رۆشنبیری گشتی
شوناسی ئاینیی گەلان چیتر قابیلی گۆڕان نیە...
شوناسی ئاینیی گەلان چیتر قابیلی گۆڕان نیە...

ئەگەر ئاین بۆ تاکەکان بریتی بێت لە کۆمەڵێک بیروباوەڕو ڕەفتارو ڕێوڕەسمی تایبەت، ئەوا بۆ گەلان جۆرێکە لە شوناس و ناسنامەی جیاکەرەوە لەناو گەلانی تر.

ئەگەر لە سەردەمە کۆنەکاندا بەهۆی داگیرکاری دەرەکی یان بە بڕیاری پاشاو ئیمپڕاتۆرەکان دەکرا ئاینی فەرمی کومەڵگا بگۆڕدرێ، ئەوە بۆ ئێستا جۆرێکە لە مەحاڵ .

ڕاستە گۆڕینی ناسنامەو باوەڕی دینی تاک لەم سەردەمەدا بەراورد بە ڕابردوو ئاسانترە، بەڵام لەسەر ئاستی کۆمەڵگاو گەلان ڕێک بە پێچەوانەوەیە.

 گۆڕین و دەسکاری کردنی ناسنامەی ئاینی گەلان تەنها ئەوە ناگرێتەوە ئاینێک لاببەی و یەکێکی تری لەجێ دابنێی، بەڵکو زیادکردنی ئاین و ئاینزای تریش بۆ ڕیزبەندی ئاینە فەرمیەکانی وڵات هەمان شتە.

ناسنامەی ئاینی خەڵکی کوردستان ئیسلامە، کەمایەتی ئاینی مەسیحی و ئاینزای یەزیدی و کاکەییش لەکۆنەوە هەن، هەر جۆره نکوڵی و خۆلادانێک لەو ڕاستیە تەنها خۆخەڵەتاندن و ساختەکردنی واقیعی ڕاستەقینەی هەرێمی کوردستانە.

لە ئێستادا کە باسی نوسینەوەی دەستور ناوبەناو باسی دەکرێ، هەوڵی ئەوەش لەئارادایە لەو دەرفەتەدا کۆمەڵێک ناوی تر بۆناو کەمایەتیە ئاینیەکانی هەرێم زیاد بکرێن کە لە ئەرزی واقیعدا هیچ بوون و پێگەیەکی ڕاستەقینەیان نیە یان نەماوە، لەوانەش زەردەشتی، سابیئی، جوو، بەهائی ...هتد.

 ئەو هەوڵانە جگە لە پاڵنەری ئایدیۆلۆجی و شەڕی کۆنەقین لەگەڵ ئیسلام، لەهەمان کاتدا بۆ ئەوەشن بە ڕۆژئاواو جیهانی دەرەوە بڵێن خەڵکی کوردستان دابەش بووە بەسەر چەندین ئایندا، بۆ ئەوەیە ناسنامەی ئیسلامەتی خەڵکی کوردستان کاڵ بکەنەوە.

دامەزراندنی نوێنەرایەتی زەردەشتی و جولەکە لەناو وەزارەتی ئەوقاف بێ ئەوەی شوێنکەوتوویان لەهەرێمی کوردستاندا هەبێ، بەشێکە لەو هەوڵانە.

بەڵام وەک لە پێشەکیەکەدا باسم کرد ئەوانە هەوڵی نەزۆکن و نیشانەی ناواقیعی بوونی خاوەنەکانیانن، کورد تازە ئەدەب و کلتورو مێژوو هەموو بوارەکانی تری ژیانی بەجۆرێک ئاوێتەی ئیسلام بوون لەیەک دابڕینیان مەحاڵە.

ناسنامەی ئاینی خەڵکی کوردستان لەسەر ئاستی دەرەوەش زۆر لەوە ئاشکراترە کەسانێک بیانەوێ وێنای تری بۆ بکەن.

ن: یاسین عبدالله وەرتی
874 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/26/2021 12:36:52 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.