هۆشیاری خێزانی
با هاوسه‌ران وه‌رگێڕانی هه‌ڵه‌ بۆ ئاخاوتنه‌كانی یه‌كتری نه‌كه‌ن!!!
با هاوسه‌ران وه‌رگێڕانی هه‌ڵه‌ بۆ ئاخاوتنه‌كانی یه‌كتری نه‌كه‌ن!!!


ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

بۆئه‌وه‌ی ژیانی خێزانی به‌رده‌وام بێت ده‌خوازێت په‌یوه‌ندی نێوان ژن ومێرد باش و ته‌با بێت و به‌چاكی له‌واتاو مه‌به‌ستی یه‌كتری تێ بگه‌ن و له‌زمانی ژیانی خێزانیدا به‌هره‌مه‌ند بن، چو نكه‌ زۆرێك له‌كێشه‌ خێزانییه‌كان به‌هۆی لێك حاڵی نه‌بوونی ژن ومێرده‌وه‌ روو ده‌ده‌ن، چونكه‌ هه‌ریه‌كه‌یان رووكه‌شانه‌ لێكدانه‌وه‌ بۆ گوفتارو ده‌سته‌واژه‌كانی یه‌كتر‌ی ده‌كه‌ن.
 گرنگه‌ هاوسه‌ره‌كان بزانن چۆن له‌ مانای وشه‌و ده‌سته‌واژه‌كانی یه‌كتری تێبگه‌ن و وه‌رگێڕان و لێكدانه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی بۆ نه‌كه‌ن،  چونكه‌ سه‌ره‌نجام  ‌لۆمه‌و سه‌رزه‌نشتی یه‌كتری ده‌كه‌ن و تووشی كێشه‌و گرفت ده‌بن.
ئه‌م كێشانه‌ی روو ده‌ده‌ن هه‌ڵه‌نین له‌وه‌رگێڕانی زمانه‌ بیانییه‌كاندا، به‌ڵكو هه‌ڵه‌ن له‌وه‌رگێڕانی زمانی ژیانی خێزانیدا. وشه‌ له‌زاری كه‌سێكیان ده‌رده‌چێت و گوزارشت له‌ناوه‌ڕۆكێكی دیاری كراوو بارێكی ده‌روونی تایبه‌ت ده‌كات، به‌ڵام لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی جیاواز یان رووكه‌ش وه‌ری ده‌گێڕێت و لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كات، لێره‌وه‌ هه‌راو به‌زم و كێشه‌ درووست ده‌بێت.
 بۆبه‌رچاو ڕوونی باسه‌كه‌مان ئاماژه‌ به‌چه‌ند نموونه‌یه‌كی كرداری ده‌ده‌ین كه‌له‌ژیانی رۆژانه‌ی خێزانه‌كاندا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌:
 یه‌كه‌م: هه‌ندێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی پیاوان به‌هه‌ڵه‌و ڕواڵه‌تی لێی تێده‌گه‌ن وبه‌هۆیه‌وه‌ كێشه‌و گرفت رووده‌دات:
ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌رگیز پێكه‌وه‌ ناچینه‌ ده‌ره‌وه‌.
 پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ راست نییه‌ دوێنێ نه‌چووین بۆمیوانی.
ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: من زۆر هیلاكم ناتوانم هیچ ئیشێك بكه‌م.
 پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌مه‌ ماقوڵ نییه‌ چییه‌ په‌كت كه‌وتووه‌.
ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: ئه‌م ماڵه‌ به‌رده‌وام شێواوه‌.
 پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: نا وانییه‌ به‌رده‌وام نه‌شێواوه‌.
ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: پیاوه‌كه‌ بایه‌خی زیاترم پێ بده‌.
پیاوه‌كه‌ ده‌ڵێت: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه‌ بایه‌خم پێنه‌داوی؟!
ئه‌گه‌ر پیاوه‌كه‌ له‌ مه‌به‌ستی گله‌یی و گازنده‌ی ژنه‌كه‌ی تێ بگات ئه‌وكات مشتومڕ له‌نێوانیان درووست نابێت و ده‌توانێت به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ئه‌رێنی وه‌ڵامی بداته‌وه،‌ به‌مه‌ش زۆر بێنه‌وبه‌ره‌ و كێشه‌ و ئاڵۆزی له‌خۆیان دوور ده‌خاته‌وه‌. 
