گشتی
ھاوڕێی ڕاستەقینە و ھاوڕێی ئەلیکترۆنی
ھاوڕێی ڕاستەقینە_و_ھاوڕێی_ئەلیکترۆنی 

ھاوڕێی ئەلیکترۆنی : مەبەست ئەو ھاوڕێیەیە کەلە ڕێی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵەیەتیەکانەوە دروست بووە،بەبێ یەکتر بینین و شارەزا بوون لەسەر کەسایەتی یەکتر،ئەمە جگە لە جیاوازی زمان و ڕەگەزو سنوور.
ھاوڕێی ڕاستەقینە: مەبەست ئەو ھاوڕێیەیە کە ڕاستەوخۆ کەسی بەرامبەرت ناسیوەو خۆت ھەڵت بژاردووە بە ھاوڕێی ژیانت و بە کەسایەتی ئەو ئاشنایت،بە ڕەچاوکردنی تەمەن و ڕەگەزو ڕەفتارو گوفتارو کردار.

١-ھاوڕێی ئەلیکترۆنی ئەو ھاوڕێیەیە کەلە واقیعدا بوونی ھەیە،بەڵام نازانێ کەسەکە کێیە،گەنجە ،پیرە ،منداڵە،نێرە،مێیە،باشە،خراپە ،چونکە تەنھا لە شاشەیەکدا دەیبینی و ھیچی تر،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە ئەو ھاوڕێیەیە کە ڕاستەوخۆ لە واقیع و لە ژیاندا دەیبینیت و دەیناسیت و دەزانیت کە کێیەو دواجار ھەڵی دەبژێریت.
٢- ھاورێی ئەلیکترۆنی ئەو ھاورێیەیە کە ھەست بە خۆشی و ناخۆشیەکانی تۆ ناکات ،ناتوانێت وەکو خۆت لێت تێبگات و ڕێزت لێ بگرێت،بەڵام ھاورێی ڕاستەقینە خەمخۆرو نزیکتە ،بۆ ناخۆشیەکان دڵنەواییت دەکات و بۆ خۆشی و سەرکەوتنەکانیش پشتیوانی و شانازی و تەنانەت چەپڵەو چەپکە گوڵی پیرۆزبایشت بۆ دێنێت.
٣- ھاورێی ئەلیکترۆنی جێگەی متمانەو پشت پێبەستن نییە،ناتوانیت ئەوەی لە ناختدایە بۆی باس بکەیت بە تایبەت نھێنیەکانت،بەڵام ھاورێی ڕاستەقینە زۆر کات نزیکترین کەستەو ھەست و نھێنیەکانی خۆتی بۆ باس دەکەیت و ئەویش دڵیت بۆ دەکاتەوەو لە ھاوخەمی و چارەسەر درێغی ناکات و لەگەڵتە.
٤- ھاورێی ئەلیکترۆنی لە کاتی تەنگانەو پێویستیدا ناتوانێت ھاوکاریت بکات و بە ھاناتەوە بێت ،بەڵام ھاورێی ڕاستەقینە لە خزمەتتدایەو ڕاستەوخۆو بەکردەوە بە ھاناتەوە دێت.
٥- ھاورێی ئەلیکترۆنی لە کاتی ھەڵەو لەداندا ناتوانێت ڕاستت بکاتەوەو ڕێنماییت بکات،بەلام ھاورێی ڕاستەقینە لە کاتی ھەڵەدا دڵسۆزانە ئاگادارت دەکاتەوەو ڕاستت دەکاتەوەو ئامۆژگاری و ئاراستەشت دەکات.
٦- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی کەمترین کات لێیەوە فێر دەبیت،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە بەردەوام لێیەوە فێری ڕێزو دەربڕینی جوان و ئەتەکێتت دەکات.
٧- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی سنووری دیاریکراوەو کاتەکەشی کەم و کورتە لە ڕوی پەیوەندی و بەیەکەوە بوونەوە،بە نەمانی ئینتەرنێت و ئامێرە زیرەکەکان کۆتایی پێدێت،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە ژیانی لەبەردەمدا کراوەیەو تەنھا بە ھۆی مردنەوە نەبێت کۆتایی نایەت.
٨- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا دەستت دەکەوێت و ژمارەشیان زۆر دەکەیت،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە تا پەیدای دەکەیت کاتی زۆر دەوێت و ژەمارەشیان کەمە،چونکە ھاوڕێیەتی ئەرك و بەرپرسیارێتی تایبەت بە خۆی ھەیە.
٩- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی تەنھا کڕیاری کات و ساتەکانتەو ھەموو دڵسۆزیەکی چەند وشەو ئیمۆجی و گوڵ و سوپاسێکەو ھیچی تر،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە بەشداری ژیانتەو تا کۆنتر بێ زۆرتر بەنرختر دەبێ و ھیچ کەس جێگەی تۆی لا ناگرێتەوە.

١٠- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی ناتوانیت بە خێزان و خانەوادەو دەوروبەری ئاشنا بیت،ناتوانیت گەشت و گەڕان و سەیران و سەردانی لەگەڵدا بکەیت،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە دەتوانیت ھەموو ئەمانەی لەگەڵدا بکەیت و بیانکەیتە دەستکەوتی گەورەو چێژ بینین لە ژیان و ھاوڕێیەتیت.

١١- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی دەتوانێت بە چەندین شێواز خۆیت لێ بگۆڕێت و بە چەندین جۆر خۆیت پێ بناسێنێت لە واقیعیشدا جۆرو شێوازێکی تر بێت،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە خۆی دەدوێت و ڕەفتارو کرداری پێش گوفتاری پێناسەی خۆیت بۆ دەکات..
١٢- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی تام و چێژی بەیەکەوە بوون و خۆشەویستی و چالاکی و ئاڵوگۆڕی زانیاری تەنھا لە چەند سات و کاتێکی کەمدا ڕەنگ دەداتەوە،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە ھەموو ئەو چەمکانە بەرجەستە دەکات و پەیوەندیەکە بەھێزترو تۆکمەتر دەکات.

١٣- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی چەند ژەمارەیان زۆر بێت ھەر ھەست بە تەنیایی دەکەیت و بەردەوامیش جۆرێك شڵەژان و ڕاڕایی زاڵ دەبێت بەسەرتدا،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە ژمارەشیان کەم بێت جێگەی متمانەو ئارامین،ھۆکارێکن بۆ دڵنیایی و ئاسودەیی دەروون.

١٤- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی مێژووی نوێیەو ھەموو کەسێک نیەتی پێی ئاشنا نیە،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە مێژووی دورودێژو دێرینە و لە ھەموو سەردەمەکاندا ھەبووەو قوربانیشیان لە پێناو داوە.

١٥- ھاوڕێی ئەلیکترۆنی ھەرچۆنێک سەیری بکەیت و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەیت ھەریەك جۆرە،بەڵام ھاوڕێی ڕاستەقینە چەند جۆرێکەو ھەر جۆرەی لە کات و شوێنی خۆیدا ڕۆڵ دەبینیت و کاریگەری ئەرێنی خۆی ھەیە.

تێبینی/ ئەگەر کەسێك ھاوزمان و ھاوڕەگەزو نیشتەجێی ھەمان گەڕەك یان ھەمان شوقە بێت،بەڵام سەرچاوەی یەکتر ناسینەکە تەنھا نێت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بێت و لەو سنورە دەرنەچێت  ھەمان ماناو واتای ھەیە بە کەمێك گۆڕانکاریەوە.

گۆڤاری بڕیار
799 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/24/2021 8:32:33 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.