گشتی
بە تەرازوو کێ سەنگی کردەوەکانمان بپێوین..؟
بە تەرازوو کێ سەنگی کردەوەکانمان بپێوین..؟

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆرێک لە مرۆڤەکان بەهۆی بونی بەهرەیەکی دیاریکراو یاخود توانایەکی تایبەت و زیاتر لەوانی دیکە، دەبینین بەخۆیان و کەسایەتیان سەرسام دەبن و دەیان نازناوی جۆراو جۆر بۆخۆیان دادەتاشن و دەیکەنە ناسنامەیان لە نێو بازاڕگە و ژیانی ئاسایی خۆیان تادەگاتە ڕوپەڕی تۆڕەکۆمەڵایەتی یەکان، هەڵبەت هەموو مرۆڤێک مافی خۆیەتی شانازی بکات بە هەرکار و هەنگاوێکی باش و ئەرێنی خۆی لە ژیاندا بەڵام دەبێت ئەوەمان بیرنەچێت کە پێویستە کردەوەکانمان جگە لە نەفسی خود پەرستی خۆمان بە تەرازووی مرۆڤانێک بپێوین کە خاوەنی پێگە و کەسایەتی بەرزبن لە گۆمەڵگەدا، بۆ ئەوەی لەلایەک ببنە هێز و هاندانێک بۆ بەرەو باشتر چوونمان لەلایەکی دیکە مافی شانازی کردنمان بە خۆمان و کردارەکانمان هەبێت نەوەک بە پێچەوانەوە.
بۆ نمونە ئێمە وەک موسوڵمان پێویستە لەسەرمان تەنها یەک سەرچاوە و ڕاسپاردەکانی یەک کەسایەتی بکەینە چاوگ و پێوەر بۆ ژیانمان ئەویش بریتی یە لە تەرازووی پڕ دادی نوری دیدە و پێشەوا دڵسۆزەکەمان (محمد) ( صل الله علیە وسلم ) چونکە ئەم مرۆڤە لەسەرجەم بوارەکاندا لە لوتکەدایە، هەروەک خودای گەورە (جل وعلی) لە پێناسەیدا دەفەرموێت ( وانک لعلی خلق العظیم ) بەواتایی ( ئەی محمد بەڕاستی تۆ لەسەر ڕەوشتێکی زۆر جوان و پەسەند و بێ وێنە و مەزنیت ).
ئیدی ئەم وەسفە خوداییە بەسە بۆ ئەوەی هەمووان بەشوێن فەرموودە و کردارەکانی ئەم سەردارەی مرۆڤایەتی یەدا هەنگاو بنێین، چونکە بە ڕوانین بۆ کەسایەتی یە بەرزەکەی تێدەگەین کە چرکە بە چرکەی ژیانی پڕە لە ژیری و دانایی، ئەمەش هانمان دەدات بۆ ئەوەی ببینە باشترین مرۆڤی ڕۆژگاری خۆمان، لەم سۆنگەیەشەوە سەرنج دەخەینە سەر دوو فەرموودەی شیرین کە بە کردار لە ژیانی پێشەواکەماندا ( صل الله علیە وسلم ) بەدی دەکەین مو پێویستە خۆمانی تێدا ببینینەوە و لەخۆمان بپرسین ئاخۆ ئێمە لە کوێ ی ئەم هاوکێشەیەداین، چونکە ئەم دووچەمکە گرنگترین باس و خواسێکن لە ژیانی هەریەکەماندا، ئەوانیش:

۱ـ پێغەمبەری ئەکرەم (صل الله علیە وسلم) دەفەرموێت ( باشترین کەس ئەو مرۆڤەیە کە باشترینە بۆ خەڵکی ) بە ڕوانین لەم فەرموودە شیرینە تێدەگەین کە خودی فەرموودەکە لەهەناویدا سەدان واتا و مەبەستی ئاینی و ڕەوشتی و کۆمەڵایەتی و هتد ) بوونی هەیە کە هانمان دەدات هەمیشە مرۆڤێکی چاکە خواز و سودمەند بین هاوکات دەستمان دەگرێت بەرەو مامەڵەی دروست و بەهای باڵا کەواتە با بپرسین ئایە ئێمە لە باشترینەکانین یاخود نا ئەگەر وەڵامەکەمان ئەرێنی بوو دەبێت پاش ستایشی پەروەردگار شانازی بە خۆمان و کەسایەتیمانەوە بکەین بەڵام ئەگەر بەپێچەوانەوە بووین پێویستە بە زووی بە خۆماندا بچینەوە .

۲ـ پێغەمبەری پێشەوامان (صل الله علیە وسلم ) دەفەرموێت ( باشترین کەس لە ئێوە ئەو کەسەتانە کە بۆ هاوسەرەکەی باشترینە و من لە هەمووتان باشترینم بۆ خێزانەکانم ) ئەم فەرموودەیەش لێوان لێوە لە جوانی دەربڕین و میهرەبانی لە ئامۆژگاری و دانایی لە ئاڕاستە کردن و هاندان بۆ مامەڵەیەکی دروست لە نێوان هاوسەراندا و بەهەموو پێوەرەکان ئەم پرسە گرنگترین بابەت و تەوەرەی سەردەمە چونکە ئەمڕۆ بەسەدان هۆکاری مادی و ڕۆحی و کاریگەری یە خراپەکانی تەکنەلۆجیا ژیانی خێزانی و پەیوەندی نێوان هاوسەران بەردەوام لەژێر مەترسی لێکترازان و داڕماندایە، کەواتە پێویستە خۆمان لەم بابەتەش نەبوێرین بەڵکو خۆمان و شێوازی مامەڵەمان لەگەڵ هاوسەر و خێزانەکانماندا بەم پێوەرە دروستە بپێوین، ئەگەر پێ بەپێ لەگەڵ ڕاسپاردەکانی پێشەواکەماندا هەنگاومان ناوە ئەوا پێویستە بەردەوام بین ئەگەر لەواقیعیشدا پێچەوانەکەی هەبوو دەبێت ئاوڕێک لە ژیانمان بدەینەوە بۆ ئەوەی ژینی پەستی و تاریکمان بگۆڕین بۆ ئارامی و گوڵستان و گەیشتن بە بەختەوەری ڕاستەقینە .

لەکۆتایدا : زۆر گرنگە بیرکردنەوە و ژیانکردنمان بە ژیانی مرۆڤانێک بەراورد بکەین کە دڵنیابین لە دانایی و سەرکەوتنیان تاوەکو بەجۆرێک لە جۆرەکان بەشێک لە شانازی و سەرکەوتنەکانیان بەئێمە و ژیانمان ببڕێت نەوەک بەپێچەوانەوە ببینە بەشێک لە کۆپیکاری ژیانی شکستە بەشەکان، کەواتە باشتر ببینەو دروستتر بڕیاربدە چونکە هەلی ژیان کردن تەنها یەکجار بەمرۆڤ دەبەخشرێت و قەرەبوکردنەوەی هەڵەکان ئەستەم و پڕ ئازار دەبن لە داهاتووتدا.

نوسین ( دیار بەکر ).
1289 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
8/24/2021 8:36:17 AM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.