تەندروستی
سودەکانی خواردنەوەی ئاو چییە؟

سودەکانی خواردنەوەی ئاو چییە؟

 پێویستە ڕۆژانە چەند ئاو بخۆیتەوە؟

ئاو یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکان بۆ لەشی مرۆڤ و پێویستە ڕۆژانە بە بڕی پێویست بخورێتەوە، چونکە دەبێتە هۆی پاراستنی لەش لە نەخۆشیەکان و بەرگری لەش بەهێز دەکات، هاوکات خواردنەوەی ئاو بەشێوەیەکی کەم، زیانی هەیە و دەبێتە هۆی وشکبونەوەی لەش.

بەپێی هەواڵێکی healthline چەندین بیروڕای جیاواز هەیە دەربارەی ئەوەی کە رۆژانە پێویستە چەند ئاو بخورێتەوە، بەڵام بەگشتی پسپۆڕان لەسەر ئەوە کۆکن کەپێویستە 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە کە دەکاتە 2 لیتر ئاو، خواردنەوەی ئەم بڕە لە ئاو چەندین سودی گرنگ بە جەستە دەبەخشێت.

سودەکانی چین؟

بەپێی ئەو راپۆرتە پزیشکییە خواردنەوەی هەشت پەرداخ ئاو وزەیەکی زیاتر بە جەستە دەبەخشێت و جەستە چالاک دەکات، چالاکی مێشک باشتر دەکات، لە سەرئێشە بەدورت دەخات.

هەروەها خواردنەوەی ئاو بەبڕی پێویست یارمەتی دابەزینی کێشی جەستە دەدات، چونکە مێتابۆلیزم چالاک دەکات، یارمەتی جەستە دەدات کالۆری زیاتر بسوتێنێت، کاریگەرییەکی باشتری دەبێت ئەگەر لەپێش ژەمەکانەوە بخورێت.

سەرەڕای ئەوانەش گرنگیدان بە خواردنەوەی ئاو بەبڕی پێویست مەترسی توشبون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە، بەتایبەتی شێرپەنجەی میزڵدان، هەروەها مەترسی دروستبونی بەردی گورچیلە کەمدەکاتەوە، هاوکات پارێزگاری لە پێست دەکات و رێگرە لە دروستبونی زیپکەی روخسار.

تەنیا خواردنەوەی ئاو پێویستە؟

خواردنەوەی ئاو تەنیا هۆکار نییە بۆ شێدارکردنەوەی جەستە، چەندین خۆراکی دیکە هەیە کە ڕێژەیەکی زۆر لە ئاوی تێدایە کاریگەریان هەیە لەسەر جەستە، وەکو سەوزە و میوە، بەتایبەتی ئەو میوانەی رێژەیەکی زۆر لەئاوی تێدایە.

چەند خواردنەوەیەکی دیکە هەیە کە جێگەی ئاو ناگرنەوە لە جەستەدا وەکو چا و قاوە، تەنانەت ئاوی جەستەش بەفیڕۆ دەدەن، چونکە ماددەی کافایینیان تێدایە و دەبنە هۆی وشکبونەوەی جەستە.

چەند بڕی ئاو بۆ جەستە گرنگە؟

رێژەیەکی دیاریکراو نییە کە بۆ جەستە پێویست بێت رۆژانە، چونکە بەپێی کات پێویستی جەستە بە ئاو دەگۆڕێت، لەو کاتانەدا پێویستە متمانە بە تینویەتی خۆت بکەیت.

بۆ کەسانی ئاسایی پێویستە رۆژانە بەپێی ئاستی تینویەتی خۆیان ئاو بخۆنەوە، بەڵام کاتێک جەستە زیاتر لە کاتی ئاسایی ئارەق دەکاتەوە بەهۆی گەرما یان وەرزشکردنەوە پێویستە ئاو زیاتر بخورێتەوە.

هەروەها لە کاتی توشبون بە نەخۆشی و بەزبونەوەی پلەی گەرمی یان توشبون بە سکچون پێویستە زیاتر لە 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە.

دەربارەی خانمانی دوگیان یان ئەو دایکانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکانیان پێویستە کەمتر لە 10 پەرداخ ئاو نەخۆنەوە، لەپێناو تەندروستی خۆیان و کۆرپەکانیان.

1808 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
7/1/2020 5:31:41 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.