گەشەپێدانی مرۆیی
چۆن دەتوانین ڕۆژێکی ناوازە لە ژیاندا بەسەربەرین...؟
چۆن دەتوانین ڕۆژێکی ناوازە لە ژیاندا بەسەربەرین...؟   

بەناوی خودا ...
ئێمەی مرۆڤەکان هەمیشە دەخوازین لە باشترین دۆخی تەندروستی و دارایی و ئاسایشدا ژیانمان بگوزەرێنین چونکە پێمان وایە بوونی ئەم پایە گرنگانە لە ژیاندا دەمانگەیەنن بە کەناری ئارامی و بەختەوەری ڕاستەقینە، بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر دەدەین و زۆرێک لە کاتەکانمانی بۆ تەرخان دەکەین، ئەمەش کارێکی سروشتی یە و مافی هەرکەسێکە بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەوەی دەبێتە گرفت ئەوەیە کە هێنانەدی هەریەکە لەم لایەنانە باجی جۆراو جۆری دەوێت و ڕەنگە هەندێک جار لە پێناویدا مافی ئەوانی دیکە پێشێل بکەین، ئەوکاتیش چێژی ڕاستەقینە لەژیاندا مانایەکی نامێنێت بەڵکو ئەوەی دەگوزەرێت تەنها ژماردنی ڕۆژەکانی ژیان و بەڕێکردنی ساتەکانی تەمەنە و هیچی دیکە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت ساتەکانی ژیان و ڕۆژەکانی تەمەنمان بەشێوەیەکی تەندروست و دوور لە گرفت ببەینە سەر پێویستە لە ئێستاوە نەخشەی ژیانی ڕۆژانەمان بە جۆرێکی دیکە ڕەنگ ڕێژ بکەین تاوەکو کەشتی ژیانمان بەرەو کەنارێکی ئارامتر ئاڕاستەکەی بگۆڕێت بۆ ئەمەش دەبێت هەندێک هەنگاو بنێین ئەوانیش :

۱ـ وەک دەستپێک یەکەمین ئەرکی سەرشانمان جێ بەجێ دەکەین کە ئەویش بریتی یە لە گرێدانی پەیوەندیمان لەگەڵ خودا (جل و علی ) لەڕێگەی ئەنجامدانی نوێژی بەیانی بەکۆمەڵ یاخود لانی کەم بەتەنها بەڵام لەکاتی خۆیدا، چونکە ئەم کارە لەلایەک بەجێگەیاندنی ئەرک و نیشاندانی بەندەییە بۆ بەدیهێنەرمان، لەلایەکی دیکە بەدەستهێنانی ئەو پارێزبەندیەیە کەپێغەمبەری ئەکرەم (صل الله علیە وسلم ) مژدەی پێداوین و دەفەرموێت هەرکەسێک نوێژی بەیانی لەکاتی دیاری کراودا ئەنجام بدات ئەوا ئەو ڕۆژە لە پارێزبەندی تایبەتی خودادا دەبێت، ئەمەش هێزێکی تایبەتمان پێ دەبەخشێت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی گرفتەکان لەو ڕۆژەدا .

۲ـ لەگەڵ هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ و بەڕێکەوتن بۆ شوێنی کارەکانمان با زوبانمان پاراو بکەین بە یادی پەروەردگاری خاوەن ژین و ڕۆزیمان، ئەمەش بێگومان هاوکار دەبێت بۆ بەدەستهێنانی ڕۆزیەکی خاوێن و دوور بوون لە هەرگرفت و ناخۆشی یەکانی ئەو ڕۆژە .

۳ـ هەوڵبدەین بە زووبانی شیرین و ڕووی بە خەندە و گەشبینیەوە دەست بە گفتوگۆ و مامەڵەکانمان بکەین لەگەڵ خەڵکی چونکە ئەمە گرەنتی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی پەروەردگار و خۆشەویستی خەڵک و ئاسودەیی دەرونمان بۆ دەکات .

٤ ـ با بەشێک لە داهاتی ئەو ڕۆژەمان بۆ یارمەتی هەژاران تەرخان بکەین لە ڕێگەی ئامادەکردنی خۆراک یاخود هاوکاری دارایی ئەمەش لەلایەک دەبێتە هۆی پارێزگاری سامانەکەمان چونکە بەڵێنی پێشەواکەمانە (صل الله علیە وسلم ) و بێگومانین لە هاتنەدی و لەلایەکی دیکە ئاسودەیی ناخ و خۆشەویستی خەڵکیمان بۆ مسۆگەردەکات .

٥ ـ گرنگە بەشێک لە کاتەکانمان بۆ سەردان و دیدار لەگەڵ خزمان و ئازیزان و گەیاندنی سیلەی ڕەحم تەرخان بکەین و دەرونمان خاڵی و خاوێن بکەینەوە لەهەر گرێ و کینەیەک بەرامبەریان ئەگەر هەبوو ئەویش لە ڕێگەی لێبووردن و ڕاخستنی باڵی میهربانی بۆیان، ئەمەش دەبێتە هۆی ڕزگاربوونمان لە گرفت و گرێ ی دەروونی و هەست کردن بە دڵنیایی و ئاسودەیی .

لەکۆتایدا : ئەم هەنگاوانە فاکتەرن بۆ ئەوەی ڕۆژێکی نمونەیی و ناوازە و پڕ لەسەرکەوتن ببەینە سەر، هەرکەسیش بەو جۆرە بژی بە دڵنیایی دەگات بە بەختەوەری ڕاستەقینە لە هەردوو دونیا کەواتە با لە سبەینێ وە هەنگاو بنێین و ئەزموون بکەین بۆ ئەوەی بگەین بە ڕاستی یەکان و لە مانای ڕاستەقینەی ژیان بگەین و حیکمەتی بەدیهێنانی خۆمان بزانین .

شاد و بەختەوەر بژین. 

نوسین: دیار بکر
1085 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
9/27/2021 6:22:12 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.