هۆشیاری خێزانی
بزانە چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خانمه‌كه‌تدا ده‌كه‌یت؟! ئەڵقەی دووەم
بزانە چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خانمه‌كه‌تدا ده‌كه‌یت؟! ئەڵقەی دووەم
ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌


1- رێزی كه‌س و كاروو خانه‌واده‌ی هاوژینه‌كه‌ت بگره‌و په‌یوه‌ندی باش و هاوسه‌نگییان له‌گه‌ڵدا بپارێزه‌، با ڕاو دیدوو بۆچوونت له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌یدا جیاوازبێت، سه‌ردانییان بكه‌، كه‌میواندارییان كردی به‌جوانی پێشوازییان لێ بكه‌، بزانه‌ رێزگرتنی كه‌س و كاره‌كه‌ی له‌خۆشه‌ویستیت بۆ خێزانه‌كه‌ته‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه،‌  رێزگرتن وچاك بوون له‌گه‌ڵیان به‌شێكه‌ له‌ رێزگرتنت بۆهاوژینه‌كه‌ت.
2- باری ئارامی و دڵنیایی له‌ماڵدا بپارێزه‌ ئه‌مه‌ش چه‌مكی سوكنایی ( السكن) ده‌گرێته‌وه.‌
3- هه‌ست و سۆزه‌ ئه‌رێنییه‌كانت بۆ هاوژینه‌كه‌ت ده‌ربڕه‌، بێ دودڵی و سڵه‌مینه‌وه‌، ئه‌مه‌ش  خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌ی كرداری (المودة) ده‌گرێته‌وه‌.
4- به‌سه‌رهه‌سته‌ نه‌رێنییه‌كانتدا زاڵبه‌ به‌تایبه‌ت له‌كاتی توڕه‌ییدا،  ئه‌گه‌ر هاوژینه‌كه‌ت هه‌ڵه‌یه‌كت لێ بینی هه‌وڵ بده‌ پۆزش یان لێكدانه‌وه‌یه‌كی باشی بۆ بهێنیته‌وه‌،  ئه‌گه‌ر هیچت به‌دی نه‌كرد، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ بزانه‌ هیچ مرۆڤێك به‌بێ هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌و كه‌موو كورتی نییه‌و نابێت.
5- ئاماده‌ییت تێدا بێت بۆ لێبووردن و له‌بیركردنی هه‌ڵه‌كان له‌نزیكترین هه‌لی گونجاودا( چه‌مكی به‌زه‌یی).
6- با هاوژینه‌كه‌ت هه‌ست به‌به‌رپرسیارێتی و چاودێری  تۆ بكات به‌سه‌ریه‌وه‌، بزانێت كه‌تۆ په‌رۆشی ئه‌ویت و چاودێری ده‌كه‌یت، ئه‌مه‌ش واده‌كات  له‌پێش چاویدا پیاوێكی گه‌وره‌و چاك بیت، ئافره‌تی باش به‌رده‌وام پێویستی به‌و هه‌سته‌ هه‌یه‌ كه‌یه‌كێك چاوێری بكات و لێی به‌رپرس بێت، چونكه‌ چاودێری و به‌رپرسیارێتی نیشانه‌ی خۆشه‌ویستی راسته‌قینه‌یه‌.
7-  با هاوژینه‌كه‌ت هه‌ست به‌مێیه‌تی خۆی بكات، له‌هه‌موو كاتێكدا ستایشی بكه‌ پڕ به‌ ماناكانی مێیه‌تی: جوانی ، نه‌رموونیانی ، خۆشه‌ویستی، سۆزو لاوانه‌وه‌، پاك و خاوێنی، دڵسۆزی، وه‌فاداری، له‌ئامێزگرتن ..... تاد.
8- له‌په‌یوه‌ندی خێزانیتاندا بایه‌خ به‌شته‌ بچووكه‌كان بده‌، بیر له‌بۆنه‌ و یاده‌ خۆشه‌كان بكه‌ره‌وه‌، دیاری پێشكه‌شی هاوژینه‌كه‌ت بكه‌ باساده‌و بچووكیش بێت بۆنه‌ هه‌بێت یان نه‌بێت، ستایشی هه‌موو شته‌ باش وجوانه‌كانی بكه‌، پێكه‌وه‌ دوو به‌دوو ده‌رچن بۆ پیاسه‌و گه‌ڕان وبۆنه‌ی خۆشه‌ویستی بسازێنن، له‌پشوودا رۆژێك یان دوو رۆژ پێكه‌وه‌ ده‌رچن و گوێی له‌قسه‌كانی خاتوونه‌كه‌ت بگره‌و له‌ بیروبۆچوونه‌كانی تێ بگه‌، با وه‌ك بۆ چوونه‌كانی تۆ نه‌بێت یان جیاوازبێت، چونكه‌ بیرو بۆچوونه‌كانی ره‌نگدانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی خۆی و دیدی مێیه‌تییه‌ بۆ ژیان و تۆ پێویستت پێیه‌تی بۆ ته‌واوكردنی دیدو بۆچوونه‌كانت وه‌ك پیاوێك بۆ ژیان.
9- به‌گه‌رم وگوڕی و بایه‌خه‌وه‌ پێشوازی له‌ چرپه‌و هه‌ست و به‌ریه‌ككه‌وتن و گوشین و نزیك بوونه‌وه‌ و خۆجوانكردنه‌كانی بكه‌، سۆزو خۆشه‌ویستی و میهره‌بانی له‌گه‌ڵدا بگۆڕه‌وه‌.
10- خۆتی بۆ قۆزو جوانكه‌، هه‌روه‌ك چۆن حه‌ز ده‌كه‌یت خۆیت بۆ جوان و رازاوه‌ بكات، سۆزو خۆشه‌ویستی بۆ ده‌ربره‌ هه‌روه‌ك چۆن حه‌زده‌كه‌یت خۆشه‌ویستی وسۆزت بۆده‌ربڕێت.
11- له‌په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌تدا خۆت له‌گومان بپارێزه‌، گومان تۆمه‌تباركردن و سته‌مكردنه‌، چونكه‌ گومان ده‌رگای شه‌ڕو خراپه‌ ده‌كاته‌وه،‌ كه‌پێشتر ئه‌و ده‌رگایه‌ كراوه‌ نه‌بووه‌ لای هاوژینه‌كه‌ت.
12- هاوژینه‌كه‌ت فه‌رامۆش مه‌كه‌ له‌رووی لاشه‌یی و ده‌روونی و سۆزدارییه‌وه‌، چونكه‌ گوێ پێنه‌دان هه‌موو شتێكی جوان ده‌كو‌ژێت، ره‌نگه‌ گوێ پێنه‌دان و فه‌رامۆشكردن ده‌رگا بكاته‌وه‌ بۆئاراسته‌ی مه‌ترسیدارو لادان و گه‌ڕان به‌دوای تێركردنی پێویستییه‌ ‌تێر نه‌كراوه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ناشه‌رعی.
13- گفتوگۆی نێوانتان به‌به‌رده‌وامی بپارێزه‌، به‌هه‌موو زمانه‌كان گوزارشتی لێ بكه‌، چروك و پیسكه‌ مه‌به‌ له‌وتنی وشه‌ی خۆشه‌ویستی، تێڕوانینی خۆشحاڵی و ئاره‌زوومه‌ندانه‌، سه‌رسام بوون و گوشین و له‌ئامێزگرتن.
1120 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 2:01:25 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.