گەشەپێدانی مرۆیی
چۆن پێگەی ڕاستەقینەی خۆمان بزانین لە ژیاندا ...!؟
چۆن پێگەی ڕاستەقینەی خۆمان بزانین لە ژیاندا ...!؟

بەناوی خودا ...
لەدونیای پڕ لە هۆکارەکانی پێشکەوتندا هەرکاتێک کە ئامێرێکی زیرەکی پەیوەندی بەکاردەهێنین بەرلەدەستپێک داوامان لێ دەکات کە ناونیشان یاخود پێگەکەمان دیاری بکەین لەڕووی جوگرافی یەوە تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایە و بەپێ ی پێویستی یەکانی ئەو ناوچەیە خزمەتگوزاری یەکانمان پێشکەش بکات، ئەمەش بابەتێکی ئاساییە 
لەڕاستیدا ژیانی مرۆڤیش بەهەمان شێوەیە بەجۆرێک هەرکەس بە پێ ی ئەزموون و توانا دارایی و مرۆیی یە جۆراوجۆرەکانی خۆی هەڵگری ناونیشانێکە لەڕووی کۆمەڵایەتی یەوە ئەمەش دواجار دەبێتە ناسنامەی کەسایەتی یەکەی ئیدی بیەوێت یاخود نەیەوێت، چونکە کۆمەڵگە بەسروشتی خۆی ژینگەیەکی هەمەجۆر و پۆلێنکراوە بەسەر توێژی جیا جیا و مرۆڤەکان تیایدا هەریەکە بەپێ ی پیشە و ڕۆڵ و گرنگیان ناونیشانێکی دیاری کراویان پێ دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی کە لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە بزانین ئێمە لەکوێ ی ئەم پۆلێنەداین بۆ ئەمەش پێویستە پرسیار گەلێک لە خودی خۆمان بکەین بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە وێنە و پێگەی ڕاستەقینەی خۆمان لە کۆمەڵگەدا بزانین، گرنگترین ئەو پرسیارانەش بریتین لەوەی کە ئایا ئێمە مرۆڤێکی سودبەخشین بۆ خەڵکی یاخود ئەرکدار ؟ و ئایا ئێمە تاکێکی بەهێزین یاخود لاواز و فریودراو ؟ و ئایا ئێمە کەسێکی شوێن کەوتەی کوێرانەین یاخود خاوەن بۆچوون و ڕێچکەی تایبەت بەخۆمانین ؟ و ئایا ئێمە بەدوای کام گروپ و توێژدا ڕێگەدەکەین مرۆڤە خەتاکار و ستەمکارەکان یاخود کەسایەتی یە سەنگین و درەوشاوەکان ؟ 
بێگومان هەریەکەمان دەتوانین زۆر بەسادەیی وەڵامی ئەم بابەتانە بدەینەوە چونکە ڕەنگە دژواربێت شرۆڤەی خەڵکی بکەین بەڵام بێ گرفت پەی بە نهینییەکانی خۆمان دەبەین و خۆمان بەباشی دەناسین، وە ژیانی کرداریمان لە ڕابردوودا وەڵامێکە بۆ ئەم پرسە گرنگانەی ژیانمان، بۆیە ئەگەر وەڵامەکانمان بەگشتی ئەرێنی بوون ئەوکات مافی شانازیکردنمان بەخۆمان و کەسایەتیمان هەیە چونکە ئەنجامەکان پێمان دەڵێن کە ئێمە مرۆڤێکی سەنگین و خاوەن پێگەین، بەڵام ئەگەر خودا نەکردە دۆخەکە پێچەوانە بوو ئەوکات دەبێت بە زوویی بەخۆماندا بچینەوە بەجۆرێک ڕێگە هەڵەکان بەرەو ڕاستەڕێگەکان و خەتاکاریمان بگۆڕین بۆ چاکەخوازی

لەکۆتایدا: 
سەرجەم مرۆڤەکان خوازیارن لە ڕیزی باشترینەکان ئەژمار بکرێن بەڵام دەبێت بزانین کە ژیان لە خۆزگە و خەیاڵدا جیاوازە لە مامەڵە کردن لەگەڵ واقیعدا چونکە ئەوەی کە سەنگ و پێگە دەبەخشێتە مرۆڤ هاوئاڕاستەییە لە کردار و گوفتاری خودی مرۆڤەکەدا نەوەک ئاواتی بێ هەنگاو، کەواتە با بە ووتە و کرداری جوان پێگەکەمان لە کۆمەڵگەدا دیاری بکەین بۆ ئەوەی یەکێک بین لەو کەسانەی کە خاوەنی کەسایەتی و پێگەی بەرز و گرنگن لە کۆمەڵگەدا .

نووسین : (دیار بەکر ) .
968 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/27/2021 6:13:07 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.