هۆشیاری خێزانی
باكوڕان پێش هاوسه‌رگیری ئه‌م ڕاستییانه‌ بزانن!

باكوڕان پێش هاوسه‌رگیری ئه‌م ڕاستییانه‌ بزانن!

له‌سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ هاوسه‌رگیری پیرۆزترین په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤه‌كان بووه‌و   باڵاترین و شكۆدارترین په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوو ره‌گه‌زه‌ (نێرو مێ)، هاوسه‌رگیری ئاسووده‌ ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای رێزو خۆشه‌ویستی و سوكنایی و مه‌وه‌ده‌ت و سۆزو به‌زه‌یی و دڵنیایی درووست ده‌بێت، ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ چه‌ندین پێوه‌رو مه‌رجی مه‌حكه‌م و پته‌و له‌خۆ ده‌گرێت تا پارێزراوو به‌رده‌وامو سه‌ركه‌وتووبێت.

لێره‌دا ئاماژه‌ به‌سه‌ردێڕی چه‌ند په‌یامێكی كورت ده‌ده‌ین بۆكوڕان تا پێش ‌پرۆسه‌ی هاوسه‌رگیری ڕه‌چاوی بكه‌ن و به‌هێندی وه‌رگرن و دوای هاوسه‌رگیریش كاری له‌سه‌ر بكه‌ن بیكه‌نه‌ رێسای ژیانی خێزانییان:

- باپێوه‌رو مه‌رجی سه‌ره‌كیت بۆ هاوسه‌رگیری دینداری و ره‌وشت به‌رزی بێت و هه‌رگیز سازشی له‌سه‌ر نه‌كه‌یت چونكه‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی شكست وپه‌شیمانییه‌.

  -  بزانه‌ خانمی ته‌واوو بێخه‌وش و هه‌ڵه‌و په‌ڵه‌ بوونی نییه.‌

- باپێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاستی زانستی و رۆشنبیریتان لێكه‌وه‌ نزیك بێت.

  - ماڵئاواییی له‌ژیانی ره‌به‌نی بكه‌و وه‌ك قۆناغی كوڕێنی هه‌ڵسووكه‌وت مه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی خێزانی له‌ئه‌ستۆ بگره‌و بیكه‌ره‌ ‌یه‌كه‌مه‌یاتییه‌كانی ژیانت..

  - بۆشایی دایباب و خانه‌واده بۆ هاوژینه‌كه‌ت پڕكه‌ره‌وه‌ له‌رووی هه‌ست و سۆزو خۆشه‌ویستی و نازه‌وه‌.

- ره‌چاوكردنی هاوژینه‌كه‌ت له‌رووی ده‌روونی و لاشه‌ییه‌وه‌ له‌كاتی سوڕی مانگانه‌و ماوه‌ی منداڵبووندا، خوای گه‌وره‌و میهره‌بان  له‌وكاتانه‌دا نوێژو رۆژوو په‌رستشه‌كانی له‌سه‌ر لابردووه، تۆش له‌وكاتانه‌دا یارمه‌تیبده‌و ئه‌ركی گران مه‌كه‌.

- هاوكاریكردنی هاوژینه‌كه‌ت له‌كارووباری ماڵدا به‌تایبه‌ت له‌كاتی پێویست و دووگیانی و نه‌خۆشیدا.‌

-  سۆزو خۆشه‌ویستی بۆهاوژینه‌كه‌ت ده‌ربڕه‌و هه‌ست و سۆزی ڕابگره‌.

 - ململانێ و مشت و مڕی له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌و ده‌ستوه‌ردان له‌كاروباری خانماندا مه‌كه‌.

- مافه‌كانی بپارێزه‌و پێداویستییه‌كانی بۆ دابینبكه‌ به‌پێی باری دارایی خۆت.

- كاتێك زانیت هه‌ڵه‌ت كردووه به‌خێرایی ‌داوای لێبووردن بكه‌.

