هۆشیاری خێزانی
خاتوونه‌كان بزانن چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ مێرده‌كانتان ده‌كه‌ن؟! ئەڵقەی یەکەم
خاتوونه‌كان بزانن  چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ مێرده‌كانتان  ده‌كه‌ن؟! ئەڵقەی یەکەم
ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌.


خاتوونه به‌ڕێزه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ژیانی خێزانیدا ئاسووده‌و سه‌ركه‌وتوو بن و نممونه‌یه‌یه‌كی جوان پێشكه‌شی كۆمه‌ڵگاو نه‌وه‌كانتان بكه‌ن ده‌خوازێت ره‌چاوی ئه‌م ئاراسته‌و رێنماییانه‌ی خواره‌وه‌ بن:
1- پێویسته‌ سرووشتی په‌یوه‌ندی خێزانی بزانیت، چۆنكه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیك وتایبه‌ته‌ و ژیانی دنیاو دوارۆژی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه‌، به‌ناوی خوا ده‌ست پێ ده‌كات و فه‌ڕو به‌ره‌كه‌تی به‌سه‌ردا ده‌ڕژێنێ و چوارده‌وری گیراوه‌ به‌شووره‌ی پیرۆزی و پاكێتی. 
2- وه‌ك مێیینه‌یه‌كی راسته‌قینه‌  هه‌ڵسووكه‌وت بكه‌، رازی به‌ به‌ژنێتی خۆت و  شانازی پێوه‌بكه‌، ئه‌مه‌ش پیاوه‌تی راسته‌قینه ‌لای مێرده‌كه‌ت جۆش ده‌دات، چونكه‌ مێینه‌‌یی درووست پیاوه‌تی ده‌ورژێنێ و چالاكی ده‌كات و مایه‌ی گونجان و ئاسووده‌ بوونه‌، به‌ڵام ژنی سرووشت نێرانه‌ یان پیاوانه‌ كه‌حه‌ز له‌مێیه‌تی خۆی ناكات و نكۆڵی لێ ده‌كات له‌ململانێی توندو تاڵ و ئازاربه‌خشدایه‌ له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌یدا، ئه‌و ژنه‌ واده‌زانێت مێیه‌تی ئه‌و نیشانه‌ی لاوازی و زه‌لیلی و ملكه‌چییه‌ و پیاوه‌تی مێرده‌كه‌ی بریتییه‌ له‌خۆسه‌پاندن و سته‌م،  به‌مشێوه‌یه‌ په‌یوه‌ندی خێزانی ده‌گۆڕێت بۆ دژایه‌تی و ململانێ و ئاژاوه‌ی به‌رده‌وام و هه‌موو ماناكانی پێكه‌وه‌ ژیان وسوكنایی و خۆشه‌ویستی و سۆزو به‌زه‌یی له‌ده‌ست ده‌دات. 
3- له‌سرووشت و كه‌سایه‌تی مێرده‌كه‌ت حاڵی به‌، چونكه‌ هه‌موو كه‌سایه‌تییه‌ك كلیل و ده‌روازه‌ی خۆی هه‌یه‌، ژنی زیره‌ك ئه‌و ده‌روازه‌و كلیلانه‌ ده‌ناسێت، هه‌وڵ ده‌دات به نه‌رموونیانی و كارایی خۆی بگونجێنێ له‌گه‌ڵ سرووشت و كه‌سایه‌تی مێرده‌كه‌یدا ،  بێ ئه‌وه‌ی بژارده‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی خۆی له‌ده‌ست بدات.
4- ئاگاداری بارودۆخی په‌روه‌رده‌بوون و پێگه‌یشتنی مێرده‌كه‌تبه‌، چونكه‌ ئه‌و بارودۆخانه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر دیدو لێكدانه‌وه‌و هه‌سته‌كان و هه‌ڵسووكه‌وت و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌تۆو به‌خه‌ڵكییه‌وه‌، تێگه‌یشتنت بۆ بارودۆخی پێگه‌یشتنی مێرده‌كه‌ت بۆ تانه‌و ته‌شه‌ره‌و سووكایه‌تی یان جنێودان نه‌بێت له‌كاتی توڕه‌ییدا، به‌ڵكو بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخ و داواو تكای پۆزش هێنانه‌وه‌ بێت.
