بانگخوازی
وانەکانی فێرگەی ڕەمەزان ..؟

وانەکانی فێرگەی ڕەمەزان ..؟

بەناوی خودای بێهاوەڵ ...

بەڕۆژوو بوون لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا جگە لەوەی پەرستشێکی  پێویستکراوە لەسەر هەر مرۆڤێک باوەڕی بە تەنهایی خودا و پێغەمبەرایەتی محمد (صل الله علیە وسلم ) هەیە لەهەمانکاتدا فێرگەیەکی گرنگ و گەورەیە و ئێمەی نیازمەندی فێری دەیان وانەی کرداری گرنگ کرد لەژیاندا کە لێرەدا بەکورتی گرنگترینیان دەخەینە ڕوو :

۱ـ ڕەمەزان فێری کردین کە تێکۆشان بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار تەنها پێویستی بە خۆ یەکلای کردنەوە و دانانی سنورێک بۆ نەفس و دونیاداریمان هەیە ئەگەرنا ئەنجامدانی کارێکی دژوار نیە .

۲ـ ڕەمەزان فێری کردین کە تەنها سادەیی و خاکی بوون و دڵئاوایی لەگەڵ مرۆڤەکانی دیکەدا دەرونێکی ئاسودە و ئارام و خاوەن هێز و باوەڕمان بۆ مسۆگەر دەکات نەوەک خۆ ویستی و کەنارگرتن لەوانی دیکە .

۳ـ ڕەمەزان فێری کردین کە دەستگیرۆی و دەستباری هەژاران و بەش کردنی ئازارەکان لەگەڵیاندا جگە لەوەی هەستێکی پڕ لە خۆشی دەبەخشێتە خاوەنەکەی لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆکار بۆ پاراستن و گەشەی سامان و بەرەکەتداری تەمەنی .

٤ـ ڕەمەزان فێری کردین کە پاش خەتاکاری و ماندوو بونی دڵەکان بەهۆکاری کەڵەکە بونی تاوان، دەرگای هەمیشە واڵای پەروەرگار ئامادەیە بۆ کەسانێک کە ئارەزوو دەکەن لەتاریکی بەرەو ڕووناکی هەنگاو بنێن .

٥ـ ڕەمەزان فێری کردین کە نەفس و دەروونیش وەک جەستە پێویستی بە خۆراک و حەوانەوە هەیە و پێویستە ڕۆژانە کاتێک بۆ ئاودان و ئاسودە کردنی تەرخان بکرێت ئەویش لەڕێگەی ئەنجامدانی خەلوە و مانەوەی بەتەنهایی لەبەرامبەر خودا و شەو نوێژەکان  .

٦ـ ڕەمەزان فێری کردین کە دەکرێت مرۆڤ لەهەر ساتێکدا هەموو ئەو نیعمەتانە لەدەست بدات یاخود له بەهرەمەند بوون لێیان بێ بەش بێت کە خودا پێ ی بەخشیون لەبەر ئەوە دەبێت هەمیشە ئامادە و خاوەنی سیفەتی بەرزی ئارامگری بێت بۆ ئەوەی بتوانێت لەدۆخە ناهەموارەکاندا لەسەر پێ یەکانی خۆی بوەستێت .

خودای پەروەردگار یارمەتیدەرمان بێت لەسەر ئەنجامدانی باشترین کردەوەکان .

نوسین (دیار بەکر) .

764 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
5/16/2021 1:37:22 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.