هۆشیاری خێزانی
بزانە چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خانمه‌كه‌تدا ده‌كه‌یت؟! ئەڵقەی سێیەم و کۆتایی
بزانە چۆن هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خانمه‌كه‌تدا ده‌كه‌یت؟! ئەڵقەی سێیەم و کۆتایی
ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌.


1- به‌هه‌موو پێكهاته‌و قه‌واره‌ته‌وه‌ هه‌ڵسووكه‌وت له‌گه‌ڵ خانمه‌‌كه‌تدا بكه‌، هه‌ندێكجار  خۆت بكه‌ به‌منداڵی ساوا تا هه‌ست و سۆزی دایكایه‌تی بجۆشێت، ببه‌ به‌باوكی  تا هه‌ست و سۆزی منداڵی بجۆشێت، یان ببه‌ به‌هاوڕێی تا چێژ له‌هاوڕێیه‌تی وه‌رگرێت.
2- به‌رده‌وام حاڵه‌تی رۆمانسی له‌نێوانتانا تازه‌ بكه‌نه‌وه‌، هه‌ڵكشانی ته‌مه‌ن مه‌كه‌نه‌ پاساو، مه‌ڵێن خه‌ریكه‌ پیر ده‌بین، چونكه‌ خۆشه‌ویستی له‌هیچ ته‌مه‌نێكدا راناوه‌ستێت و پیر نابێت، پاساو مه‌هێنه‌وه‌وه‌ مه‌ڵێ سه‌رقاڵم و بوارم نییه‌، هاوژینه‌كه‌تیش یه‌كێكه‌ له‌ئیشه‌ گرنگه‌كانی ژیانت، پاساومه‌هێنه‌وه‌ بۆ ده‌ست كورتی و نه‌بوونی، رۆمانسییه‌ت تاكه‌ شته‌ كه‌پێویستی به‌پاره‌و سامان نییه‌.
3- ببه‌ شۆڕه‌ سواری خه‌ونه‌كانی هاوژینه‌كه‌ت به‌پیاوه‌تی و ده‌ستكه‌وته‌كانته‌وه‌، ئه‌و به‌بێ مه‌رج تۆی خۆش ده‌وێت و تۆی ده‌وێت پڕ به‌دڵ و چاوه‌كانی، شانازیت پێوه‌ ده‌كات  له‌ ناخی خۆیداو به‌رامبه‌ر به‌هه‌مووخه‌ڵكی، تۆش بێبه‌شی مه‌كه‌ له‌م هه‌ست و سۆزوو خه‌ونانه‌.
4- له‌ره‌زامه‌ندیتا به‌خشنده‌به‌،  له‌ ناكۆكی و نه‌یاریدا و مه‌ردو جوامێربه‌، ئه‌مانه‌ نیشانه‌ی پیاوی راسته‌قینه‌ن
5- به‌ به‌راستگۆیی و شه‌فافانه‌ هه‌ڵسووكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكه‌،  په‌یمانی نێوانتان فێڵ و پێچه‌ به‌ده‌وره‌و شاردنه‌وه‌  یان پۆشینی ماسك هه‌ڵناگرێت، هه‌موو ئه‌م شتانه‌ وه‌ك به‌ربه‌ست وان و ‌ لێكتان دوورده‌خاته‌وه‌.
6- به‌شداری هه‌سته‌كانی بكه‌  له‌ چێژوه‌رگرتن له‌جوانی دیمه‌نه‌كانی ده‌ریا یان كاتی خۆرئاوابوون  یان جوانی گوڵێك یان هه‌ڵوێستێكی جوان.
7- ئاگاداربه‌ چروك و پیسكه‌ مه‌ به‌ له‌ گه‌ڵیدا له‌ڕووی دارایی وخه‌رجییه‌وه‌، یان له‌راگرتنی هه‌ست وسۆزه‌كانی یان له‌ حه‌زوو ئاره‌زووی سێكسی.
8- ره‌چاوی هاوسه‌نگی بكه‌ له‌نێوان خۆشی وشادی و ده‌ست و بردی و گورج و گۆڵیدا، له‌نێوان توندی و نه‌رموونیانی، له‌نێوان خه‌یاڵ و واقیع بینیدا.
9- به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ڵسووكه‌وت بكه‌ هاوژینه‌كه‌ت هه‌ست به‌دڵنیایی بكات، چونكه‌ ئه‌م هه‌سته‌ له‌پێداویستییه‌ فیترییه‌كانی مرۆڤه‌ به‌گشتی و ژنان به‌تایبه‌تی.
10- له‌بیرت بێت په‌یوه‌ندیت به‌خێزانه‌كه‌ته‌وه‌ باپه‌یوه‌ندییه‌كی زۆر نزیك وتایبه‌ت بێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی هه‌میشه‌ییه‌، به‌مانای له‌ژیانی دنیادا درێژه‌ ده‌كێشێت و له‌كراسێكی جوان و رازاوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌رۆژی دواییدا.
11- مه‌هێڵه‌ كێشه‌ی خێزانی ماڵه‌ باوك و خانه‌واده‌ گه‌وره‌كه‌ت  یان كێشه‌ی خێزانی  خانه‌واده‌ی هاوژینه‌كه‌ت بێته‌ناو بواری خێزانی خۆته‌وه‌، ره‌چاوی په‌یوه‌ندییه‌ جیاوازه‌كان بكه‌ باپه‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ دایكتدا سه‌رنه‌كێشێت به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیت له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌تدا یان به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌درووستی و لێزانی هاوسه‌نگی راگره‌.
12- له‌ژووری جیاواز یان له‌جێگاو نوێنی جیاوازدا مه‌خه‌وه‌، هۆكاروو پاساوه‌كان هه‌رچییه‌ك بن.
13- هه‌وڵ بده‌ په‌یوه‌ندییه‌ سێكسییه‌كانت به‌باشترین و ته‌واوترین شێوه‌ بێت،  تا هاوژینت ئاسووده‌و خۆشحاڵ بێت ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی ده‌بێت به‌سه‌ر كۆی ژیانتانا، ئاسووده‌یی خێزانی له‌ جێگاوه‌ ده‌ست پێده‌كات و هه‌روه‌ها جیابوونه‌وه‌ش به‌زۆری به‌هۆی جێگاوه‌ رووده‌دات.
14- په‌یوه‌ندییه‌ تایبه‌تییه‌ ره‌هاكانتان بپارێزه‌ به‌هه‌موو ره‌هه‌نده‌كانیه‌وه‌، مه‌هێڵه‌ ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه‌ هه‌رگیز هه‌ڵوه‌شێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌كاتی كێشه‌و نه‌یاری توندا، چونكه‌ په‌یمانێكی گه‌وره‌ له‌نێوانتاندایه‌و خوای گه‌وره‌ لێت ده‌پرسێته‌وه‌.
15- بایه‌خ به‌په‌یوه‌ندی ئیمانی و روحی نێوانتان بده‌، په‌یوه‌ندییه‌كی ساف و بێ گرێ و گۆڵ به‌خوای گه‌وره‌وه‌ و ئه‌نجامدانی سرووته‌ ئایینییه‌كان وه‌ك نوێژو رۆژوو قورئان خوێندن و حه‌ج و عومره‌و نزاو پاڕانه‌وه‌و هه‌ركارێكی تری خێرو چاكه‌.