له‌نموونه‌كانی پێشووه‌وه‌ ده‌ركه‌وت پیاوه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی حه‌رفی و ڕواڵه‌تی له ئاخاوتنی ژنه‌كه‌ی تێگه‌یشتووه‌، بۆیه‌ نه‌یتوانیوه‌ تێبگات له‌په‌یام و‌مه‌به‌‌ستی ژنه‌كه‌ و وه‌ڵامێكی شیاوی بداته‌وه‌، وه‌ڵامه‌ رووكه‌شه‌كه‌شی بۆته‌ مایه‌ی خراپ حاڵی بوون و مشتومڕ. 
یه‌كێك له‌كێشه‌ گه‌وره‌كانی په‌یوه‌ندی خێزانی بریتییه‌ له‌به‌كارهێنانی وشه‌و ده‌سته‌واژه‌ی شاراوه‌و نادیار، بۆ نموونه‌ یه‌كێك له‌و رستانه‌ی ژنان كه‌ به‌هه‌ڵه‌ لێكدانه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت بریتییه‌ له‌ ده‌سته‌واژه‌ی: ( تۆ گوێم لێ ناگریت) ئه‌گه‌ر پیاو به‌رووكه‌شی له‌‌م گفته‌ی ژن  بڕوانێت مانای وایه‌  پیاو هه‌ست و سۆزی ژنه‌كه‌ی رانه‌گرتووه‌، فه‌رامۆشی كردووه‌، سه‌ره‌نجام كێشه‌و  ده‌نگه‌ ده‌نگ دێته‌ ئاراوه‌.
به‌ڵام وه‌رگێڕانی كرداری ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌: تۆ له‌مه‌به‌ستی قسه‌كانم تێ ناگه‌یت و بایه‌خ به‌هه‌ست وسۆزم ناده‌یت، ده‌مه‌وێ بۆمی ده‌رخه‌یت كه‌ بایه‌خ به‌قسه‌كانم ده‌ده‌یت.
كاتێك ژن ده‌ڵێت: ئێمه‌ هه‌ر ناچینه‌ ده‌ره‌وه‌، پیاوه‌كه‌ وه‌رگێڕانی حه‌رفی بۆ ئاخاوتنه‌كه‌ ده‌كات و وا حاڵی ده‌بێت كه‌ئه‌م  پیاوه‌ كه‌سێكی  كه‌مته‌رخه‌مه‌و ئه‌ركی خۆی جێبه‌جێ ناكات و ژنه‌كه‌ی بێ هیوایه‌ به‌رامبه‌ری.
به‌ڵام وه‌رگێڕانی راست ودرووست ئه‌وه‌یه‌: من حه‌ز ده‌كه‌م پێكه‌وه‌ بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ و پێم خۆشه‌ كاته‌كانم له‌گه‌ڵ تۆدا به‌سه‌ربه‌رم و له‌گه‌ڵتابم.
ژن كه‌ده‌ڵێت: من ماندووم و ناتوانم هیچ كارێكی تر بكه‌م.
وه‌رگێڕانی حه‌رفی رووكه‌ش  بۆ ئاخاوتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: من هه‌موو ئیشه‌كان ده‌كه‌م تۆ هیچ ئیشێك ناكه‌یت، من پێویستیم به‌پیاوێكه‌ یارمه‌تیم بدات، هاوسه‌رگیریمان سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.
وه‌رگێڕانی ته‌واوو درووست بریتییه‌ له‌: من ئه‌مڕۆ كاری زۆرم كردووه‌، پێویستیم به‌ هه‌ندێ پشوودان هه‌یه‌، ئێستا ناتوانم ئیشێكی تر بكه‌م، ئایا تۆ یارمه‌تیم ده‌ده‌یت، دڵنیام ده‌كه‌یته‌وه‌ ئه‌وئیشانه‌ی من ده‌یكه‌م خراپ نییه‌، ئایا من شایسته‌ی  پشوودان نیم.
