گشتی
چۆن مامەڵە لەگەڵ قورئاندا بکەین...؟؟؟
چۆن مامەڵە لەگەڵ قورئاندا بکەین...؟؟؟

ئامانجی سەرەکی لە هاتنە خوارەوەی قورئان وردبونەوەو ڕامانە لەناوەڕۆکی ئایەتەکان و کارپێکردنیەتی و بڕوا پێ بوون و هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی تەواوی یاساکانیەتی بەسەر خۆمان و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئەو قورئانە بەسەر ژیانی تاک وکۆمەڵدا....
بەڵێ خوێندن و فێربون ولەبەرکردن و گوێگرتن لە قورئان زۆر گرنگ و گەورەیە، بەڵام دەبێ لەبیرمان نەچێ گرنگتر لەوە حاڵی بوون وتێگەیشتن و ژیان کردنە بەپێی ئەو قورئانە....
بەڵێ: ئەوکەسەی بەنیازی شەفاعەتی قورئانە و دەیەوێ قورئان دەستی بگرێ بۆ بەهەشت و بە پلیکانە و کۆشک و تەلاری بەهەشت بەرزی بکاتەوە، دەبێ لەو دونیایە خۆی قورئانێکی زیندووی سەر زەوی بێ و ژیان و هەڵسوکەوت و مامەڵەی لەگەڵ دەوروبەرو کڕین وفرۆشتن وخواردن وخواردنەوەو حوکم وحوکمڕانی بەپێی ئەو قورئانە بێت..
 عبداللەی کوڕی عمر "خوا لێی ڕازی بێت" دەڵێ:
ئێمە کەقورئان دەهاتە خوارێ ئیمانمان پێی دێنا پێش ئەوەی فێری ببین، کە سوڕەتێک دادەبەزی فێری حەڵاڵ وحەرام و ئەمرو نەهی دەبوین و بیرمان لێ دەکردەوە ئەوجار خۆمان فێری دەکرد، کەچی ئێستا کەسانێک دەبینم لە فاتیحەوە تاکۆتایی قورئان دەخوێنن بەڵام لە حەڵاڵ وحەرامی و ئەمر و نەهی تێنەگەیشوون.....
بەڕێزان: فێربونی قورئان و لەبەرکردن و گوێگرتن زۆر گرنگ و پیرۆزن بەڵام دەبێ بزانین ئەوە هەنگاوی یەکەمە..
وەرن با چۆن هەوڵی فێربوون دەدەین ئەوەندەش هەوڵی تێگەیشتن بدەین...
چەندەی لەبەردەکەین با ئەوەندەش کاری پێ بکەین..
چەندە گوێی بۆدەگرین و دەیخوێنینەوە با ئەوەندەش هەوڵ بدەین بیکەینە بەرنامەی ژیانی دونیای خۆمان و دەوروبەرمان..
سوپاس بۆخوا قورئان خوێنەکان زۆرینەیان نموونەن بەڵام ئێستاش ماویەتی تەواو لێی حاڵی ببین دەریایەکی قوڵەو پشوو درێژی دەوێ، ئەوەی کەوتۆتە ناو دەریای قورئان دەبێ شوکری خوا بکات و هەوڵ بدات باشترین مەلەوانی ئەو دەریایە بێت..

 ئا:طاهر عثمان وەرتی
643 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
1/28/2022 5:29:08 PM

© Copyright 2022 All Rights Reserved.