5- مێرده‌كه‌ت خۆش بوێت به‌هه‌موو چاكه‌و هه‌ڵه‌كانییه‌وه‌، وێناو نموونه‌یه‌كی تایبه‌تی  له‌زیهنتدا مه‌نه‌خشێنه‌ مێرده‌كه‌تی پێ به‌راوردو پێوانه‌ بكه‌یت، چونكه‌ ئه‌مه‌ واده‌كات به‌رده‌وام لێی رازی نه‌بیت چونكه‌ ئه‌وكات تۆ ته‌ركیز ده‌كه‌یته‌ سه‌ر ئه‌وشتانه‌ی  كه‌تێیدا نییه‌ به‌به‌راود به‌و نموونه‌یه‌ی له‌ خه‌یاڵ و زیهنی خۆتدایه‌، ئه‌و راستییه‌ بزانه‌ هه‌موو پیاوه‌كان نه‌ك ته‌نها مێرده‌كه‌ی تۆ لایه‌نی باش و لایه‌نی خراپی هه‌یه‌، چونكه‌ سه‌ره‌تاو كۆتایی ئه‌ویش مرۆڤه‌.
6- له‌مێرده‌كه‌ت رازیبه‌ سه‌ره‌ڕای لایه‌نی كه‌موو كورتی، چونكه‌ مرۆڤی ته‌واوو كامڵ بوونی نییه‌، ره‌زامه‌ندی له‌ژیانی خێزانیدا نهێنییه‌كی گه‌وره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌، بزانه‌ ئه‌وشتانه‌ی له‌ده‌ستت چووه‌ و له‌مێرده‌كه‌تدا نییه‌ خۆی گه‌وره‌ بۆت قه‌ره‌بوو ده‌كاته‌وه‌ له‌شتی تردا جا له‌ژیانی دنیا دابێت یان له‌رۆژی دواییدا. 
7- زۆر لۆمه‌و ره‌خنه‌ له‌مێرده‌كه‌ت مه‌گره‌، چونكه‌ به‌م ئاكاره‌ت  كه‌سایه‌تی و شكۆی ده‌شكێنێت و رێزی لێناگریت، سه‌ره‌نجام خۆشه‌ویستی له‌نێوانتاندا نامێنێت، چونكه‌ كه‌سێك نییه‌ كه‌سێكی خۆش بوێت به‌رده‌وام  یان زۆركات لۆمه‌و سه‌رزه‌نشتی بكات.
8- رێز له‌تواناو به‌هره‌كانی بگره‌ هه‌رچه‌نده‌ ساده‌ بێت، دودڵ مه‌به‌ له‌ده‌ست خۆشی و ستایشكردنی ئه‌مه‌ش واده‌كات تواناكانی زیاتر گه‌شه‌بكات و متمانه‌ی به‌خۆی زیاتر بێت و تۆی زیاتر خۆش بوێت. 
9-  گوزارشت له‌هه‌ست و سۆزه‌ ئه‌رێنییه‌كانت بكه‌ به‌هه‌موو زمانه‌ بێژه‌یی و نابێژه‌ییه‌كانه‌وه‌، سۆزو خۆشه‌ویستیت مه‌شاره‌وه‌ لێی له‌به‌ر ترس و دڵه‌ ڕاوكێ یان شه‌رم یان سه‌رقاڵی یان سڵكردنه‌وه‌. 
