هۆشیاری خێزانی
چۆن بینای په‌یوه‌ندی خێزانی ته‌ندرووست بكه‌ین ؟!
چۆن بینای په‌یوه‌ندی خێزانی ته‌ندرووست بكه‌ین ؟!
ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌.
خێزان وه‌زیفه‌ی په‌روه‌رده‌یی بنه‌ڕه‌تی هه‌یه‌ له‌بیناكردنی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌ چاك ودرووسته‌كاندا، كه‌خۆی ده‌بینێته‌وه‌  له‌په‌روه‌رده‌ی لاشه‌یی و ته‌ندرووستی، په‌روه‌رده‌ی ره‌وشتی و ده‌روونی و ویژدانی، په‌روه‌رده‌ی ژیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و نیشتیمانی و ئابووری، په‌روه‌رده‌ی ئایینی و سێكسی و چێژوه‌رگرتن و حه‌سانه‌وه‌.
ئایینی پیرۆزی ئیسلام به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌و پته‌وی داناوه‌ بۆ بیناكردنی په‌یوه‌ندی خێزانی باش و ته‌ندرووست، په‌رژینی كردووه‌ به‌به‌هاو ره‌وشتی جوان وسه‌نگین بۆپاراستنی له‌ هۆكاره‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و لاوازی.
مه‌خابن زۆرێك له‌خێزانه‌كان گیرۆده‌ن به‌ده‌ست ئامرازه‌كانی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌و تێكچوونی شیرازه‌ی خێزان و په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كان و بۆته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌و ده‌وری داون، هه‌روه‌ها شوێنی نه‌ریت و هه‌ڵس و كه‌وتی  هاورده‌ی خراپ و نه‌شیاو كه‌وتوون كه‌پێچه‌وانه‌یه‌ به‌ئایین و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگاكه‌مان، ئه‌مه‌و پابه‌ند نه‌بوونی خێزانه‌كان به‌و بنه‌ما جوان و به‌هێزانه‌ی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دایناوه‌ له‌بواری سیسته‌می خێزانی درووستدا.
دوای ئه‌م ده‌ستپێكه‌ به‌چاكی ده‌زانین ئاماژه‌ به‌سه‌ردێڕی گرنگترین ئامانجه‌كانی پێكهێنان و بیناكردنی په‌یوه‌ندی خێزانی درووست بده‌ین كه‌ بریتین له‌: 
- شوێنكه‌وتن و پیاده‌كردنی سنووره‌ شه‌رعییه‌كان له‌بیناكردنی په‌یوه‌ندییه‌ خێزانییه‌كاندا، به‌شێوازێك منداڵ له‌ماڵێكدا نه‌شوونما بكات و گه‌وره‌ ‌بێت كه‌ له‌سه‌ر بنچینه‌ی خواپه‌رستی  وله‌سایه‌ی به‌هاو نه‌ریت و ره‌وشتی ئیسلامی ره‌سه‌ن و چه‌سپاودا دامه‌زرابێت.
- به‌دیهێنانی سوكنایی ده‌روون و دڵنیایی بۆ ئه‌ندامانی خێزان، بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی سۆزو به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستی و متمانه‌، دوور له‌ ترس و دڵه‌ راوكێ وگرێ و نه‌خۆشی ده‌روونی.
- تێركردن و پاراوكردنی منداڵ به‌‌سۆزو رێزو خۆشه‌ویستی كه‌ به‌ پێداویستی بنه‌ڕه‌تی دێته‌ ئه‌ژماردن‌، ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو به‌دی نه‌یه‌ت ئه‌وا منداڵه‌كان تووشی لادان و چه‌توونی وخراپه‌ ده‌بن و ناتوانن له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ده‌ورووبه‌ریاندا به‌چاكی هه‌ڵسووكه‌وت بكه‌ن و ده‌بنه‌ بارگرانی به‌سه‌ر خه‌ڵكییه‌وه‌، ئینجا به‌دوای حه‌زو پێویستییه‌كانیاندا ده‌گه‌ڕێن و له‌ئامێزی لادان و گومڕایی و سه‌رلێشێواویدا ده‌یدۆزنه‌وه‌. 
