نەوجەوانان
بنەماکانی راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ھەرزەکاراندا

بنەماکانی راگرتنی پەیوەندی لەگەڵ ھەرزەکاراندا 

وەڕگێڕانی بە دەستکاریەوە : نەرمین عوسمان 

 

بنەمای یەکەم ھاوبەشی کردن : ھاوبەشی و بەشداری ھەرزەکارەکەت لەو چالاکیانەدا کە حەزی لێیەتی ، گفتوگۆیان لەگەڵ بکەو بیاندوێنە لەو شتانەدا کە دڵخۆشیان دەکات کاتێک بەشداریان پێ دەکەیت ھەست بە نزیکی و بونت دەکەن لە ژیانیاندا بە رۆح و بەجەستە ، کاتێک قسەیان لەگەڵ دەکەیت تەماشای چاوەکانیان بکە ، بەسەرھاتێکیان بۆ بگێڕەوە کە لە ئاست تەمەن و بیرکردنەوەیاندا بێت ، یاریەکیان لەگەڵ بکە گونجاو بێت لەگەڵیاندا ، ئەم بەشداری کردنەت ھاوکاریەکی باش دەبێت بۆ ھەرزەکارەکەت .

بنەمای دووەم خۆشەویستی : خۆشەویستی بکەرە چوارچێوەی پەیوەندیەکانت لەگەڵ ھەرزەکەتدا ، واتە خۆشەویستیەکی بۆ مەرج و ئەم خۆشەویستیە بە رەفتار و گوفتار نیشان بدە. لە روی گوفتارەوە ھاوکاریان بە لە چارەسەرکردنی کێشەو ھەڵەکانیان ، دژایەتی مەکەو ناوی مەزڕێنە بەڵکو ئامۆژگاری بکەو دەستی بگرەو چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزەرەوە .

خۆشەویستی تۆ ھەرزەکارەکەت لەوەدایە دان بە کەسایەتی و سەربەخۆیی ئەودا بنێیت ، مەبەستم لەو سەربەخۆییە لە سنورێکی دیاریکراودا .

ئەوەش بزانە ئەوان مافی خۆیانە ھەڵە بکەن و ھەروەک چۆن مافی خۆیانە لە ھەندێ شتدا بیپێکن بەو مەرجەی بتوانن بەرپرسیارێـتی ھەڵەکانیان لە ئەستۆ بگرن .

بنەمای سێیەم گوێگرتن : زیاتر گوێ لە ھەرزەکارەکەت بگرە لەوەی قسەی بۆ بکەی چونکە ئێمە بە ھۆی دەستەڵاتی دایکایەتی و باوکایەتیەوە راھاتوین زیاتر لە رویاندا  بوەستینەوە ، ئەمەش ھۆکارێکە  کەمتر گوێیان بۆ بگرین .

ئامۆژگاری لە رادەبەدەریان مەکە و بەردەوام وتاریان بۆ مەدە واتە زۆریان لەگەڵ مەڵی بەڵکو گوێیان لێ بگرە .

بە ھۆشداری تەواوەوە لەگەڵ تێبینی کردنی نێوچەوان و دەم و زمان جوڵەی چوار پەلی .

ھانی بدە لەسەر قسەکردن و رادەربڕین بەشێوازێکی ئازادانە .

بنەمای چوارەم بەکارھێنانی شێوازی گفتوگۆ : ئەو بابەتەی گفتوگۆی لەسەر دەکەن پێویستی بە رازی کردنی یەکترە نەک شێوازی سەپاندن لە خۆبگرێت و بە کۆمەڵێ فەرمان کۆتایی بێت وەک ئەوەی ھیچ روینەدابێت ، ئەمە لە نێوان بەخێوکەر و ھەرزەکاراندا دورکەوتنەوە دروست دەکات و رۆژ لەدوای رۆژ ئەو دورکەوتنەوەیە زیاد دەکات تا دەگاتە ئاستێک دیوارێک لەنێوانیاندا دروست دەبێت و دەبێتە ھۆی بچڕانی پەیوەندیان و کەسیان گوێ لەوەی تریان نابێت و کێشەکە لێرەوە دەست پێ دەکات بە تایبەتی لای ھەرزەکاری خاوەن خولیا چونکە ئەو لە خەیاڵی خۆیدا کۆمەڵێ بەرنامەی دیاری کردوە کە ئاواتەخوازە ببێتە راستی بەڵام راستیەکی تر خەیاڵەکەی پوچەڵ دەکاتەوە لە کاتێکدا بەرامبەرەکەی لێی حاڵی نابێت وگوێی بۆ راناگرێت لە ئەنجامدا گرژی رودەدات و کێشەکان سەرھەڵدەدەن .

