نەوجەوانان
گرفتەکانی ھەرزەکار

گرفتەکانی ھەرزەکار 

دوای تێپەربوونی قۆناغی منداڵی و گەیشتن بە قۆناغی ھەرزەکاری 
لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنی تاک 
رووبەروی کۆمەڵێک 
گۆرانکاری جەستەیی و دەرونی و ھەڵچونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە 
نەگونجان لەگەڵ ئەو بەرەوپێشچوون و پێشھاتە جیاوازەکان دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی ھەندێک گرفت لای ھەرزەکار  
وەک 
١- ململانێی ناوەکی

ھەرزەکار بەدەست کۆمەڵێک ململانێی ناوەکییەوە دەناڵێنێت، لەوانە ململانێ لەنێوان سەربەخۆیی لە خێزان و پشت بەستن بەخودوململانێ لە نێوان پاشکۆی منداڵێتی و داواکاری گەورەکان وململانێ لە نێوان ئومێد و ھیوا زۆرەکانی ھەرزەکاروکەمی لە ڕاستەقینەدا، ململانێ لەنێوان ڕەمەکە ناوەکیەکان واتە(غرائز الداخلیە) و نەریتە کۆمەڵایەتییەکاندا، ململانێ لە نێوان ئایین وەکو پڕانسیپێ، ئەوەی فێری بووە لە بچوکیداو، فەلسەفەی تایبەتی خۆی بۆ ژیان، ململانێی ڕۆشنبیری، لە نێوان نەوەی ھەرزەکار و نەوەی ڕابردوودا.

٢- نامۆبوون و یاخی بوون

ھەرزەکار ھەندێک جار گومانی ئەوە دەکات، کە ھیچ کام لە دایک و باوکی لێی تێناگەن، بۆیە ھەوڵ دەدات بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەڵوێست و داواکاری و حەزەکانی دایک و باوکی، ئەمەش وەکو میکانیزمێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر خۆناساندن، تاکێتی خۆی بەکاردەھێنێت، کە ئەمەش بەبەرەنگاربونەوەی دەسەڵاتی کەس وکار کۆتایی دێت، لەبەر ئەوەی ھەرزەکار وادەبینێت ھەر دەسەڵاتێکی سەروتر یاخود ھەر ڕێنماییەک لەسەروخۆیەوە بێت، دەبێتە ھۆی بەلاواز تەماشاکردنی توانا ژیرییەکانی ھەرزەکار، کە ئەو وا تەماشای خۆی دەکات لەڕووی ناوەڕۆکەوە کەسێکی پێگەیشتوەو ھاوسەنگی ھەیە، بۆیە ڕەچاونەکردنی ئەوانەی کەباسکران لەلایەن دایک و باوک و کەسوکارەوە دەبێتە ھۆی دەرخستنی کۆمەڵێک ڕەفتاری یاخیبون و خۆبەگەورەزان و بەرھەڵستی و دەمارگیری و شەڕانگێزی لای ھەرزەکــار.

٣- شەرمکردن و گۆشەگیری لای ھەرزەکار


نازھەڵگرتنی زۆر و لەھەمانکاتدا توندوتیژی زیادیش دەبنە ھۆکاری ئەوەی ھەرزەکار بەردەوام پشت ببەستێت بەوانی تر لە چارەسەرکردنی کێشەکانیدا، سروشتی ئەم قۆناغە پێویست بەوە دەکات، ھەرزەکار سەربەخۆبێت لە خێزان و پشت بەخودی خۆی ببەستێت، بۆیە ئەم بارە فشار و توندی ململانێێ لا زیاد دەکات، لەم بارەشدا گەنج بۆ پاشەکشێکردنی لە جیھانی کۆمەڵایەتی و ھەڵبژاردنی گۆشەگیری و شەرمکردن و دورەپەرێزی ھەوڵدەدات.

٤-رەفتاری بێزراو قێزەون

ھەرزەکار بەردەوام حەزی لە بەدەستھێنانی ئارەزووە تایبەتیەکانی خۆیەتی، بەبێگوێدان و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشتی، بۆیە زۆر ئاساییە، ھەندێ لە ڕەفتارەکانی ببنە مایەی بێزارکردنی خەڵکی وەکو قیژەقیژو ھاوارکردن، جنێودان، دزیکردن، ھێرشکردنە سەرمنداڵان، کێبڕکێکردن لەگەڵ گەورەکانداو تێکدان و خراپکردنی سامان و موڵکی خەڵکی وخۆخەریک کردن بەھەندێک کاری پڕوپوچەوە و خۆئاڵاندن بەکێشەو و گرفتەوە و گوێنەدان بە مۆڵەت وەرگرتن لە کاتی ھەرپێداویستیەکدا بێت و گرنگی نەدان بە ھەستو سۆزی ئەوانیتر

٥- دەماگیری و توڕەبوون

زۆرجار ھەرزەکار دەیەوێت داواکاری و پێداویستیەکانی لە ڕێگەی ھێزو توندوتیژی زۆرو دەمارگیریەوە بەدەست بھێنێت، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی بێزارکردنی چواردەوری، زۆربەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە پەیوەندیەکی بەھێز لەنێوان ھۆرمۆنە سێکسیەکان و کارلێکە ویژدانیەکان لای ھەرزەکار ھەیە، بەواتایەکی دی ، ھەتا ئاستی ھۆرمۆنەکان بەرز بێت، دەبێتە ھۆی کارلێکی ویژدانیی جۆراوجۆری وەکو توڕەبون و دەمارگیری لای کوڕان، خەمۆکیش لای کچان.

 
بۆیە پێویستە دایکان و باوکان 
و پەروەردە کاران  
شارەزاییان ھەبێت و بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم قۆناغە بکەن 
رێنماییان بکەن و یارمەتیدانیان بۆ دەرچوون لەو گرێ و گرفتە دەروونیانە بە دروستی

3082 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/16/2019 7:20:57 PM
1

© Copyright 2022 All Rights Reserved.