رۆشنبیری گشتی
ماڵەکانتان پڕکەن لە شـــــادی ماڵەکانتان پڕکەن لە کــتـــێــــب..!!
ماڵەکانتان پڕکەن لە شـــــادی 
ماڵەکانتان پڕکەن لە کــتـــێــــب..!!

هەموو مرۆڤایەتی، لەم سەرزەوییەدا ێتە بەدووی یەک شتدا، ئەویش (شادی)یە، وەلێ
هەرکەسەو بە ڕێگایەک! لەگەڵ گرتنەبەری هەزاران ڕیگای جیاوازو هەندێجار گرتنەبەری ڕێگای خراپ و نادرووست، بەڵام ئامانج هەر یەکەو ئاوات هەر یەک.
کرێکارێک بە ماندوویەتی و  ڕشتنی ئارەقی نێوچەوان و چەمینی پشتی لەژێر سەختیەکانی ڕۆژگار بۆ دەستکەوتنی پاروە نانێک و سایەو سێبەرێکە لە شادمانی! ڕاکردنی بازرگان و  دەوڵەمەندان وکێبەرکێی ملیۆنەران و شەیدایانی نێوبانگ و 
شۆرەت و ئالوودەبووان و مەینۆشان، تەنانەت تاوانکاران و خوێنڕێژانیش، هەموو ئەمانە بۆ
گەیشتنە بە شادمانی و بەختەوەری...
لە کاتێکدا زۆرێک لەم ڕێگایانە تەنها لە دیدی ڕێبوارەکانیدا ڕێگای بەختەوەرین! هاوکات ئالوودەبوونی زۆرێکمان بە کڕینی کەمالیات و  حاجیاتی نێومال و سیخناخکردنی ماڵەکانمان بەجل و بەرگ و شتومەك و قاپ و قاچاغ و 
عەنتیکەو تەتکەو دەیان شتی سەیروسەمەرە هەر بە مەبەستی شادمانی و  کامەرانییە!
وەلێ باوەڕ ناکەم کەسمان لەم ڕێگایەوە هەستمان بە بەختەوەری کردبێت؛ چونکە ماڵەکان بەخۆشەویستی و دڵسۆوزی و ڕێزو وەفاوە دەبنە لانەی شادی،نەك بە شتومەک و کاڵای ئاڵ و واڵا!! ئەی کتێب؟!! باشترین هاوڕێ و چاکترین مامۆستا! بەداخەوە لەلای زۆرمان لە هاوکێشەکەدا ونەو هیچ حساوێکی بۆ نەکراوە!
کتێب لای ئێمە، هێندی کەوانتەرێک، یا تەباخێک، یا سەلاجەو جلشۆرێک، یاخود دەستە پەرداخێک کە ڕۆژانە دانەیەکیانی لێ دەشکێ،ئەرزشی نییە!!ماڵەکانمان ساردوسڕە؛ چونکە هێندەمان شتی بێگیان تێ ئاخنیوە! خەریکە خۆشمان وەک بێگیانێک مامەڵە دەکەین!!!وەرن با ماڵەکانمان پڕ بکەین لە کتێب، نان بفرۆشین بیدەین بە کتێب، نەك تەنها قاپ وکەوچک، ئەوکات ماڵەکانمان پڕ دەبێت لە شادی،پارەکانتان بدەن بەشتومەکێک کە قسەتان لەگەل
بکات، وەک مامۆستایەک ئامۆژگاریتان بکات، چیرۆکتان بۆ بڵێت، خەندە بخاتە سەر لێوتان، یاریتان بۆ بکات،زمانی هەموو ئەندامانی خێزان بزانێت تاو بۆن و ڕەنگ بخاتە نێو ساتەکانی ژیانتان،چێشتەکانتان خۆشترو کۆڕو مەجلیسەکانتان گەرمتر بکات، گەر دەتانەوێت ماڵەکانتان پڕ بێت لە گوڵ و ،،هەناسەتان بۆنی گوڵاو بێت و دڵتان پڕبێت لە خۆشی... ماڵەکانتان پڕ بکەن لە کتێب..

"گۆڤاری بڕیار"
524 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2/8/2022 1:44:54 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.