مناڵان
جیاوازی تێڕوانینی ئێمەو منداڵەکانمان!!!
جیاوازی تێڕوانینی ئێمەو منداڵەکانمان!!!

زۆر جار گلەیی ئەوە دەکەین، کە لە هەڵسوکەوتی منداڵەکانمان ناگەین، یان منداڵەکانمان گوێ بە قسەکانمان نادەن.. لە کاتێکدا
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی تێڕوانینی ئێمەو ئەوان بۆ شت و چەمکەکان.. ئێمە وا دەزانین کاتێک منداڵەکانمان ڕێنمایی دەکەین؛لەوەی مەبەستمانە باش تێ دەگەن.. بۆئەوەی ئەم بیرۆکەیە زیاتر ڕوون ببێتەوە، ‎٨‏ نموونە دەهێنینەوە، کە جیاوازیی بۆچوونمان هەیە لەگەڵ منداڵەکانمانداو ئێمە وا دەزانین ئەوان بە ئەنقسەت بێگوێییمان دەکەن و ئێمەش سزابارانیان دەکەین.. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئەوان مەبەستیان لەم کارەیان سەرپێچیی ڕێنماییەکانی مە نییە، بەڵکو تێگەیشتنیان، لە تێگەیشتنی مە جودایە.

١- جیاوازیمان‏ لە چەمکی کاتدا: لای ئێمە کات، بە چرکەو خولەك دەپێورێت، کەچی لای ئەوان کات یاری و سەرگەرمی دەپێورێت.لەبەرئەمە، ئەوان تا کاتێک چێژ لە یاری ببینن، کاتیان بۆ گرنگ نییە.. ئەمەش پابەندنەبوونیان بە داواکارییەکانمانەوە ڕوون دەکاتەوە، یان نوێژەکانیان دوا دەخەن؛ چونکە کاری لەپێشینە لایان، یاریکردن و سەرگەرمییە..

٢- جێگا: ئێمە پێداگری ئەوە دەکەین، کە دەبێت کەرەستەکانی یاری، یان کەلوپەلەکان لە جێی خۆیاندا بن و ڕێکوپێک دانرابن،تا سوودیان لێ وەربگرین و بەکاریان بهێنن، لە کاتێکدا بنەڕەت لای ئەوان جوڵاندنی کەرەستەو کەلوپەلەکانە؛ تا بزانن چی لە نێودایە، یان چی لە پشتەوەیە..ئەوان سەرەتا کەرەستەو کەلوپەلەکان هەڵدەوەشێنن، پاشان بەکاری دەهێنن.. ئەمەش بەتایبەت بۆ منداڵانی قۆناغی دۆزینەوەو پشکنین، کە لە ساواییەوە دەست پێ دەکات تا نۆ ساڵی.
٣‏- گوڵبژێری لە گوێڕاگرتندا: ئێمە گوێ لەو کەسەی قسەمان بۆ دەکات ڕادەگرین، جا قسەکانی بەدڵمان بێت، یا نا.. بەڵام منداڵەکانمان، ئەوە هەڵدەبژێرن کە دەیانەوێت بیبیستن، بەتایبەت پاش تەمەنی پێنج ساڵی، جا ئەگەر داوای شتێکت لێ کرد، کە دڵخوازی ئەو نەبوو؛ ئەوا خۆی بە شتێکەوە خەریک دەکات، تا وەڵامی داواکارییەکەت نەداتەوە.

٤‏- ئارامگرتن: ئێمە ئارامگری و پشوویەکی گەورەو درێژمان هەیە چونکە ئێمە، چاومان لە ئەنجامە دوایینەکانی ئارامگرییە.. کەچی ئەوان پێداگریی زۆر دەکەن و سەبرو پشوویان کورتە؛‏ چونکە چەمک و مانای ئارامگری لای ئەوان جودایە.