16- 1خۆت به‌دوور بگره‌ له‌لێدان و سووكایه‌تیكردن به‌هاوژینه‌كه‌ت، شكۆیی نییه‌ سووكایه‌تی به‌درووستكراوێك بكه‌ی خوا رێزی لێناوه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی كرد، ئاكارێكی ناشیرینه‌ منداڵه‌كان دایكییان به‌م شێوه‌یه‌ ببینن ، بیركه‌وه‌ ئه‌گه‌ر كچت هه‌بوو حه‌زده‌كه‌یت زاواكه‌ت لێیبدات هۆكاره‌كه‌ شی هه‌رچییه‌ك بێت.
17- یارمه‌تی خاتوونه‌كه‌ت بده‌ بۆ پێكهێنانی وێنه‌یه‌كی ئه‌رێنی جوان و جیاواز لای منداڵه‌كان، ئه‌مه‌ش بوار ده‌ره‌خسێنێت په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌نێوان هاوژینه‌كه‌ت و منداڵه‌كاندا درووست بێت،  ئه‌وكات خانمه‌كه‌ت توانایه‌كی گه‌وره‌و باشی ده‌بێت له‌ په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كاندا،  ده‌بینن دایكییان خاتوونێكی وه‌فاداره‌و گه‌وره‌و به‌ڕێزه‌ ‌‌ له‌دیدی تۆدا ئه‌وانیش به‌هه‌مان چاو ته‌ماشای ده‌كه‌ن.   
18- ئه‌گه‌ر خاتوونه‌كه‌ت خۆشویست رێزی بگره‌، ئه‌گه‌ر حه‌زت لێنه‌كرد زوڵمی لێ مه‌كه‌، ئه‌مه‌ سیفه‌تی پیاوی به‌رێزو گه‌وره‌یه‌، هه‌روه‌ك ئیمامی حه‌سه‌نی كوڕی عه‌لی خوایان لێڕازیبێت فه‌رموویه‌تی.
19- له‌كاتی بیركردنه‌وه‌ له‌ته‌ڵاق یان روودانی ته‌ڵاقدا، كه‌سێكی راقی و شارستانی به‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی قه‌یرانه‌كه‌دا و ئه‌ندازه‌یه‌ك په‌یوه‌ندی مرۆڤایه‌تی بهێڵه‌وه‌ له‌نێوانتانا تابتوانن به‌هاوبه‌شی سه‌رپه‌رشتی په‌روه‌رده‌ی منداڵه‌كان بكه‌ن، هه‌وڵ مه‌ده‌ منداڵه‌كان به‌كاربهێنی یۆ جیاوازییه‌كانی نێوانتان، هه‌رگیزنه‌كه‌ی وێنه‌ی دایكییان بشێوێنی و ناشیرینی كه‌یت له‌به‌رچاوی منداڵه‌كاندا.   

سه‌رچاوه‌:  عبدالله بن أحمد العلاف، تحسين نمط الاتصال في العلاقات الأسرية، كتاب الكتروني، له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌،
 https://www.noor-book.com/%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D8%AA%D8%AD%D8%B3%D9%8A%D9%86-%D9%86%D9%85%D8%B7-%D8%A7%D9%84%D8%A7%D8%AA%D8%B5%D8%A7%D9%84-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%82%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D8%B3%D8%B1%D9%8A%D8%A9-pdf
1102 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
3/30/2022 2:02:38 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.