پەروەردە و پێگەیاندن
ئــــــارام گـــرتن
««ئــــــارام گـــرتن»»

‏‎ئارامگرتن راوەستانێکی بەهێزە، بەرامبەر ‎ئەو شتانەی کە لەسەر دەروونمان بەئازارن و بەرگەگرتنیانە بە گیانێکی بەرزو بە دەروونێکی باش و بەهێزەوە بەبێ ئەوەی ساردوسڕی و کاردانەوەیەکی دیاری هەستپێکراو لە ڕوخسارمان ‎پیشانی کەسانی تر بدەین؛ چونکە لەوانەیە ئەو ‎دڕکانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بەسەریدا دەڕۆیت بەڵایەکی خوایی بێت، بۆیە بێ ئومێد؛ مەبە ‎چونکە خودا ئەو بەندانەی خۆش دەوێت، کە دوچاری بەڵاو ناڕەحەتیان دەکات.
‏‎ئارامگرتن... خەسڵەتێکی بنچینەییە، پێویستە خۆمانی بۆ پەروەردە بکەین؛ تا بتوانین ڕێگەی
‏‎ژیان تەواو بکەین.
‏‎ئارامگرتن.. سکاڵانەکردنە لە ئازاری ئەو موسیبەتانەی ڕوومان تێ دەکەن و زیندانیکردنی
‏‎زمان و ڕوخسارە لەناڕەزایی لە پێناو خودا.
ئارامگرتن, لوتکەی ڕێزە بەرامبەر یاساکانی خودا بەشێوە یەکی پر لە ئەدەب و ڕازیبوون و تەسلیمبوون ‎.
ئارامگرتن.. گرنگترین چەکە کە مرۆڤ خاوەنی بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشهاتە
چاوەڕواننەکراوەکانی ژیان.
ئارامگرتن.. پایەو پێپلکەی سەرکەوتنە بۆ ئەو شتانەی کە مرۆڤ دەیەوێت پێیان بگات.
ئارامگرتن. توانای قبوولکردن و لەخۆگرتنی بارودۆخە سەختەکانی ژیانە، کە ڕووبەڕووی مرۆڤ دەبێتەوە.
ئارامگرتن... بیرکردنەوەیە لە حیکمەتەکانی خوداو گەڕانەوەی دەروونمانە بۆ لای خودا.
ئارامگرتن. لەڕێگەی مەشقکردنەوە بەدی دێت؛ چونکە بەری سەرکەوتن لە ئارامییەکی درێژەوە دێت، بۆیە ئارامی دەرمانی زەمانە.
شاعیریش دەڵێت:
لە ڕۆژگار گەڕێ هەرچی دەکا با بیکا
خۆت چاک بکە با قەدەر خۆی حوکم بکا
بەئارامگری، دەگەیت بە هەموو ئەوانەی کە دەتەوێت... بە تەقواو خواناسی، ئاسن بۆت نەرم
دەبێت.. 
خودایە توانای زیاترمان تێدا بچێنە لەسەر ئارامگرتن.

نافیع بەھجەت 
گۆڤاری بڕیار
6014 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/27/2021 6:24:41 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.