بانگخوازی
شەوانی قەدر چۆن بەڕێ بکەین؟

شەوانی قەدر چۆن بەڕێ بکەین؟

ساڵانە لە شەوانی کۆتایی مانگی ڕەمەزاندا زۆرێک لەموسڵمانان ئەو شەوانە بەزیندوویی ڕادەگرن و تا کۆتایی شەو لە مزگەوتەکان دەمێننەوە، وا ئەمساڵیش گەیشتینەوە خزمەتی ئەو شەوە پیرۆزانە .
بەو بۆنەوە دەمەوێ چەند خاڵێک بخەمە بەرچاوی خوشکان و برایانی موسڵمانم :
۱- بەئاگابوون و نەخەوتن لەو شەوانەدا بەتەنها بەس نیە بۆ دەستکەوتنی پاداشتی شەوی قەدر ، بەڵکو دەبێ کاتەکە لە عیبادەت و پەرستش دا بەڕێ بکرێ .
۲- هەندێک لەو پەرستشانەی دەتوانین ئەنجامیان بدەین: شەونوێژ بەجەماعەت بێت یان بەتەنیا ، قورئان خوێندن، پاڕانەوە و دوعای خێر بۆ خۆمان و دایک و باوک و خێزان و منداڵ و کەسوکارو تێکڕای موسڵمانان و خەڵک بەگشتی ، زیکرو تەسبیحات ، موتاڵاکردنی کتێبی بەسود، خوێندنی وانەی قورئان و فەرموودەو زانستە شەرعیەکان، ....
۳- گەرچی مزگەوت پاداشتی تایبەتی خۆی هەیە ، بەڵام لەماڵیش دەکرێ ئەو شەوانە زیندوو بکرێنەوە بەو مەرجەی کەشی ناو ماڵەکە لەباربێت .
٤- باشترین شێوازی عیبادەت ئەوەیە بەتەنیایی و لەخەڵوەت دا بێت دوور لە چاوی خەڵک و ژاوەژاوو قسەکردن لەگەڵ خەڵک .
٥- هەندێک کەس دێن بۆ مزگەوت تەنها دادەنیشن و لەدەوری یەکترکۆدەبنەوە، جگە لەوەی خۆیان هیچ عیبادەتێک ناکەن سەریش لەخەڵک دەشێوێنن ، ئەو کەسانە نەیەنە مزگەوت زۆر باشترە .
٦- هیچ پێویست ناکات لەو شەوانەدا خواردن و شیرینی ببرێتە مزگەوت، شەوەکان کورتن هەق نیە بەخواردن بەسەریان ببەین .

۷-ئەو دوعایە زۆر بکەین باشە ((اللهم إنك عفو تحب العفو فاعف عني)) واتە: پەروەردگارا تۆ لێبوردەی و لێبوردنت پێخۆشە ، لەمنیش خۆش بە .

مەلا یاسین وەرتی

1015 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/16/2021 1:33:02 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.