پەروەردە و پێگەیاندن
ئەو ڕێگایانەی کە سەرکەوتنت لە قۆناغی نوێ ی خوێندندا بۆ مسۆگەر دەکات ...!
ئەو ڕێگایانەی کە سەرکەوتنت لە قۆناغی نوێ ی خوێندندا بۆ مسۆگەر دەکات ...!

بەناوی خودا ...
خوێندکاری ئەزیز تۆی ڕێبواری ڕێگەی زانست و شەیدای فێربوون و خوازیاری پەروەردەیەکی دروست لە دووبارە دەستپێکی وەرزێکی نوێ ی خوێندن و گەشتێکی دیکەی جیاوازی زانستی دا وێڕای پیرۆزبایی و پشتیوانی ئێمەی دڵسۆزانت پێویستە دڵخۆشبیت بە پڕۆسەکە و هەروەک گرنگە هەندێک ڕێگا بگریتە بەر بۆ ئەوەی ئەو ئامانجانەی لە پێناویدا کۆشش دەکەیت بێتەدی لەلایەک و لەلایەکی دیکەش بۆ ئەوەی ببیتە سەرچاوەی هیوا بۆ خانەوادە و هاوڕێ و دەوروبەرت بەگشتی و لە دواڕۆژدا چرایەک بیت بۆ کێوماڵ کردنی تاریکی یەکان و لەناوبردنی بیری نەزانی، گرنگترین ڕێگاکانیش بەکورتی ئەمانە دەبن :

۱ـ دەستپێک پێویستە قۆناغی نوێ ی خوێندنت بە قۆناغی فێربوونی زیاتر و کەڵەکەکردنی زانستی جیاواز و چێژبەخش و بەسود لێک بدەیتەوە تاوەکو بە خۆشەویستی یەوە هەنگاوەکانت بەرەو ڕووی دەست پێ بکەیت .

۲ـ متمانە بوون بە خوود کلیلی سەرجەم سەرکەوتنەکانە هەربۆیە متمانەی تەواوت بەخۆت هەبێت کە سەرکەوتووانە ئەم قۆناغەی ژیان و خوێندیشت تێدەپەڕێنیت هاوشێوەی قۆناغەکانی ڕابردوو .

۳ـ گرنگە لە ئەمڕۆ وە پەیوەندی یەکانت بەگشتی سنوردار بکەیت بەتایبەت پەیوەندی یە کۆمەڵایەتی یەکان چونکە ئەم پەیوەندیانە تەرخانکردنی کاتێکی زۆیان پێویستە ئەمەش دەبێتە هۆی پاشکەوتن لە خۆئامادەکردن بۆ ئەرکەکانی ڕۆژانەت .

٤ ـ بەهۆی هەمەچەشنی لە حەز و پێویستی یەکانی مرۆڤ و پێشکەوتنی بەرچاوی تەکنەلۆجیا ڕەنگە بەجۆرێک لە جۆرەکان وابەستەبووبیت بە بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتی یەکان یاخود ئەنجامدانی یاریە ئەلکترۆنی یە بەکۆمەڵەکان لەڕابردوودا ئەمەش بێگومان وزە و کاتێکی زۆری پێویستە و لەگەڵ هەوڵدان بۆ فێربووندا ناگونجێت چونکە زانست پێویستی بە دەرونی ئارامە کەواتە بەکارهێنانی ئامێرە زیرەکەکان سنوردار بکە تا ئاستی پێویستی .

٥ـ ژیان بۆ هەمووان بێ جیاوازی پڕە لە  ئاستەنگ هەربۆیە نابێت گرفتێکی کاتی جەستەیی یاخود کۆمەڵایەتی یاخود دارایی کۆڵت پێ بدەن لە خوێندن و ئامانجی سەرکەوتن چونکە بێگومان دۆخەکان سەرجەمیان کاتین ئەوان دەڕۆن ئەوەی دەمێنێتەوە و بەردەوامە ئەو زانست و ڕۆشنبیری یەیە کە کۆت کردۆتەوە و ڕۆژێک لە پێناویدا کۆششت کردووە، ئەمەش تەنها وتە نی یە بەڵکو  ئەزموونی ژیانی کۆی مرۆڤەکانە .

٦ـ پێویستە پلانی ورد و گشتگیر لەم سەرەتای خوێندنەدا دابنێیت بۆ ئەم قۆناغە نوێیە ئەویش لەڕێگەی دابەشکردنی کاتەکانت بەسەر وانە جۆراوجۆرەکاندا چونکە ئەمە بەدەستهێنانی نمرەی شایستە و سەرکەوتنت بۆ ئاسان دەکات .

۷ـ بەگەشبینی یەوە بۆ داهاتوو بڕوانە بەبێ گوێدانە باروودۆخی گشتی ووڵات، چونکە دەبینین لەم ژینگە یەشدا سەدان کەسایەتی لەبواری جیاوازدا دەدرەوشێنەوە و بوونەتە سەرچاوەی هیوا، تۆش شایستەی ئەوەی ببیتە مرۆڤێکی سەرکەوتوو کەواتە پشت بە خودا ببەستە و لەکۆشش بەردەوامبە دڵنیابە دەگەیتە پێگەی دڵخوازت .

بەهیوای سەرکەوتن بۆ سەرجەم خوێنکارانی ئەزیز .

نوسین : دیار بکر .
950 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/27/2021 6:26:47 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.