بانگخوازی
سێ نیشانەی گرنگی باوەڕدار بزانە...؟
سێ نیشانەی گرنگی باوەڕدار بزانە...؟

بسم الله والصلاە والسلام علی رسول الله وعلی اله واصحابە اجمعین ... 
برا و خوشکی هاوڕێ و هاوبیرم ...
هەر ناو یاخود ناونیشانێک کە دواجار دەبنە ناسنامە و تایبەتمەندی مرۆڤێک بێگومان پاشخانێکی هەیە و کۆمەڵێک ئاکار و خوڕەوشتی دیاری کراو کە لەومرۆڤەدا بونی هەیە دەبنە هۆکار بۆ ئەوەی ئەو ناسنامەیەی پێ بدرێت و لە کۆمەڵگەدا پێ ی دەناسرێتەوە .
من و تۆش وەک مرۆڤێکی شوێن کەوتەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام و خاوەن باوەڕ بە تەنهایی خودا و پێغەمبەرایەتی محمد (صل الله علیە وسلم) گرنگ و پێویستە لەسەرمان ئەم ناسنامەیە کە بڕواداری و پابەند بوونە بە بنەما پیرۆزەکان لە ناوەڕۆک و کردارماندا تایبەتمەندی یەکی هەمیشەیی بێت و شوێنەوار و جێکەوتەیان هەبێت و لە ئاکار و هەڵس و کەوت و مامەڵەماندا لەبەرامبەر ئەوانی دیکەدا ڕەنگ بداتەوە، لەم سۆنگەیەشەوە پێشەواکەمان (صل الله علیە وسلم) بە دانایی وەک پێش مەرجێک کۆمەڵێک هەنگاوی تێۆری و کرداریمان بۆ دیاری دەکات کە دواجار دەبنە سیما و ناونیشانی باوەڕ لەهەرکەسێکدا کە پێیانەوە پابەندە و بۆتە بەشێک لە ژیانیان، ئێمەش لێرەدا بەکورتی باس لە هەندێکیان دەکەین، ئەوانیش :
۱ـ پێشەوامان محمد (صل الله علیە وسلم) لە فەرمودەیەکدا دەفەرموێت ( هەرکەسێک باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە با وتەی باش بڵێت یاخود بێ دەنگ بێت ) ئەم فەرموودە شیرینە لە ناوەڕۆک و ڕوخساریدا دەیان مانا و مەبەستی هەڵگرتووە کە تیایدا گرنگی یەکێک لە ئەندامەکانی جەستە و کاریگەری لە ژیانی مرۆڤدا دەخاتە پێش چاومان هەربۆیە پێغەمبەر (صل الله علیە وسلم) دەیبەستێتەوە بە ئاستی باوەڕی مرۆڤەوە، کەواتە پێویستە زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە بکەین بەجۆرێک نابێت زمانمان لە ئازاردان و بێڕێزی و سوکایەتی و تێکدانی ژیانی ئەوانی دیکەدا بخەینە گەڕ، بەڵکو بەپێچەوانەوە دەبێت وشە و دەربڕینەکانمان هەمیشە نەرم و ڕازاوە و بنیاتنەربن تاوەکو ببینە سەرچاوەی ئارامی و هیوا لە کۆمەڵگەدا.

