تەندروستی
ڤاکسین ( کوتان ) منداڵەکانتان لە کوتانەکانیان بێ بەش مەکەن !


ڤاکسین ( کوتان )  منداڵەکانتان لە کوتانەکانیان بێ بەش مەکەن !


ڤاکسین پێکھاتەیەکە مرۆڤ لە چەندین نەخۆشی مەترسیدار و تەنانەت کوژەریش ئەپارێزێت. بە پێچەوانەی دەرمانە پزیشکیەکان کە بۆ چارەسەرکردن بەکاردێن ڤاکسین بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشی.
بەگشتی ڤاکسین دروست ئەکرێت لە ڕێژەیەکی کەم لە بەکتریا یان ڤایرۆسی کوژراو یان لاوزکراو.
زۆر ئاسانترە و تێچوویکەمترە کە ڕێگە لە تووشبوون بە نەخۆشی بگری لەوەی چارەسەری بکەی ھەروەکو چۆن وتراوە (خۆپاراستن باشترە لە چارەسەرکردن) ئەمەش ئامانجی ڤاکسینکردنە.
بەدرێژای چەندین ساڵ ڤاکسین بۆتەھۆکاری نەھێشتنی چەندین نەخۆشی وەک سورێژە, کۆکەڕەشە, ئاوڵە و ئیفلیجی منداڵ کە لەساڵانی ڕابردوودا ھۆکاری مردنی چەندین منداڵبوون.
* منداڵەکەت چ جۆرە ڤاکسینێکی بۆ ئەکرێت؟
منداڵ ھەر لەو کاتەی لەدایک ئەبێت تا تەمەنی ٦ ساڵی بەپێی خشتەیەک کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی دیاری ئەکرێت لە دژی چەند جۆرێکی نەخۆشی ڤاکسینی بۆ ئەکرێت, کە ئەمانەن:
١- ڤاکسین دژی ڤایرۆسی ھەوکردنی جگەر جۆری B (ئەم ڤایرۆسە ئەبێتە ھۆی لەکارکەوتن و شێرپەنجەی جگەر و ئەبێتە ھۆی مرن لە کەسی توشبوو بەم ڤایرۆسە)
٢- ڤاکسین دژی ڤایرۆسی Rota کە ئەبێتە ھۆی ھەوکردنی ڕیخۆڵە.
٣- ڤاکسین دژی نەخۆشی (دەردەکۆپان, گەزاز, کۆکەڕەشە).
٤- ڤاکسین دژی Haemophilus influenzae type B
٥- ڤاکسین دژی نەخۆشی Pneumococcal 
٦- ڤاکسین دژی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ
٧- ڤاکسین دژی ئینفلۆنزا
٨- ڤاکسین دژی نەخۆشی ( سورێژە, ملەخڕێ, سورێژە ئەڵمانی). 
٩- ڤاکسین دژی نەخۆشی دڕکە مێکوتە 
١٠- ڤاکسین دژی نەخۆشی ھەوکردنی جگەر جۆری A.
١١- ڤاکسین دژی نەخۆشی ھەوکردنی پەردەکانی مێشک.
* کاریگەریە لاوەکیەکانی ڤاکسین چین؟
ڤاکسین سەلامەتترین و باشترینە بۆ ھەرکەسێک کە بەکاریبێنێت بەڵام وەک ھەر دەرمانێکی تر کاریگەری لاوەکی ئەبێت. 
وەک سووربونەوە و ئاوسانی شوێنی دەرزیەکە لەگەڵ (تا)یەکی کەم, کە دوای چەند ڕۆژێک کاریگەریەکانی نامێنێت. 
ھەندێک منداڵ ھەستیاریان ھەیە بەرامبەر ڤاکسین کەدوای ماوەیەکی کەم لە بەکارھێنانی نیشانەکانی دەرئەکەون, لەم کاتەدا پێویستە دکتۆر ئاگاداربکەیتەوە.
تکایە دایکی ئازیز ھیچ کات منداڵەکەت بێبەشمەکە لە کوتانەکانی و لەکاتی خۆیدا کوتانەکانی بۆ ئەنجامبدە.
یەک دوو ڕۆژ ناڕەحەتی منداڵەکەت باشترە لەگیرۆدەبوونی بە نەخۆشیەکی کوشندە.

بەنان رزگار 

3372 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/2/2019 5:30:41 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.