رۆشنبیری گشتی
نابینا بوونی دەروون چییە؟ هۆکار و چارەسەرەکانی کامانەن؟ بەشی یەکەم
نابینا بوونی دەروون چییە؟
هۆکار و چارەسەرەکانی کامانەن؟

( بەشی یەکەم ) 

بەناوی خودای بێهاوەڵ ...
ڕەنگە ناونیشانی باسەکەمان نامۆ و جێگەی تێڕامان بێت بۆ تۆی خوێنەری ئەزیز، بەجۆرێک دەیان پرسیار لە ناختدا گەڵاڵە بێت، بەوەی کە ئایا دەکرێت دەروونی مرۆڤ نابینا بێت لەکاتێکدا دەروون بۆ خۆی جیهانێکە لە ناواخنی هەستەکانی مرۆڤدا؟ 
یاخود ئەگەر دەروون توشی نابینا بوون بێت ئیدی چاوی سەرمان ڕۆڵی چییە؟ ئایا دەروون گەر نابینا بوو کاریگەری چی دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ؟ و .... هتد . 
بێگومان بۆ هەریەکە لەم پرسیارانە وەڵامی شیاو هەیە، بەڵام لێرەدا بەشێوەیەکی گشتی دەڵێین بەدڵنیاییەوە دەروونی مرۆڤ بەهەمان شێوەی چاوەکانی کە بەرجەستە و بینراون توشی بەدبینی یاخو نابینا بوون دەبن ئەمەش بابەتێکی سەلمێنراوە و زانایانی دەروونناس و پێشڕەوانی بوارەکە و زانستی سەردەم ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن، بێگومان ئەم بابەتەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤ لەسەرجەم ڕووەکانەوە، لێرەدا پشتیوان بە خودا ئاماژەیەکی خێرا بە هەندێک هۆکار و چارەسەرەکانی دەکەین ئەوانیش:

۱ـ تێڕوانین بۆ دونیا بەشێوەیەکی ڕەها: ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە مرۆڤ بەرەو هەڵدێر دەبات چونکە پێی وایە تەنها ئەو ئاڕاستەیە دروستە کە خۆی لەسەری ڕێ دەکات بەمەش دەروونی کوێر دەبێت لە بەرامبەر ڕاستییەکاندا، بێگومان ئەمەش شکست و تەنها مانەوەی لەدوایە، چونکە لەژیاندا تەنها زاتی پیرۆزی خودا بەڕەهایی بوونی هەیە لە بەرامبەردا سەرجەم بابەتەکانی دیکە ڕێژەیین، بۆ وێنە ناکرێت لەنێوان دوو مرۆڤی دژ بەیەک سەرجەم هۆکارەکانی گرفتەکە بخرێتە ئەستۆی لایەنێک بەڵکو هەرلایەنە بەپێی توانای خۆی پشکدارە لە خەتاکاریدا. 
چارەسەریش بریتیە لە گۆڕینی تێڕوانین و باشتر لێکدانەوەی جەمسەرەکانی هەر بارودۆخێک ئەوکات دەتوانین بەئاسانی باش و خراپ و ڕەش و سپی لەیەکتری جیا بکەینەوە، بەمەش لەلایەک دوور دەبین لە بەدبینی دەروون وجەستەیی لە لایەکی دیکە نابینە بەشێک لەستەم لە ژیانماندا.

۲ـ خۆشەویستی لە ڕادەبەدەر: پێکهاتەی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ بەجۆرێکە کە حەز و ئارەزووی هەیە بۆ گەیشتن بەو شتانەی کە چێژبەخشن بۆی ئیدی ڕێگە پێدراو بن یاخود یاساخ لەڕووی یاسای ئاسمانی و زەوی، بەڵام لێرەشدا هەندێ کات مرۆڤانێک زیاد لە پێویست خۆشەویستیان بۆ مرۆڤێک یاخود کەرەستە یاخود حەزێکی خودی هەیە تاڕادەی بوونە کۆیلە و پەرستش بەو مانایەی هەموو ڕەزامەندی و خۆشیەک پەیوەست دەکات بەو شتە دیاری کراوەی خۆشی دەوێت ئەمەش وادەکات کە دەروونی نابینا بێت لە ئاستی دەوروبەر و ڕاستییەکان تاوای لێدێت هیچ مانایەک بۆ ژیانی نامێنێتەوە.
چارەسەریش بریتیە لەوەی کە مرۆڤ تەنها دڵ و دەروون و ئارەزووەکانی نەکاتە پێوەر بۆ خۆشویستنی شتێک بەڵکو دەبێت هەمیشە عەقڵ و ژیری بکاتە پێشەوا بۆ لێکدانەوەی هەر شتێک کە دەخوازێت خاوەنی بێت بەمجۆرەش هاوسەنگی دەگەڕێتەوە بۆ ژیانی و دوور دەبێت لە هەڵە و دەبێتە مرۆڤێک کە ئارام و دڵنیا و پارێزراوە لە بەدبینی دەروونی و جەستەیی.

بەهیوای سود و بەختەوەری بۆ هەمووان.

نوسین : دیار بکر
392 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 1:11:24 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.