تەندروستی
‎۱۰ ڕێنمایی پێویست سەبارەت بە سەردانیکردنی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان


۱۰ ڕێنمایی پێویست سەبارەت بە سەردانیکردنی نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان:

ھاونیشتیمانیانی خۆشەویست،

کەم تا زۆر ھەر ھاوڵاتیەک بە ھۆی تێکچونی باری تەندروستیەوە پێویستی بە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان دەبێت، لەم ڕێنماییانەی خوارەوە باس لەوە دەکەین چۆن بتوانین بە ئاسانی سود لە فریاکەوتنەکان وەربگرین:

۱. نەخۆشخانەی فریاکەوتن، ھەر وەک لە ناوەکەیدا دیارە بۆ بارە لە ناکاوەکانە، کە نەخۆش پێویستی بە چارەسەری بەپەلە ھەبێت، نەک بۆ باری سادە سەردانی فریاکەوتن بکەیت کە بارەکە لە ناکاو نەبێت، بۆ بارودۆخی سادە ڕێگای ڕاست ئەوەیە سەردانی بنکەی تەندروستی بکرێت، فریاکەوتن ۲٤ کاتژمێر کراوەیە بۆ بارە لە ناکاوەکان، بە درێژایی ڕۆژەکانی ساڵ، بە پشو و جەژن و بۆنەکانیشەوە.

۲. بۆ بارە لە ناکاوەکەت، زانیاریت ھەبێت کە پێویستە سەردانی کام فریاکەوتن بکەیت، چونکە لە سەنتەری شارە گەورەکان فریاکەوتنەکان پۆلێن کراون بە پێی جۆری نەخۆشیەکان، نەک بە ھەڵە سەردانی فریاکەوتنێک بکەیت کە چارەسەری نەخۆشیەکەی تۆی لێنەکرێت.

۳. لە فریاکەوتنەکان، تیمی پرسگە کاردەکەن بۆ دابینکردنی ھێمنی و ئارامی لە نەخۆشخانە، بۆیە ڕێز لێگرتنیان کارێکی پێویستە.
٤. لە زۆربەی فریاکەوتنەکان بەشی ڕاوێژکاری ھەیە کە پزیشکی دێرین یان پسپۆڕ نەخۆش دەبینێت، بۆ نەخۆش وا گونجاوتر و بەسودترە سەرەتا بچێتە بەشی ڕاوێژکاری.

٥. کە چویە فریاکەوتنەکان ئەرکی کەسەکان بزانە، پزیشک(دکتۆر) بەرپرسە لە بینینی نەخۆش و دەستنیشانکردنی نەخۆشی و نوسینی چارەسەر، دەستەواژەی دکتۆر! بە کار دێت بۆ پزیشکی ڕەگەزی نێر، دەستەواژی دکتۆرە! بەکار دێت بۆ پزیشکی ڕەگەزی مێ, پەرستار و کارمەندانی تەندروستیش یارمەتی پزیشک دەدەن لەپڕۆسەی چارەسەرکرنی نەخۆش وەکو( دانانی کانیۆلا، پێدانی موغەزی، تداوی، دەرزی لێدان، خوێن وەرگرتن، گرتنی تیشک، پشکنینی تاقیگەیی. ھتد)، کارمەندانی کارگێڕیش بەرپرسن لە ڕێکخستنی کاری ئیداری نەخۆشخانە.

٦. کە پزیشک دەرمانت بۆ دەنوسێ، دەرمان لە دەرمانخانە وەردەگیرێت، کە بەشێک لە دەرمانەکان نەبوو تاوانی پزیشک و کارمەندی تەندروستی نیە، ناکرێ بچیەوە گلەیی لەوان بکەیت سەبارەت بە نەبونی دەرمان، کە دەرمانەکەت ھێنا بۆ وەرگرتنی دەرمانەکە داوای ھاوکاری لە کارمەندی تەندروستی بکە، بۆ نمونە بۆ ئەوەی دەرزیەکەت لێبدرت.

۷. بۆ ئەوەی ئاسان کارەکانت بکەی و بە شەکانی فریاکەوتن بزانی، بە وردی سەرنج بدە ھێڵی ئاڕاستەکردن ھەیە بۆ نمونە بۆ بەشی تیشک، تاقیگە، دەرمانخانە.

۸. لە فریاکەوتن ئارامی بپارێزە، تا زیاتر ئارامی بپارێزی و ڕێز لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشانەکە بگریت، ئەوا نەخۆشەکەت زیاتر خزمەت دەکرێ، ڕاستە لە فریاکەوتن نەخۆش زۆر زۆرە، لە ھەمان کات ڕێژەی پزیشک کەمە بۆیە پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە چاوەڕوانی بکەیت تاکو چارەسەری پێویستت دەکرێت، بە تایبەت کاتێک نەخۆشێک بارودۆخی زۆر لە ناکاو بێت، دەبێت ڕێبدەیت چارەسەری بۆ بارە زۆر لە ناکاوەکە بکرێت لە پێش تۆ.

۹. پزیشک و کارمەندانی تەندروستی کەس و کاری تۆن، ھەست بە ماندووبونیان بکە، دەست خۆشیەک ھەستی ماندووبونیان کەم دەکاتەوە و ھانیان دەدات بۆ کاری باشتر، گەر پزیشکێک یان کارمەندێکی تەندروستیت بینی ماندوە ئەوە بزانە بە ھۆی زۆری ژمارەی نەخۆشەوە ھیلاک بووە. فریاکەوتن ھەیە ڕۆژانە زیاتر لە ۱۰۰۰ نەخۆش سەردانی دەکرێت.

۱۰. گەر ھەر کاتێک زانیت پزیشکێک، یان کارمەندێکی تەندروستی بە خۆویستانە و بە بێ ھۆکار کارەکەت بۆ ناکات و کەمتەرخەمە و یارمەتیت نادات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەت، ئەوا ھێمن بەو کێشەکە گەورە مەکە، ڕاستەوخۆ سەردانی ئێشکگری کارگێری نەخۆشخانە بکەو سکاڵای خۆت بگەیەنە تاکو ڕاستەوخۆ بەدواداچون بکرێت و کەسی کەمتەرخەم ئاگادار بکرێتەوە، تاکو بەشدار بیت لە چاککردنی کێشەکە، نەک ئەوەی شتێکی بچوک گەورە بکەیت.

خودایە ھەموو لایەک سەلامەت بکەیت، تەندروستی باش بدەیت بە ھەموو لەیەک.

د/ ھێرش قادر دەربەندی.
ئەندامی بەشی ھۆشیاری تەندروستی مێرسی ئای

1759 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/2/2019 5:19:16 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.