چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟
✍ پەروەردەی_منداڵ
چۆن منداڵەکانمان پەروەردە بکەین؟
پێشەكى پەروەردەكردنى منداڵ هونەر و لێزانینە بەڵام بەداخەوە كەمێكى كەم لەخەڵكى بەجوانى دەیزانن، وە لەم بوارەدا دەیان كتێب دانراون، كە هەندێكیان بەدرێژى باسیانكردووە، هەندێكیشیان بەكورتى، بۆیە پێمان باش بوو كورتەى هەندێك لەو كتێبانە وەربگرین، و لە كۆمەڵە بیرۆكەیەكى بەسووددا ڕێكى بخەین، لە خواى گەورە داواكارین لێمان قبووڵ بكات. آمین
یەکەم : «بیروباوەڕ»
1- منداڵەكەت فێرى وشەى یەكتاپەرستى بكە، لەگەڵ ئەوشتانەى كە ئەم وشەیە داخوازى دەكات، كە ئەویش بریتیە لەعیبادەت نەكردن بۆ جگە لە(الله)وە بەتەنها پەرستنى(الله).
2- فێرى ئەوەى بكە كە خواى گەورە لەم دونیایەدا ئێمەى بۆ عیبادەت (یەكتاپەرستى) دروست كردووە، وەكو دەفەرمووێت:
(وما خلقت الجن والإنس إلا لیعبدون)، لەگەڵ ئەوەشدا وشەى عیبادەتى بۆ ڕوون بكەرەوە بەمانا فراوانەكەى.
3- زۆر مەیترسێنە بە ئاگر و سزاو توڕەیى خواى گەورە تا وەكو یادكردن و ناوهێنانى خوا لەزەینى منداڵەكەدا پەیوەست نەبێت بەو شێوە ترسناكانەوە.
4- واى لێبكە كەزیاتر خواى خۆش بوێت چونكە تەنها ئەو دروستى كردوین و ڕزقى داوین و خواردن و خواردنەوەو پۆشاكى پێداوین و كردوینى بە موسوڵمان.
5- وریاى بكەرەوە لەئەنجامدانى هەڵەو تاوان لەكاتى تەنیاییدا چونكە لەهەموو حاڵەتێكدا خوا دەیبینێت.
6- ئەو ڕستانە زۆر بڵێ كە یادكردن و ناوهێنانى خوایان تێدایە وەكو(بسم الله) لەكاتى خواردن و خواردنەوە و چوونە ژوورەوەو هاتنە دەرەوە، وە(الحمد لله) لەكاتى تەواوكردنى خواردندا، وە(سبحان الله) لەكاتى سەر سوڕماندا و...هتد.
7- خۆشەویستى پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەدڵى منداڵەكەتدا بڕوێنە ئەویش بەباسكردنى سیفەتە جوانەكانى و خوێندنەوەى هەندێك چیرۆك لەژیانى و سەڵاواتدان لەسەرى هەركاتێك ناوى هێنرا.
8- بیروباوەڕى(قەزا و قەدەر) لە زەینیدا جێگیر بكەو پێی بڵێ: كە ئەوەى خوا بیەوێت بووەو دەبێت، وە ئەوەشى خوا نەیەوێت نەبووەو نابێت.
9- منداڵەكەت فێرى شەش پایەكەى بیروباوەڕ بكە واتە: باوەڕهێنان بە خوا و فریشتەكان و كتێبە ئاسمانیەكان و پێغەمبەران و ڕۆژى دوایى و قەزاوقەدەر.
10- هەندێك پرسیارى لێبكە كە پەیوەست بن بە بیروباوەڕەوە وەكو: پەروەردگارت كێیە؟ ئاینت چییە؟ پێغەمبەرەكەت كێیە؟ بۆچى خوا دروستى كردوین؟ كێ ڕزق و ڕۆزیمان دەدات و خواردن و خواردنەوەمان پێ دەبەخشێت و شیفاى نەخۆشیەكانمان دەدات؟ بەش و جۆرەكانى یەكتاپەرستى چین؟ هاوەڵ بڕیاردان (شیرك) و بێباوەڕى(كوفر) و دوو ڕوویی(نفاق) چین؟ چارەنووسى هەریەك لە هاوەڵ بڕیاردەر (مشرك) و بێباوەڕ(كافر) و دووڕوو(منافق) چییە؟ وە چەندین پرسیارى تریش، پاشان ئەگەر وەڵامەكەى نەزانى یان بەهەڵە وەڵامى دایەوە، تۆ بەشێوەیەكى ڕاست و دروست پێى بڵێ.
|