ئه‌زموونی زانستی تازه‌ سه‌لماندوویه‌تی و ده‌خوازێت پێویستیه‌كانی منداڵ له‌سۆزو خۆشه‌ویستی پاراو بكرێت، منداڵی ساوا هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ خۆراكی به‌یتێ بۆ گه‌شه‌كردنی به‌ڵكو خۆراكی ده‌روونی و گیانی پێویسته‌ له‌سۆزو خۆشه‌ویستی و به‌زه‌یی ئه‌مانه‌ بنه‌مای بیناكردنی كه‌سایه‌تی منداڵه‌ به‌شێوازێكی درووست.
- پاراستنی ماك و فیتره‌تی منداڵ له‌ لادان وخراپه‌:  خێزان به‌رپرسه‌ له‌ فیتره‌تی منداڵ هه‌ر لادانێك تووشی منداڵ بێت دایباب به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌، چونكه‌ منداڵ بێگه‌ردوو پاك و فیتره‌تی خاوێنه‌ هه‌روه‌ك پێغه‌مبه‌ری خوا صلی الله علیه وسلم فه‌رموویه‌تی:
(  ما مِن مَوْلُودٍ إلَّا يُولَدُ علَى الفِطْرَةِ، فأبَوَاهُ يُهَوِّدَانِهِ أوْ يُنَصِّرَانِهِ، أوْ يُمَجِّسَانِهِ ). رواه البخاری ومسلم.
گرنگترین كۆڵه‌كه‌ی بیناكردنی په‌یوه‌ندی درووستی خێزانی مسوڵمان و پاراستنی له‌لادان و گومڕایی بریتییه‌ له‌: چاودێری ته‌واوی په‌روه‌رده‌و فێركردنی منداڵ، په‌روه‌رده‌ش گه‌شه‌پێدانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی كه‌سایه‌تی ده‌گرێته‌وه‌ له‌ڕووی لاشه‌یی و ژیری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و گیانی و ویژدانی وئاكاروهه‌ڵسووكه‌وت، ئه‌مه‌و په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی بایه‌خ به‌ئاماده‌كردنی  ته‌واوو درووستی مسوڵمان ده‌دات له‌ هه‌موو بواره‌كانی گه‌شه‌كردن و له‌هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانی دنیاو دوارۆژدا له‌ژێر رۆشنایی رێبازو به‌هاو رێگاكانی په‌روه‌رده‌ی ئیسلامی  له‌روانگه‌ی قورئان و فه‌رمووده‌وه‌.
گرنگترین كۆڵه‌كه‌كانی په‌یوه‌ندی خێزانی درووست بریتین له‌:
      1- رێزو خۆشه‌ویستی و سۆزوو به‌زه‌یی له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزاندا به‌تایبه‌ت دایك و باوك.
- پێدانی هه‌موو مافه‌كانی ژن و جێبه‌جێكردنی ئه‌ركه‌كانی به‌ته‌واوی.2
 3- پیاو ئه‌ركی به‌رپرسیارێتی ماڵ و رۆڵی سه‌ركردایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی له‌ئه‌ستۆ بگرێت و كاره‌كانی جێبه‌جێ بكات. 
4- هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌ندامانی خێزاندا به‌تایبه‌ت له‌نێوان ژن و مێردا‌.
- میانه‌یی له‌خه‌رجكرن و پاراستنی ئابووری خێزاندا. 5
 6- هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتی و لێپرسینه‌وه‌ له‌هه‌موو ئه‌ندامانی خێزان، پیاو به‌رپرسه‌ له‌ خێزان ومنداڵه‌كانی، ژنیش به‌رپرسه‌ له‌مێردوو منداڵ خێزانه‌كه‌ی و به‌رپرسه‌ له‌چاودێری ماڵ و منداڵ و به‌شداریی كردن له‌په‌روه‌رده‌كردنیان به‌په‌روه‌رده‌یه‌كی چا ك و درووست، ئاوێته‌ به‌سۆزو میهره‌بانی وخۆشه‌ویستی.
1348 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 1:56:14 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.