۲ـ نوری دیدەمان محمد ( صل الله علیە وسلم) دەفەرموێت ( هەرکەسێک باوەڕی بە خودا و ڕۆژی دوایی هەیە با ڕێز لە دراوسێکەی بگرێت ) ئەم فەرموودەیە پێمان دەڵێت کە ژیانی مرۆڤ فرە جەمسەرە و گرێدراوە بە ژیانی ئەوانی دیکەوە کەواتە پێویستە لەنێو خۆماندا هاوکار و پشتیوانی یەکتری بین و ئاسانکار و ڕێخۆشکەربین لە ئاست داخوازی و پێویستی یەکانی یەکتری چونکە دواجار مامەڵەی دروست و ئاکاری بەرز لەنێوان دراوسێکاندا لەهەرئاستێکدا بێت ڕێز و شکۆ بەرهەم دێنێت لەنێوانیاندا بەمەش دەبینە خاوەن کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئارام و بەختەوەر،کەواتە پێویستە لەسەرمان تا ئەوپەڕی توانامان لەگەڵ دراوسێکانی شوێنی نیشتەجێ بوون و شوێنی کارەکانمان بەکرداری باش بین و لەبەرامبەریاندا ڕێز و وەفا بنوێنین و ببینە بەشێکی تەواو کار بۆ چارەی گرفتەکان و هۆکاری دڵخۆش کردنیان، بەمەش ڕەزامەندی خودا و ئاسودەیی دەرونمان بەدەست دەهێنین، بە پێچەوانەوە ئەگەر سنورمان بەزاند و مرۆڤێکی بێباک بین لە ئاست دراوسێکانماندا و بوینە بارگرانی دەبێت دڵنیابین کە ئەستەمە بەئاسودەیی بژین لەڕووی دونیاداری و لە ئاینیشدا پاشکەوتوو دەبین چونکە ئەم بابەتە پەیوەیستکراوە بە ئاستی باوەڕەکەمانەوە، کە واتە با بەئاگابین لە ئاست ئەم پرسە گرنگە.

۳ـ پەیامبەرمان محمد (صل الله علیە وسلم) لە فەرمودەیەکی شیریندا دەفەرموێت (هەرکەسێک باوەڕی بەخودا و ڕۆژی دوایی هەیە با ڕێز لە میوانەکەی بگرێت) ئەم فەرموودە شیرینە کە ناوەڕۆکەکەی دواجار پەیوەستکراوە بە باوەڕی مرۆڤەوە فێرمان دەکات کە میوان بەرلەمرۆڤ لەلای خودا خاوەنی ڕێزە هەربۆیە پێویستە مرۆڤیش لەبەرامبەریدا ڕێزێکی شایستە بنوێنێت، چونکە کاتێک کەسێک سەردانی ئەوی دیکە دەکات چەندین پەیام لە کارەکەیدا هەیە لەوانە بەجێهێنانی ئەرکی ئاینی و گەیاندنی سیلەی ڕەحم و دوپاتکردنەوەی پشتیوانی و خۆشەویستی بۆ یەکتر و هتد ، بێگومان ئەمانەش بۆ ژیانی تاک زۆر پڕبایەخن و دواجار دەبنە هۆی پتەوبوونی کۆمەڵگەی موسوڵمانان، کەواتە پێویستە کارلەسەر ئەم لایەنە گرنگە بکەین بەوەی باشترین ڕێز و خزمەت پێشکەش بەمیوانەکانمان بکەین و لەوە تێبگەین کە ئەوکەسانەی دێنە لامان پەیامی ئاشتی خۆشەویستی و برایەتیان پێ یە و مەبەستیانە لەگەڵمان بەردەوام بن نەوەک بەرژەوەندی و هەڵەکاری ئامانجیان بێت.

لەکۆتایدا: پێویستە بەردەوام و لەسەرجەم بوارەکانی ژیاندا بگەڕێینەوە بۆ ئاینە پیرۆزەکەمان چونکە تیایدا سەرجەم ڕەهەندەکان بەباشترین شێوە ڕوونکراونەتەوە و دەتوانین لەم ڕێگەیەوە لەلایەک ببینە مرۆڤێکی خاوەن باوەڕی ڕاستەقینە ئەمەش بەواتای گەیشتن بە ڕەزامەندی پەروەردگار و مسۆگەرکردنی ژیانی ئەبەدی دێت لەلایەکی دیکە ئارامی و بەختەوەری دونیاش بەدەست دەهێنین، ئەمە تەنها چارەسەرە و هیچی دیکە.

خودا هاوکارو پشتیوانمان بێت و لە دونیا و دوا ڕۆژ لە ڕیزی باوەڕداراندا بین .

وصل الله علی محمد وعلی الە وصحبە وسلم .

نوسین ( دیار بکر ) .
1327 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/21/2021 9:36:02 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.