‏٥- یاری: لای ئێمە یاری، یا تاکلایەنەیە، یا بە کۆمەڵە.. بەڵام لای ئەوان یاری دابەش دەبێت بۆ چوار بەش؛ تاکلایەنە، بە کۆمەڵ، هاوکاری، یان تەماشاچێتییە.

٦‏ - پەیوەندیکردن بە چاو: کاتێک قسەیان لەگەڵدا دەکەین، بە چاو سەیریان ناکەین، ئێمە وا دەزانین پەیوەندی و ئاڵوگۆری قسەمان هەیە لەگەڵیاندا.. لە کاتێکدا ئەوان کە دەبینن بە چاو ئاگامان لێیان نییە، وا دەزانن بایەخ بە قسەیان، یان بە خۆیان نادەین.

‎٧‏- زمانی جەستە؛ کاتێک قسەیان لەگەڵدا دەکەین، دەربڕینی زۆرترمان بە قسەیە، تا بە جەستە.. کەچی ئەوان زیاتر بە جەستە گوزارشت دەکەن، تا قسە.. ئیدی وا
دەزانین ئەوان گوزارشت لە ناخیان ناکەن.

‎٨- ‏ تەنگپێهەڵچنین: جاروبار ئێمە،بە شێوازی داهێنانی قژی منداڵەکەمان، یان ڕەنگی پۆشاکەکەی پێ دەکەنین، بە نیازی
ئەوەی بەم پێکەنینەمان، بە هەڵەکەی بزانێت.. کەچی ئەو، بە
سووکایەتی و ڕووزەردی تێی دەگات.

‏پاش باسکردنی ئەم ‎٨‏ چەمك و مانایەی لەگەڵ منداڵەکانماندا،
لە تێگەیشتنیاندا حیاوازیمان هەیە،پێویستە بپرسین: چی بکەین تا تێنەگەیشتن لە منداڵەکانمان بەردەوام نەبێت و سەرەنجام پەیوەندیمان بپچرێت لەگەڵیاندا؟

‏وەڵامی ئەم پرسیارە، خۆی لە دوو هەنگاودا دەبینێتەوە:
‏یەکەم: هەبوونی زانیاری:مەبەستمان ئەوەیە دەبێت
پەروەردەکاران و دایباب بزانن، کە شێوازی تێگەیشتن بۆ ڕووداوەکان -وەک کات، زمانی جەستە ، .... لە نێوان گەورەو بچووکدا جیاوازیی هەیە.
دووەم: وتووێژو ڕوونکردنەوە: ئێمە جیاوازیی نێوان ئەو دوو بۆچوونە، بۆ منداڵ بە ڕوون دەکەینەوەو گفتوگۆی لەگەڵدا دەکەین و  پێی دەڵێین: دەبێت کات بە دەقەو سەعات دیاری بکرێت،نەک یاری و سەرگەرمی خۆخافڵاندن؛ چونکە هەموو کەسێک ئەرك و بەرپرسیارێتی هەیە، پێویستە پابەند بێت پێیانەوەو ئەنجامیان بدات، جا ئاگابوون لە کات، بۆ ڕاپەڕاندنی کاروبار،زۆر گرنگە.
بە ئەنجامدانی ئەم جۆرە وتووێژە زیاتر لە جارێک، لەگەڵ منداڵدا،
چەمکەکانی بۆ ڕوون دەبێتەوەو ناکۆکی لە نێوانماندا پەیدا بێت؛ چونکە تووڕەیی و سەرسەختی، لەم جۆرە هەڵوێستانەدا،تەبایی چارە ناکات..، بەڵکو ئەوە وتووێژو لێکتێگەیشتنە، کە بنچینەی پەیوەندییەکی ناوازەو سەرکەوتووە، لە نێوان دایبابو منداڵەکانیاندا!!!

‎ د.جاسم المطوع
گۆڤاری بڕیار
529 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/28/2022 6:17:58 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.