رۆشنبیری گشتی
بەشداریکردنی موسڵمانان لە یادو بۆنەی شوێنکەوتووانی ئاینەکانی تر (مەسیحی، یەزیدی، ... هتد) .
بەشداریکردنی موسڵمانان لە یادو بۆنەی شوێنکەوتووانی ئاینەکانی تر (مەسیحی، یەزیدی، ... هتد) .

لەهەر وڵاتێک موسڵمان و غەیرە موسڵمان بەیەکەوە بژین بێگومان ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە: 

ئایا دروستە بەشداری یادو بۆنەکانیان بکەین؟

وەڵامەکە بەکورتی ئەوەیە؛
بۆنەو یادەکان بەگشتی دەکرێنە دووبەش:

یەکەم/ بۆنه کۆمەڵایەتیەکان: وەک (سەردانی نەخۆش و پرسەو ژنهێنان و پەیوەندی خزمایەتی و جیرانەتی) بەشداری کردن و سەردانیان لەو جۆرە بۆنانەدا نەک هەر دروستە بەڵکو کارێکی پێویستەو خێرە، بەشێکە لەمافی جیرانەتی و بەیەکەوە ژیان، موافقی ڕەفتاری پێغەمبەری خواشە صلی الله عليه وسلم، بەو مەرجەی لەو کۆڕو دانیشتنەدا موسڵمان تووشی گوناهو تاوانی دیکە نەبێت وەک مەیخۆری و تێکەڵی نەشیاو .

دووەم/ بۆنە ئاینیەکان: ئەو بۆنانەی کە خاوەن ئاینەکانی تر پەرستشی تایبەت بەخۆیانی تێدا ئەنجام دەدەن، وەک نزاکردن و پاڕانەوەو ڕێوڕەسمەکانی تر، موسڵمانان چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ بۆیان دروست نیە بەشداری تێدا بکەن، چونکە ئەوانە پەرستش و دروشمی تایبەتی خۆیانن و زۆرێکیشیان ناکۆکن لەگەڵ بیروباوەڕی ئیسلامی ئێمەدا، موسڵمانان لەسەریانە لەجیاتی بەشداری کردن و خۆ هەڵواسین بەو بۆنانەوە، ڕێز لە خاوەنی ئەو بۆنانە بگرن و کەشێکی وایان بۆ بڕەخسێنن کە بە شێوەیەکی ئازادانە دوور لەهەموو ترس و فشارێک بۆنە ئاینیەکانیان بەڕێوە ببەن.

نمونەی هەردوو جۆره بۆنەکە لە ئێستادا:
یەکەم/ 25/ 12 یادی لەدایکبوونی مەسیح: 
بۆنەیەکی ئاینی مەسیحیەکانە لەناو کەنیسەکاندا بەڕێوە دەچێت، بەشداری کردنی موسڵمان تێیدا جگە لەوەی ناشەرعیە جۆرێکیشە لە خۆ پێدا هەڵواسین و دڵنیام خودی مەسیحیەکانیش حەزیان بەو خۆبردنە پێشە نابەجێیە نیه کە هەندێک لەژێر ناوی پێکەوە ژیاندا دەیکەن.

1/ 1 بۆنەی سەری ساڵ: 
سەری ساڵ گەرچی هەندێک ئاماژەی ئاینی تێدان بەڵام بۆنەیەکی تەواو ئاینی نیەو ڤاتیکانیش بەڕەسمی ئەوەی ڕاگەیاندووە، بۆیە بەشداریکردنی موسڵمان لەو بۆنەیەدا ئەگەر لەچواچێوە کومەڵایەتیەکەدا بێت وەک پیرۆزباییکردن لە دراوسێ مەسیحیەکەت، یان هاوڕێ و هاوپۆل و هاوپیشەکەت ئەگەر مەسیحی بن، ئەوە ڕەفتارێکی ئینسانی جوانە و ناکۆکیش نیە لەگەڵ هیچ بنەمایەکی ئیسلامدا، بەڵام ئەگەر بریتی بێت لە ئاهەنگ گێڕان و هەڵپەڕینی سەرجادەو یانەو هۆڵەکان ئەوە بەهیچ شێوەیەک دروست نیە چونکە موسڵمان لەو شوێنانە تووشی دەیان ناشەرعی گەورە دەبێت.
لەوەش خراپتر ڕازاندنەوەو داپۆشینی شارەکانی کوردستان و وڵاتانی بەناو ئیسلامیە بە دروشمەکانی ئەو بۆنە ڕۆژئاواییە کە نیشانەی چاولێکەری و دۆڕان و ونکردنی ناسنامەی ئاینی و نەتەوەیی و کلتوری گەلانی ناوچەکەیە.

یاسین عبدالله وەرتی
450 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/28/2022 6:13:56 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.