بانگخوازی
ساتە ئاڵتونی یەکان و دەرفەتی ڕزگاریمان ...!

ساتە ئاڵتونی یەکان و دەرفەتی ڕزگاریمان ...!

هاودین و  هاودیدی خۆشەویستم  ئیدی لەسەرخۆ بەرەو کۆتاییەکانی مانگی نوور و پڕ لە فەڕی ڕەمەزان هەنگاو دەنێین ، تا ئەم ساتە ڕەنگە توانیبێتمان تا ئاستێک پێ بەپێ لەگەڵ فەرمانەکانی خودا و پێویستکراوەکانی سەرشانمان تەبا و هاوئاڕاستە هەنگاو بنێین بێگومان ئەمەش سوپاسی خودای دەوێت کە یار و هاوکارمان بوو بۆ ئەنجامدانی عیبادەتەکان ، بەڵام ئەوەی لەپاش ئەم ڕۆژانە چاوەڕێمان دەکات باشتر و پڕ بەرهەم ترن بۆ من و تۆیەک کە دەخوازین کۆڵی پڕ لە هەڵەو خەتاکاری ڕابردوومان دابنێین و لەم وەرزە پڕ لە بەهایەدا ڕەزامەندی خودا بەدەستبهێنین و بگەین بەچاکان و پاکان ، هەربۆیە دواین ڕۆژ و شەوە گرنگ و پڕبایەخ و ڕێزدارەکان لەڕێگادان کە دواجار دەبنە کلیلی کردنەوەی دەرگای بەختەوەریمان کەواتە با بەوپەڕی ویست و جۆشەوە لەگەڵیاندا ئاوێتەبین و پاساوی جۆرا و جۆر و بێ مانای دونیا نەبێتە هۆی بێئاگایمان لەم شەوانە کە خودا بە شەوانی ڕێزدار ناویان دەبات ، ئیدی با دواین دەرفەتەکانی ئەم سفرە پڕ میهرە خوداییە لەدەست نەدەین و هەوڵ بدەین ئەگەر باش بوین باشتر و ئەگەر میهرەبانانە مامەڵەمان کرد میهرەبانتر و ئەگەر دڵئاوا بوین بەرامبەر خەڵکی بەخشندەتربین تیایاندا ، ئەگەر وامانکرد نزیکە لەگەڵ ماڵئاوایمان لەم مانگە پیرۆزەدا ببینە کەسێک لەوانەی کە پێغەمبەری خودا (صل الله علیە وسلم )  موژدەی پێداون و دەفەرموێت خودای خاوەن میهر لەتاوانەکانیان خۆش دەبێت وەک ئەوەی تاوانیان نەکردبێت بە چەشنی ئەو منداڵەی کە تازە لەدایک بووە ، ئەمەش ئەو ئامانجەیە کە هەرتاکێکی خاوەن باوەڕ دەخوازێت بەدەستی بهێنێت لە دونیادا .

خودا پشتیوانمان بێت بۆ ئەنجامدانی باشترین کردەوەکان .

نوسین (دیار بکر ) .

767 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/16/2021 1:34:25 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.