هۆشیاری خێزانی
ئاسابشی سۆزداری پێداویستی هه‌موو خاتوونێكه‌! ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه‌

ئاسایشی سۆزداری پێویستی نمره‌ یه‌كی هه‌موو خاتوونێكه‌ له‌ ژیانی هاوسه‌رگیریدا،  

ئاسایشی سۆزداری به‌ساناییی بریتییه‌ له‌وه‌ی ئه‌و خاتوونه‌ له‌ماڵه‌كه‌یدا هه‌ست به‌ئه‌مان و ئارامی بكات و بێ دوو دڵی و ترس وبیم بژی و دڵنیابێت له‌وه‌ی په‌یوه‌ندی‌ خێزانیی به‌رده‌وامه‌و تێك ناچێت ومه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی خێزانی نییه‌.

كچ له‌ دوای شووكردنی به‌ته‌واوی له‌جیهانی ماڵه‌ بابه‌وه‌ ده‌ڕوات بۆ جیهانی ماڵه‌ مێرد، جیهانێكی جیاواز به‌هه‌موو واتاو مه‌به‌ست و ئه‌رك و به‌رپرسیارێتییه‌ك.

گریمانه‌ی درووست ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و خاتوونه له‌جیهانی تازه‌یدا هه‌ست به‌ئه‌مان و ئارامی و دڵنیایی و هێمنی بكات و میرده‌كه‌ی بایه‌خی پێده‌دات و فه‌رامۆشی نه‌كات و په‌راوێزی نه‌خات و بۆشایی سۆزو میهرو نازو خۆشه‌ویستی ماڵه‌ بابی بۆ پڕ بكاته‌وه.‌

هه‌ست بكات مێرده‌كه‌ی خۆشی ده‌وێ ورێزی لێده‌گرێت و پاڵپشتێتی و بایه‌خی پێده‌دات و پێداویستییه‌كانی بۆ دابین ده‌كات پێش دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خۆی،  پێش خۆی به‌پێی توانا خاتوونه‌كه‌ی تێرو پۆشته‌و په‌رداخ ده‌كات، به‌ئه‌ندازه‌یه‌ك هه‌ست به‌ ره‌زامه‌ندی و ئاسووده‌یی و ئارامی و هاوسه‌نگی ده‌روونی بكات.

ئاسایشی سۆزداری به‌ته‌واوی كاتێك فه‌راهه‌م دێت خاتوونی ماڵ هه‌ست به‌هه‌ڕه‌شه‌و ترس و دژایه‌تی و سووكایه‌تی و به‌كه‌م زانین و برینداركردن نه‌كات، ئه‌مه‌ش گه‌وره‌ترین خواست و خه‌ون و ئامانجی هه‌موو خاتوونه‌كانه‌ له‌ژیانی خێزانیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگ و خوازراوه‌ خاتوونه‌كان خۆیان هۆكار نه‌بن بۆ له‌ده‌ستدانی خواست و خه‌ونه‌كانیان.

228 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/26/2024 4:59:53 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.