغەز و بە پلە بەندی دەنوسی ، ئەو کات مێشکت لەماوەی شەودا لەو پەڕی ئارامیدا دەبێت و ھیچ دڵەڕاوکی و گرفتێکت نییە ، سەبارەت بە کارەکانی بەیانیت ، بە ھەمان شێوە مرۆڤی خاوەن بەرنامە پێویستی بە لیستی ھەفتانەو مانگانە و ساڵانە ھەیە ، ئەوانەی پەیڕەوی لە بەرنامە رێژی دەکەن بۆ کارەکانیان کاتێکی باش و گۆڕانێکی زۆر ئیجابی بەسەر ژیانیاندا ھاتوو .
کەواتە ، ئەگەر ئەرکی رۆژانە بە نمونە وەربگرین ، پێویستە ئەرک و کارەکانی رۆژانەمان دیاری بکەین و لە لیستی رۆژانە بیگونجێنن ، ھەروەھا بە درێژایی رۆژ ھەر کارێک کە تەواوبوو ، ئەوا ئەوا ھیمای ( ) بەرامبەری دابنێ ، بەم جۆرە ئیرادەو ھێزی سەرکەوتن لە ناخمان چەکەرە دەکات و وزەی زیاترمان پێ دەبەخشێت . 
کەواتە ئەگەر ویستت ھەر کارو پرۆژەیەک ئەنجام بدەی ، سەرەتا ( خشتەی کار ) ئامادە بکە ، ئەگەر لە کارەکە یارمەتی دەرت ھەبوو ، ئەوا پێویستە بۆ ھەر ھاوکارێکت ئەرک و ماف دیاری بکەیت . 
کاتێک بۆ کارەکانی رۆژانە ، پێشتر بەرنامە دادەڕێژین ، دەستپێکردن و درێژەدان بەکارەکان ئاسانتر دەبێ و لە کارەکانمان خێراتر و باشتر دەچینە پێش ، ھەست بە توانا و ھێزی زیاتر دەکەین و، لە دەرەنجامدا دەگەینە ئاستێک کە راوەستانمان نابێ و بەردەوام لە ‌کار و جوڵەدا دەبین .
ئێستا با سەیریکێ واقیعی رۆژانەمان بکەین ، بۆ نمونە : 
فەرمانگەیەکی حکومی زۆربەی فەرمانبەران لە ئەنجامی ناڕۆشنی کارەکانیان و ، نەبوونی بەرنامەی رۆژانەو ھەفتانە و مانگانە ، زۆرینەیان خەریکی بەڕێکردنی کاتن . دیاردەی بن دیوار لە ئەو پەڕی ترسناکیدایە ، بنکەی تەندروستی وا ھەیە (٢٠)بیست  کارمەندی خزمەت گوزاری ھەیە ، (١٥) پازدە پاسەوانی ھەیە ، ئینجا لەڕوی پاکوخاوێنیەوە زۆر خراپە ، ئەگەر سەیری باخچەکەشی بکەیت ، تەنانەت (٤) چوار درەخت و نەمامی تیا نییە تا خزمەتی بکەن . کارەکە بە ئاستێک گەیشتووە ھەندێک بە ناوی راوێژکار و شارەزاوە دامەزراون ،کە بە داخەوە ساڵ تەواو دەبێت پرۆژەیەکی نوسراویان نییە بۆ وەزارەتەکەیان !؟
یان گەر سەیری کاری حزبی بکەین ، دەبینین زۆرێک لە بەناو کارگێڕ و ئەندامانی مەڵبەند لەناو بارەگا حزبیەکان ، تەنھا لە بەر خاترانەو ، جاری واش ھەیە لەبەر کوتلە بازی و خزمایەتی دانراون ، کاریان رۆژنامە ‌خوێندنەوەیە ، جاری واش ھەیە خوێندەوارنین و سەیری وێنەکانی رۆژنامە و گۆڤارەکان دەکەن و کات بەسەر دەبەن ، ئەوەی جێگای داخە دیاردەی بن دیوار،‌ لە بارەگای حزبە ئیسلامیەکان تا حزبە نەتەوەیی و نیشتیمانی و عەلمانیەکان لە کوردستاندا بەرچاو دەکەون ، ئەمەش جۆرێکە لە نەخۆشی شێرپەنجەو لاشەی حزب و حکومەتی رزاندووە !؟  

2011 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/7/2018 11:21:19 AM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.