رۆشنبیری گشتی
په‌یڤێك سه‌باره‌ت به‌ته‌ڵاقی سۆزداری یان سارد !!!
په‌یڤێك سه‌باره‌ت به‌ته‌ڵاقی سۆزداری یان سارد !!!  

ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌
ته‌ڵاقی سۆزداری دیارده‌یه‌كه‌ به‌جیابوونه‌وه‌ ده‌چێت به‌ڵام جیابوونه‌وه‌یه‌كی ناته‌واو، هه‌ردوو هاوسه‌ریه‌كتری به‌ته‌واوی به‌جێناهێڵن و ده‌ستبه‌رداری یه‌كترنابن، ئه‌م جۆره‌ ته‌ڵاقه‌ فه‌ڕمی یان شه‌رعی و یاسایی نییه‌،هه‌ردوو هاوسه‌ر له‌چوارچێوه‌ی ماڵێكدا ده‌ژین به‌ڵام په‌یوه‌ندی خێزانی و سۆزو خۆشه‌ویستی و په‌یوه‌ندی لاشه‌یی و گیانی له‌نێوانیاندا نییه، ته‌نها گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری فه‌ڕمی له‌نێوانیاندا ماوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی منداڵ و كه‌سووكارو خه‌ڵكی و لایه‌نی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌و كه‌سایه‌تی خۆیان، ئه‌م جیابوونه‌وه‌ سۆزدارییه‌ پێی ده‌وترێت ته‌ڵاقی سۆزداری، یان ته‌ڵاقی سارد، ته‌ڵاقی لاڵ، یان جیابوونه‌وه‌ی بێ ده‌نگ.
ئه‌م جۆره‌  ته‌ڵاقه‌ له‌كۆمه‌ڵگادا زۆرن  له‌كۆمه‌ڵگای كورده‌واریشدا بوونی  هه‌یه‌، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی دیارنییه‌، هۆكاره‌كانی زۆرو فره‌ ره‌هه‌ندن لێره‌دا ئاماژه‌ به‌سه‌ردێڕی گرنگترینی ئه‌و هۆكاره‌ ده‌ده‌ین:
هۆكاره‌كانی ته‌ڵاقی سۆزداری یان سارد:
1- به‌شێوازێكی گونجاو هاوژین هه‌ڵنه‌بژێراوه‌ به‌ڵكو به‌رووكه‌شی و بێ ورد بوونه‌وه‌و لێكدانه‌وه‌.
2- نه‌بوونی ده‌ست خۆشی و سوپاسگوزاری دیاری و بزه‌و خه‌نده‌و هاندان و لایه‌نی مه‌عنه‌وی، له‌نێوان هاوسه‌راندا.
3- بایه‌خنه‌دان به‌پێداویستییه‌  تایبه‌تییه‌ كه‌سییه‌كانی خانمان. 
4- په‌یوه‌ندی تایبه‌تی نه‌بێت یان زۆر كه‌م بێت، یان دوور له‌یه‌ك بخه‌ون و یان هه‌ریه‌كه‌و له‌ژورێكدا.
5- بێتاقه‌تی بێزاری، حه‌ز كردن له‌چوونه‌ ده‌ره‌وه‌و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ماڵ.
6-  ده‌ست خۆشی و ستایش نه‌كردنی یه‌كتری له‌كاتی ئه‌نجامدانی ئیش و كاردا.
7- ژیانێكی رۆتینی ده‌به‌نه‌ سه‌رو شتی تازه‌ی تێدا نییه‌.
8- ده‌ست وه‌ردانی كه‌س و كارو هاوڕێیان له‌ كاروباری خێزانیدا.
9- بڵاوكردنه‌وه‌ی نهێنی خێزانی لای كه‌سووكار.
10- توڕه‌یی وپیا هه‌ڵشاخان وسووكایه‌تی كردن به‌یه‌كتری.
11-  رێز نه‌گرتنی راو بۆچوونی جیاوازی یه‌كتری، هه‌ریه‌كه‌و رای خۆی به‌ته‌واوو درووست ده‌زانێت و به‌رامبه‌ره‌كه‌ی به‌هه‌ڵه‌و ناته‌واو. 
12- نه‌بوونی چالاكی خێزانی هه‌فتانه‌، سه‌ردان و میوانی، گفتوگۆكردن ... تاد.
13- به‌كارهێنانی زمانی هه‌ڕه‌شه‌ له‌كاتی گفتوگۆكردندا وه‌ك: ژنت به‌سه‌ردێنم.
14- ره‌خنه‌و گله‌یی و گازنده‌ و به‌رپرسیارێتی خستنه‌ سه‌ر به‌رامبه‌ر.
15- بێزاری ده‌ربڕین له‌ هه‌ندێ هه‌ڵسوكه‌وت و ئاكاری به‌رامبه‌ر وه‌ك پرخه‌كردن.
16- ناپاكی خێزانی، ناپاكی ئه‌لیكترۆنی ژماره‌یی، به‌هۆی تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌.
 