ژنه‌كه‌ ده‌ڵێت: ماڵه‌كه‌ به‌رده‌وام شێواوه‌.
وه‌رگێڕانی حه‌رفی و ڕوواڵه‌تی ئه‌وه‌یه‌:  ماڵه‌كه‌ به‌هۆی تۆوه‌ به‌رده‌وام شێواوه‌، من هه‌ركاتێك پاكی ده‌كه‌مه‌وه‌ تۆ پیسی ده‌كه‌یت، تۆ كه‌سێكی گوێ به‌هیچ ناده‌یت ناتوانم له‌گه‌ڵت بژیم،  تۆ گۆڕانكاری له‌خۆتدا ده‌كه‌یت، بڕۆ ماڵه‌كه‌ خاوێن كه‌ره‌وه‌ یان له‌ژیانم بچۆره‌ ده‌ره‌وه‌.
وه‌رگێڕانی درووست: من ماندووم حه‌زده‌كه‌م تۆزێك پشوو بده‌م، به‌ڵام ماڵه‌كه‌ پێویستی به‌ڕێكخستن هه‌یه‌، تۆ پێشبینی ئه‌وه‌م لێ ناكه‌یت جارێكی تر من هه‌موو ماڵه‌كه‌ پاك بكه‌مه‌وه‌، ئایا هاوڕای منی ماڵه‌كه‌ پێویستی به‌رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، ئایا له‌هه‌ندێ له‌ئیشه‌كاندا یارمه‌تیم ده‌ده‌یت؟
خراپ تێگه‌یشتن له‌قسه‌و ئاخاوتنی هاوژینه‌كه‌ت ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆزی و مشتومڕ، بۆده‌رچوون له‌م ته‌نگژه‌و خراپ حاڵی بوونه‌ پێویسته‌ ژن و مێرد ته‌نها ته‌ماشای  رووكه‌شی قسه‌و ده‌ربڕینه‌كان نه‌كه‌ن به‌ڵكو ماناو مه‌به‌ستی ئاخاوتنه‌كان به‌هه‌ند وه‌رگرن، بۆیه‌ ده‌خوازێت پیاوان فێری وه‌رگێڕانی ئاخاوتنی خانمان بن.
دووه‌م: هه‌ندێك له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی خانمان به‌هه‌ڵه‌ لێی تێده‌گه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ كێشه‌وئاڵۆزی رووده‌دات:
كاتێك پیاو ده‌ڵێت: من باشم.
ژن وا تێده‌گات: من بێزارم نیم و گوێی ناده‌مێ، نامه‌وێ تۆ به‌شداری هه‌ست و بیرۆكه‌كانم بیت، چونكه‌ من متمانه‌م به‌یارمه‌تیدانی تۆ نییه‌.
به‌ڵام وه‌رگێڕانه‌ ته‌واوه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ من باشم و ده‌توانم كاره‌كان راپه‌ڕێنم و پێویستیم به‌هیچ نییه‌ سوپاست ده‌كه‌م.
كاتێك پیاو ده‌ڵێت: هیچ شتێك نییه‌.
ژن وا تێده‌گات: نازانم چی شتێك وا ئه‌م پیاوه‌ی بێزار كردووه‌، با پرسیاری لێ بكه‌م و یارمه‌تی بده‌م بۆ ئه‌وه‌ی تێ بگه‌م و بزانم چی روویداوه‌. 
له‌میانه‌ی ئه‌م تێگه‌شتنه‌وه‌ ڕواڵه‌تییه‌وه‌ ژنه‌كه‌ پرسیار دوای پرسیار له‌مێرده‌كه‌ی ده‌كات، له‌كاتێكدا واباشه‌ مێرده‌كه‌ی بێزارو سه‌رقاڵ  نه‌كات و به‌ته‌نها وازی لێبێنێت.
وه‌رگێڕانی ته‌واو بۆ ئاخاوتنی پیاوه‌كه‌: هیچ شتێك نییه‌ بێزارم بكات، تكا ده‌كه‌م پرسیاری زیاترم لێ مه‌كه‌، چونكه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م و بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ چۆن ئه‌م كاره‌ چاره‌سه‌ر بكه‌م.
1143 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2/8/2022 1:54:35 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.