- كاتێك دیاری بكه‌ تا له‌گه‌ڵ هاوژینه‌كه‌ت له‌كه‌ش و هه‌وایه‌كی سازگارو  گونجاودا پێكه‌وه‌ گفتوگۆو ده‌رده‌ دڵ بكه‌ن و باسی بیره‌وه‌ری و رۆژانی ته‌مه‌ن بكه‌ن، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كانتان تۆكمه‌و به‌هێز ده‌كات.

- سوپاس و ده‌ستخۆشی لێبكه‌ له‌سه‌ركاره‌كانی تا هه‌ست به‌ره‌زامه‌ندی ده‌روونی بكات و خۆشحاڵ بێت و شانازی بكات كه‌هاوژینی تۆیه‌.

- هه‌وڵ بده‌ پێكه‌وه‌ بووجه‌ی خێزانی دابنێن.

- لۆجیكانه‌ ئامۆژگاری بكه‌ و ژیرانه‌ په‌یامو بۆچوونه‌كانت بگه‌یه‌نه‌.  

- له‌كاتی گونجاودا گفتوگۆی خێزانی ئه‌نجام بده‌ن و هه‌رگیز فه‌رامۆشی نه‌كه‌ن.‌

- رێز له‌جیاوازییه‌كانی یه‌كتر بگرن له‌بازنه‌ی شه‌ریعه‌تدا، تا ژیانتان خۆش و چاك بێت، ئه‌و ڕاستییه‌ بزانه‌ هاوسه‌ران جیاوازن به‌هۆی جیاوازی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و رۆشنبیری و كلتوری و ره‌گه‌زییه‌وه‌.

- هه‌وڵ مه‌ده‌ هاوژینه‌كه‌ت بگۆڕیت چونكه‌ كارێكی ئه‌سته‌مه‌و ناكرێت، به‌ڵام ده‌كرێت كاردانه‌وه‌كانت بگۆڕیت ئه‌مه‌ش واده‌كات هاوژینه‌كه‌شت كاردانه‌واكانی بگۆڕێت به‌و شێوه‌ ژیان ئاسایی و جوان ده‌بێت و خۆت به‌كاری نه‌كرده‌وه‌ خه‌ریك ناكه‌یت.

- نهێنی ژیانی خێزانیت بپارێزه‌و بوار مه‌ده‌ كه‌س ده‌ست وه‌ردان بكات له‌كارووباری خێزانیت.

- بوار به‌خۆت و هاوسه‌ره‌كه‌ت بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕابێن و بگونجێن و ده‌ست و په‌نجه‌ نه‌رمكه‌ن له‌گه‌ڵ و ڕۆڵ و به‌رپرسیارێتی ژیانی خێزانی، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ئارامگرتن و خۆڕاگری و كات هه‌یه‌.

- ئه‌رك وبه‌رپرسیارێتی و ڕۆڵی خۆت وه‌ك پیاوو باوك به‌جوانی بگێڕه‌.‌

- هه‌واڵی خزم و كه‌سووكاری خاتوونه‌كه‌ت بپرسه و رێزیان لێبگره‌.‌

- خاتوونه‌كه‌ت  به‌راورد مه‌كه‌ به‌هیچ ژنێكی تر.

- خاتوونه‌كه‌ت تێبگه‌یه‌نه‌  بابه‌پێی باری داراییتان هه‌ڵسووكه‌وت بكات.

- بوونی كێشه‌ی خێزانی ئاساییه‌و له‌هه‌موو خێزانه‌كاندا رووده‌دات و ژیانی خێزانی هه‌ورازو نشێوی تێدایه‌، به‌ڵام پێویستیت به‌هونه‌ری چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ خێزانییه‌كان هه‌یه‌ دوور له‌ده‌ستوه‌ردانی خانه‌واده‌و ده‌ورووبه‌ر.

- به‌شداری خولێكی هوشیاری خێزانی بكه‌.

‌ ئا: یاسین ئه‌حمه‌د زه‌نگه‌نه

12-12-2024‌

128 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
12/16/2024 7:40:16 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.