نیوه‌ی ئه‌م بڕگه‌و خاڵانه‌ له‌ هه‌ركه‌س و خێزانێكدا هه‌بێت ئه‌وه‌ له‌نێو ته‌ڵاقی سۆزداری یان ساردان، پێویستییان به‌ رێنمایی و چاره‌سه‌ر هه‌یه‌.

چاره‌سه‌ری ته‌ڵاقی سارد
1- رێبازی ده‌ست پێشخه‌ری به‌كاربێنه‌، به‌هاوژینه‌كه‌ت بڵێ تۆم خۆش ده‌وێ، ئازیزه‌كه‌م، دایكی فڵان یان هه‌ر ده‌سته‌واژایه‌ك بزانی كاریگه‌ری باش و ئه‌رێنی هه‌یه‌. 
2- دۆزینه‌وه‌ی ئه‌رێنییه‌كان و لایه‌نه‌ باش و خاڵه‌ به‌هێزه‌كان.
3- به‌چاوی په‌پووله‌ یان هه‌نگ ته‌ماشا بكه‌ نه‌ك به‌چاوی مێش. به‌دووی خراپه‌و لاوازییه‌كاندا مه‌گه‌ڕێ و به‌دوای لایه‌نی باش و ئه‌رێنییه‌كانی هاوسه‌ره‌كه‌تدا بگه‌ڕێ، خاڵه‌ جوان و ئه‌رێنییه‌كانی یه‌كتر تۆمار بكه‌ن.
4- نامه‌و ده‌سته‌واژه‌ی جوان بدۆزه‌ره‌وه‌و بینێره‌ بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ت، هونه‌ری هه‌ڵبژاردنی وشه‌ ناسكه‌كان به‌كار بێنه‌ وه‌ك: هاوكاریت بكه‌م، چیت پێویسته‌، ئیشت نییه‌. 
5- پاراستنی نهێنی ماڵ.
6- هه‌فتانه‌ كاتێكی خۆش و به‌سوود له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا به‌رنه‌سه‌ر، به‌میوانی و سه‌ردانی، گه‌ڕان به‌ ئۆتۆمبیل، گفتوگۆكردن ... تاد.
7- گفتوگۆكردن له‌كاتی گونجاوو شیاودا نه‌ك له‌كاتی هیلاكی یان نه‌خۆشی.
8- رۆژانه‌ چه‌ند جارێك گوزارشت له‌ خۆشه‌ویستییان بۆ یه‌كتری ده‌رببڕن، به‌ گوزارشتی مادی وه‌ك پێشكه‌شكردنی دیاری، یان له‌ ئامێزگرتن وماچكردن، یان په‌یڤ وقسه‌ی خۆش وهه‌ست بزوێن.
664 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/6/2021 6:19:25 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.