10- هه‌وڵ بده‌ به‌پێی توانا زاڵ بیت به‌سه‌ر هه‌سته‌ نه‌رێنییه‌كانتدا به‌تایبه‌ت له‌ساته‌ وه‌ختی توڕه‌ییدا، زمانت بگره‌ له‌به‌كارهێنانی وشه‌ی زبرو برینداركه‌ر، ئه‌و كێشه‌و هه‌ڵانه‌ی له‌رابردوودا روویان داوه‌ هه‌ڵیان مه‌ده‌ره‌وه‌و برینه‌كانی رابردوو مه‌كولێته‌وه.
11-  كه‌شێكی دڵنیایی و ئارامی و بێده‌نگی له‌ماڵه‌كه‌تدا بسازێنه‌، له‌كاتی ره‌زامه‌ندیدا هه‌ستی سۆزو خۆشه‌ویستی و له‌كاتی توڕه‌یی و نیگه‌رانیدا هه‌ستی به‌زه‌یی باڵ به‌سه‌رماڵه‌كه‌تدا بكێشێت، بزانه‌ سوكنایی و خۆشه‌ویستی كرداری و به‌زه‌یی سێ كۆڵه‌كه‌ی په‌یوه‌ندی خێزانی سه‌ركه‌وتوون‌.
12- رێزی خانه‌واده‌و كه‌س و كاری مێرده‌كه‌ت بگره‌، به‌رده‌وام باپه‌یوه‌ندی باش هاوسه‌نگت له‌گه‌ڵ خزم و كه‌سه‌ نزیكه‌كانیدا هه‌بێت.
13- با ئاسووده‌یی و دڵخۆشكردنی مێرده‌كه‌ت له‌گرنگترین ئامانجه‌كانی ژیانت بێت ، ئه‌گه‌ر وا هه‌ڵسووكه‌وتت  كرد ره‌زامه‌ندی مێرده‌كه‌ت مسۆگه‌ر ده‌كه‌یت و له‌وه‌ش چاكترو گرنگتر‌ به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌یه‌.
14- گوێڕایه‌ڵی ئه‌رێنی مێرده‌كه‌ت به‌ هه‌روه‌ك له‌قورئانی پیرۆزدا هاتوو:( الرجال قوامون على النساء بما فضل الله بعضهم على بعض وبما أنفقوا من أموالهم . فالصالحات قانتات حافظات للغيب بما حفظ الله ...) . النساء – 34 ،  قیوامه‌ لێره‌دا مه‌به‌ست لێیی خۆسه‌پاندن و زاڵبوون و  و ده‌سته‌مۆكردن نییه‌ به‌ڵكو چاودێری و به‌رپرسیارێتی و  خۆشه‌ویستییه‌، (قانتات)  له‌ئایه‌ته‌كه‌دا به‌مانای گوێڕایه‌ڵی ئاره‌زوومه‌ندانه ‌دێت  به‌ویست و  حه‌زو خۆشه‌ویستی،  نه‌ك به‌تۆپزی و ملكه‌چكردن و ناچاركردن، له‌ راستیدا گوێڕایه‌ڵی ئافره‌تێكی درووست بۆمێرده‌كه‌ی كۆیلایه‌تی و زه‌لیلی نییه‌ به‌ڵكو  گوێڕایه‌ڵییه‌كی چاك و مه‌ردانه‌یه‌ و ‌مایه‌ی ره‌زامه‌ندی و ئاسووده‌ییه‌، په‌رستشێكه‌ ژن به‌هۆیه‌وه‌ له‌خوا نزیك ده‌بێته‌وه‌و لای مێرده‌كه‌شی خۆشه‌ویست ده‌بێت، ئه‌مه‌نیشانه‌ی مێیه‌تییه‌كی درووستی پێگه‌یشتووه‌ له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پیاوه‌تی مێرده‌ به‌رپرسه‌كه‌یدا، كه‌سێك ئه‌م پرس و بابه‌ته‌  ره‌تناكاته‌وه‌ مه‌گه‌ر ئه‌وژنانه‌ی وه‌ك پیاو ره‌فتار ده‌كه‌ن، یان ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی چه‌واشه‌كارانه‌ به‌ناوی مافی  ژنانه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
684 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 1:49:11 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.