 بنەمای پێنجەم ھاوسۆزی نواندن : نیشانەی ھاوسۆزی نواندن ئەوەیە تەماشا بکە و گوێ بگرە پێش ئەوەی بە خێرایی بڕیار بدەی ، ھەروەھا متمانەیان لا دروست بکە بۆ ئەوەی بە راشکاوانە قسە لەسەر کێشەو ھەڵەکانیان بکەن ، بەشێوازێک خێرا مەبە لە بڕیار و کاردانەوەکانت ، ئەگینا کێشەو ھەڵەکانت لێ دەشارنەوە تا دەگاتە ئەوەی ئەم حاڵەتە ئاسایی بێتەوە لایان و ئەوجا ھەرزەکارەکەت بە رێگای خۆی چارەسەر بۆ کێشەو ھەڵەکانی خۆی دیاری دەکات بۆ ئەوەی رزگاری بێت لە بڕیار و کاردانەوەکانت .

بنەمای شەشەم ھیوات ھەبێ : ھیوات مەپچڕێنە لە چاک بوون و سەرکەوتن و رزگاربونی ھەرزەکارەکەت لە ھەر بارودۆخێکدا بێت ، ئەگینا زیانی گەورەت پێ دەکەوێت چونکە ھەرزەکارەکەت ھیچی نیە تا لەدەستی بدات ، لەبەرئەوەی ئەو لەسەرەتای ژیانی پەروەردەو راھێناندایە ، ئەگەر ھیوات نەبوو پێی ئەوا خۆت و ھەرزەکارەکەت لە بازنەی فەشەل داناوە .

بێگومان ئەمەش راست نیە چونکە ھەموو مرۆڤێک فرسەتی ھەستانەوەو راست بونەوە لەبەردەمیدایە، کاتێک ھەرزەکارەکەی تۆ لەسەرەتای ژیانیەتی زۆر ئاگاداربە نەکەی دەرگای بەرودا دابخەی ، دەرگای چاک بوون و گۆڕانکاری بەڵکو ھیوای باشترین ژیانی بۆ بخوازە و رایبھێنە پەند لە کێشەکانی وەربگریت و پێی بڵێ ھەموو کەوتنێک راست بونەوەی بەدواوەیە .

بنەمای حەوتەم  یەکسانی : ئەگەر لە خێزانەکەتدا چەند ھەرزەکارێک لە کوڕان و کچانی تێدایە ئەوا بە یەکسانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەو ئاگاداریان  بەو جیاوازیان لە نێواندا مەکە ، بەجۆرێک فەزڵی کوڕەکان بدەی بەسەر کچەکاندا یاخود بەراوردی ھەرزەکارەکەت بکەی لەگەڵ ھەرزەکاری کەس وکارو دەرودراوسێدا ، چونکە ھەموو مرۆڤێک جیاوازی ھەیە لە نێوانیاندا لە روی کردەوەو تواناو بیروبۆچونەوە .

دیسانەوە ئاگادار بە داوای شتێکی لێ مەکە لەسەرو تواناکانیەوە ، ھەر یەکەیان بەو شێوازەی کە لەگەڵیدا گونجاوە مامەڵەی لەگەڵدا بکە .

بنەمای ھەشتەم بەھەند وەرگرتنی فرسەتە بچوکەکان بۆ وروژاندنی بابەتە گرنگەکان 

بۆ نمونە لە کاتی گوێگرتن بۆ بەرنامەیەک لەسەر مادە ھۆشبەرەکان ، ئەو بابەتە لە مێشکتدا بوروژێنەو بڵێ رات چۆنە دەربارەی ئەو کەسانەی مادەی ھۆشبەر بەکاردێنن؟ یاخود بڵێ : ئایا کارێکی قورسە گەنجان واز لە مادەی ھۆشبەر بھێنن یاخود خۆیانی لێ بەدوربگرن؟ باسی زیانەکان و تێڕوانینی ئاینی بۆ بکە لەسەر ئەو بابەتە .

یان لە کاتی خوێندنەوەی رۆژنامەیەکدا بڵێ ئەم بابەتە سەرەنجی منی راکێشاوە و پێ/ باشە تۆش بیخوێنیتەوە و دواتر قسەی لەسەر دەکەین ، یان لەکاتی چونە درەوەتاندا پێکەوە جاب ۆ بازاڕ بێت یان سەردان و سەفەر ئەگەر لەو جێگایەدا دیاردەیەک یاخود دیمەنێکی نائاسایتان بینی ھەوڵبدە پێکەوە گفتوگۆی لەسەر بکەن .

یاخود بابەتێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاو دەکرێتەوەو ھەراو دەنگۆیەکی زۆری لەسەر دروست دەبێت و شایەنی ئەوەیە ئێوەش تێڕوانینەکانی یەکتر بەھەند  وەربگرن و لەو رێگایەوە راستیەکان بگەیەنیتە مێشکی  ھەرزەکارەکەت .

شایەنی باسە ئەم بنەمایانە ھۆکارێکی سەرەکین بۆ نزیک بونەوەو لەیەکتر حاڵی بوون لەنێوان ھەرزەکار و خانەوادەدا ، بە ئومێدی رەچاو کردنیان .


1761 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
4/17/2018 3:05:47 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.